کۆریای باشوور باری نائاسایی لە وڵاتەکە هەڵگرت
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی سەرۆکی کۆریای باشوور رایگەیاند، پابەندی بڕیاری پەرلەمان دەبێت و لە کۆبوونەوەی کابینەکەیدا بڕیاری باری نائاسایی هەڵدەگرێت. کابینەی حکومەتی وڵاتەکە بڕیارەکەی پەسند کرد.
ئێوارەی سێشەممە، یوون سووک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور باری لەناکاوی لە وڵاتەکە راگەیاند و دەسەڵاتی سەربازی خستەکار، بەوەش سەرجەم چالاکییە سیاسییەکانی وڵاتەکەی قەدەخە کرد.
بڕیارەکە ناڕەزایی لێکەوتەوە، ئەندامانی پەرلەمان لە باڵەخانەی پەرلەمان کۆبوونەوە و هەنگاوەکەی سەرۆکیان رەتکردەوە.
لەکاتی راگەیاندنی بڕیارەکە، سەرۆکی کۆریای باشوور لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تۆمەتبار کرد بەوەی دەیانەوێت کودەتا بکەن و پشتگریی کۆریای باکوور دەکەن.
بەگوێرەی یاساکە، دەبێت "هەموو چالاکییە سیاسییەکان، لەنێویاندا ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەنجوومەنی نێوخۆ، پارتە سیاسییەکان و دامەزراوە سیاسییەکان قەدەخەن". هەروەها دەبێت هەموو میدیا و بڵاوکراوەکان لەژێر کۆنترۆڵی سەربازیی وڵاتەکەدا بن.
دوای بڕیارەکە خەڵکێکی زۆر رژانە سەر شەقامەکان و پێکدادان لەنێوان پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان روویدا. بەشێکی زۆری خەڵکیش لەبەردەم بینای پەرلەمان گردبوونەوە.
هێزێکی تایبەتی سوپای وڵاتەکە رەوانەی باڵەخانەی پەرلەمان کران لە شاری سیئۆلی پایتەخت. ئەمە جگە لەوەی هێزێکی زۆری پۆلیسیش لە چواردەوری پەرلەمان بڵاوەیان پێکراوە و رووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەتەوە. هێلیکۆپتەری سەربازیش لە سەربانی باڵەخانەی پەرلەمان جێگیر کراوە.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دۆخی کۆریای باشوور، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەی بایدن لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن.
ئێستا کە سەرۆک لە بڕیارەکەی پەشیمان بووەتەوە، هێزەکان کشاونەتەوە و رایان گەیاندووە، بەپێی فەرمانەکانی یاساکە کار ناکەن، بەڵام بەشێک لە خۆپێشاندەران باوەڕی تەواویان بە کۆتاییهاتنی دۆخەکە نییە و لە بەردەم باڵەخانەی پەرلەمان ماونەتەوە.