لە مۆسکۆ پێشانگەیەک بۆ نمایشکردنی رۆبۆت کراوەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، پێشانگەیەک بۆ نمایشکردنی رۆبۆت کراوەتەوە. سەردانیکەران دەتوانن بەپێی حەزی خۆیان داوای رۆبۆت بکەن. هەروەها ئامانج لە پێشانگەکە ئەوەیە ئەو قوتابیانەی کە دەیانەوێت لە داهاتوودا ببنە ئەندازیار لەبواری رۆبۆت شارەزاییان هەبێت و بزانن لەو بوارە چ دەستکەوتێک بەدیهاتووە.
 
ئەلێکسی مێلکۆڤ، سەرۆکی تیمی دروستکەری رۆبۆت لە رووسیا گوتی: "هەوڵدەدەین دڵنیابینەوە لەوەی منداڵەکان هیچ پرسیارێکیان نەمێنێت لەوەی رۆبۆت چییە و کەی بەکاردێت و چۆن دەتوانێت یارمەتیان بدات لە ژیانی رۆژانە و کەیفخۆشییان پێبدات". 
 
لەم پێشانگەیەدا رۆبۆتی جیاواز هەن، هەیانە بۆ پیشەسازیی دروستکران، هەیانە هاوشێوەی ئاژەڵانن و هەندێکیشیان وەک مرۆڤ قسەدەکەن و شیعر و گۆرانی دەڵێن. 
 
ئەو رۆبۆتە ناوی سێسپیانە بە واتەی ئەکتەر. سێسپیان دەتوانێت نمایشی سینەمایی بکات، شیعر بخوێنێتەوە، چیرۆکی گاڵتەئامێز بگێڕێتەوە، وەڵامی پرسیاریش دەداتەوە ئەگەر ئاراستەی بکرێت، دەشتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ سەردانیکەراندا بکات. 
 
فیۆدۆر ڤاجین، سەردانیکەرێکی پێشانگەکە دەڵێت: "رۆبۆت وا دروستدەکرێت کە هەندێ فرمان جێبەجێبکەن، بۆ نموونە لەجیاتی من قاپەکان بشۆن تۆش پێبکەنی و تەواو کەیفت خۆشبێت"
 
لە پێشانگەکەدا 40 رۆبۆت لە وڵاتانی بەریتانیا، کۆریای باشوور، چین و ژاپۆن هاوردەکراون. سەردانیکەران دەشتوانن بیانکڕن یان بەپێی حەزی خۆیان داوای رۆبۆت بکەن.