رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی جیهانیی نڤیشکاندا نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، لە کۆی هەشت ملیار دانیشتووی زەوی، 1.3 ملیار کەسیان نڤیشکانن.
رۆژی 3ـی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک بە رۆژی کەسانی نڤیشکان لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دیاریکراوە. لەو رۆژەدا ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری لەبارەی دۆخی نڤیشکانەکان بڵاودەکەنەوە.
لە راپۆرتی ئەمساڵی رێکخراوی تەندروستیی جیهانییدا کە سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانە، هاتووە: "ژمارەیەکی زۆری خەڵکی نڤیشکان زووتر دەمرن؛ بەشێکیان 20 ساڵ زووتر لە خەڵکی ئاسایی دەمرن و مەترسیی بەرکەوتنیان بە نەخۆشی زیاترە".
راپۆرتەکەی تەندروستیی جیهانی هۆکاری مردنی پێشوەختەی نڤیشکان بۆ خراپیی کوالێتیی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "تووشبوون بە نەخۆشییەکانی وەک سیل، شەکرە، جەڵتەی مێشک، نەخۆشیی گوازراوە لە رێگەی سێکس و کێشەی دڵ و خوێنبەرەکان لەنێو کەسانی نڤیشکاندا زیاترە".
لەوبارەیەوە، تێدرۆس ئەدهانەم گابرەیسوس، بەڕێوبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: "سیستمە تەندروستییەکان دەبێت ئاڵنگارییەکان کەمبکەنەوە کە کەسانی نڤیشکان رووبەڕوویان دەبنەوە، نەک زیاتریان بکەن". دەشڵێت، راپۆرتەکەیان تیشک دەخاتە سەر ئەو "نایەکسانییەی" کە نڤیشکانەکان لە کاتی هەوڵدان بۆ دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان رووبەڕوویان دەبنەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە کۆی هەشت ملیار مرۆڤی سەر زەوی، 1.3 ملیار کەسیان نڤیشکانن کە ئەوەش دەکاتە 16٪ـی کۆی دانیشتووانی زەوی. بە واتایەکی دیکە، لە هەر شەش کەس، کەسێکیان لە جیهاندا نڤیشکانە.
ئەو وڵاتانەی زۆرترین رێژەی نڤیشکانیان هەیە
- ئەمریکا: 61 ملیۆن کەس – %26ـی کۆی دانیشتووان
- بەریتانیا: 14.6 ملیۆن کەس – %21.7ـی کۆی دانیشتووان
- فەرەنسا: 12 ملیۆن کەس - %17.8ـی کۆی دانیشتووان
- ئوسترالیا: 4.4 ملیۆن کەس – %18ـی کۆی دانیشتووان
- یەمەن: 4 ملیۆن کەس – %13.1ـی کۆی دانیشتووان
- هیندستان: 13.4 ملیۆن کەس – %2.2ـی کۆی دانیشتووان
- ئەفریقا بە گشتی: 60-80 ملیۆن کەس – %5.6ـی کۆی دانیشتووان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ