رووداو دیجیتاڵ
چەندین پەرلەمانتاری فەرەنسا، ئاشکرایانکرد لەکاتی گفتوگۆکردن لەبارەی کارتی تایبەت بە وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا، کە لەوانەیە ببێتە هۆکاری بێبەشکردنی ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، لە بەشێکی زۆری ژیانی گشتی، هەڕەشەی کوشتنیان لێکراوە.
حکومەتی فەرەنسا کاردەکات بۆ دەرکردنی یاسایەکی نوێ، کە تێیدا داوا لە خەڵک دەکات، بۆ چوونە نێو شوێنە گشتییەکان و هۆکارەکانی گواستنەوە، کارتی تایبەت بە وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا پێشان بدەن.
پێشبینیدەکرێت پڕۆژە بڕیارەکەی حکومەت لەلایەن پەرلەمانی فەرەنساوە ئەم هەفتەیە پەسند بکرێت، بەڵام پڕۆژەبڕیارەکە، تووڕەیی دژانی پێدانی ڤاکسینی وروژاندووە.
فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەی یەکێتیی ئەوروپا کە بەرزترین رێژەی پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنای تۆمارکردووە. حکومەتی فەرەنسا دەڵێت 91٪ی فەرەنسییە پێگەیشتووەکان، دوو ڤاکسینیان پێدراوە.
ئانیس فیرمان لو بۆدۆ، پەرلەمانتاری پارتی 'ئاگیر' کە سەر بەبەرەی راستی ناوەندە، ئیمێلێکی بڵاوکردەوە کە پێیگەیشتووە و تێیدا هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە، بەهۆی پشتگیریکردنی پڕۆژەیاسا نوێیەکە.
لو بۆدۆ، کە خۆی دەرمانسازە و ڤاکسین دەداتە هاووڵاتییانی فەرەنسا، دەڵێت: "دیموکراسییەتەکەمان لە مەترسیدایە". ئەو دواتر لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی، لە پێدانی ڤاکسین و پشتگیریکردنی پڕۆژەیاسا نوێیەکە پاشگەز نابێتەوە و سکاڵای لای پۆلیس تۆمارکردووە.
هاوکات، نیعمە مۆچۆ، کە ئەندامی پارتی 'ئافاق'ە، لە تویتێکدا ئاشکرایکردووە، لە رێگەی ئیمێلەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە .
جیرالد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، هەفتەی پێشوو ئاشکرایکرد، پۆلیس رێوشوێنەکانی بۆ پاراستنی گیانی ئەو پەرلەمانتارانە تووند دەکاتەوە، کە بەهۆی پشتگیریکردنی کارتی ڤاکسینەوە، هەڕەشەیان لەسەرە.
ئۆپۆزیسیۆنی فەرەنسا، دەسەڵاتداران بە پێشێلکردنی ئازادییەکان لە رێگەی سەپاندنی رێوشوێنەکانی دژ بە کۆڤید 19 تۆمەتبار دەکەن. چەندینجاریش بۆ دەربڕینی ناڕەزایی، خۆپێشاندانیان کردووە.
هەرچەندە فەرەنسا کار بە پێشاندانی ئەنجامی نێگەتیڤی پشکنینی کۆرۆنا دەکات، بۆ رێگەدان بەچوونە ژوورەوە خەڵک بۆ شوێنە گشتییەکان، بەڵام حکومەت لە پڕۆژەیاساکەیدا، هەبوونی کارتی تایبەت بە وەرگرتنی قورچکەکانی ڤاکسینی کردووەتە مەرج بۆ ئەوەی رێگەی بە هاووڵاتییان بدرێت بچنە نێو شوێنە گشتییەکانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ