رووداو دیجیتاڵ
بەفیڕۆدانی خۆراک کێشەیەکی جیهانییە کە زەوی بەدەستیەوە دەناڵێنێت. ئەوەش بە زۆری لە ئەنجامی زیادەڕۆیی روودەدات. بەگوێرەی پرۆگرامی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵانە بایی زیاتر لە یەک ترلیۆن دۆلار خۆراک فڕێدەدرێت. دەشڵێت، پاشماوەی خۆراک هۆکاری دەردانی 8 تاوەکو 10٪ی گازە گەرمکەرەکانی جیهانە.
ئەو خۆراکەی فڕێدەدرێت، یەکسانە بە بەرهەمی 30٪ی کێڵگەکانی هەموو جیهان. ئەوە لەکاتێکدایە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، 783 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهان بە دەست برسێتییەوە دەناڵێنن.
هاوکات، بەگوێرەی پرۆگرامی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 150 ملیۆن منداڵی تەمەن خوار 5 ساڵان بەهۆی بەدخۆراکییەوە بەدەست وەستانی گەشەی جەستەیانەوە دەناڵێنن.
لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان ساڵانە هەر کەسێک 81 کیلۆگرام خواردن فڕێدەدات و لە وڵاتە داهات مامناوەندەکان هەر کەسێک ساڵانە 88 کیلۆگرام خۆراک فڕێدەدات. هەرچی وڵاتە هەژارەکانە، ساڵانە هەر کەسێک 86 کیلۆگرام خۆراک فڕێدەدات.
رۆژانە ملیارێک تۆن خۆراک فڕێدەدرێت
ساڵانە مرۆڤایەتی 2.24 ملیار تۆن خاشاکی رەق فڕێدەداتە نێو ژینگە کە تەنیا 55٪ـی ئەو خاشاکە رەقە ریسایکل دەکرێت. ساڵانەش لە جیهاندا زیاتر 931 ملیۆن تۆن خۆراک بەفیڕۆدەچێ یان فڕێدەدەرێت، 14 ملیۆن خاشاکی فڕێدراو پلاستیکە.
پڕۆگرامی ژینگەی جیهانی لە نوێترین راپۆرتیدا ئاماژە بەوە دەکات، سەرەڕای ئەوەی 783 ملیۆن کەس لە جیهاندا رووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە، رۆژانە یەک ملیار ژەم خۆراک لە تەواوی جیهاندا بەفیڕۆ دەدرێت.
لە راپۆرتەی پڕۆگرامی ژینگەی جیهاندا هاتووە: "لە 2022ـدا 1.05 ملیار تۆن خۆراک لە جیهان دا بەفیڕۆ دراوە، واتە تێکڕا هەر کەسێک لەو ساڵەدا 130 کیلۆ خۆراکی بەفیڕۆ داوە، ئەوەش دەکاتە یەک لەسەر پێنجی ئەو خۆراکەی کە هەیە."
ئیگنەر ئەندێرسن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی دەڵێت: "بەفیڕۆدانی خۆراک تراژیدیایەکی جیهانییە. ئەمڕۆ ملیۆنان کەس لە جیهان دا برسین و خۆراکیش لە تەواوی جیهان دا بەفیڕۆ دەدرێت".
بەگوێرەی ئەو بەدواداچوونەی پرۆگرامی ژینگەی جیهانی کردوویەتی، "لەو وڵاتانەی کە پلەی گەرما تێیاندا بەرزە، بەفیڕۆدانی خۆراکیش بەرزە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو وڵاتانە زیاتر خواردنی تازە ئامادە دەکەن و دواتریش ئەو خۆراکانە ناتوانرێت بۆ ماوەیەکی زۆر هەڵبگیرێن".
پرۆگرامی ژینگەی جیهانی، خێزانەکان بە بەرپرسیاری یەکەم لە فڕێدانی خۆراک دەزانێت و ئاماژە بەوە دەکات، لەو یەک ملیار تۆن خۆراکەی کە لە ساڵی 2022 دا بەفیڕۆ دراوە، 631 ملیۆن تۆنی لە لایەن خێزانەکانەوە بووە، 290 ملیۆن تۆنی لە کۆمپانیاکانی خۆراک و 131 ملیۆن تۆنیشی لە خواردنگەکان بەفیڕۆ دراوە.
دانیشتوانی شار و گوندەکان لە بەفیڕۆدانی خۆراکدا جیاوازییان هەیە.
بە گوێرەی پڕۆگرامی ژینگەی جیهانی، لەو وڵاتانەی کە داهاتییان مامناوەندە، ئەو کەسانەی کە لە ناوچە گوندنشینەکان دەژین زیاتر لەوانەی کە لە شارەکان دەژین خۆراک بەفیڕۆ دەدەن.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2030 پلانیان وایە بڕی ئەو خۆراکەی کە لە جیهاندا بەفیڕۆ دەدرێت بۆ نیوە کەمبکرێتەوە.
لەنێو وڵاتانی گرووپی G20 تەنیا چوار وڵات تاوەکو ئێستا پابەندی پلانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراک بوون، ئەوانیش ئوسترالیا، بەریتانیا، ژاپۆن و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوون.
عێراق شەشەمی جیهانە لە فڕێدانی خۆراک
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی دەکات، ساڵانە هەر کەسێک لە جیهاندا 79 کیلۆ خۆراک بەفیڕۆ دەدات.
لەبارەی بڕی ئەو خۆراکەی لە عێراقدا بەفیڕۆ دەدرێت، نەتەوە یەکگرتووەکان بەپشتبەستن بە چەند توێژینەوەیەک ئەوەی بۆ دەرکەوتووە کە هەرکەسێک ساڵانە لە عێراق لەنێوان 85 تاوەکو 190 کیلۆ خۆراک بەفیڕۆ دەدات.'
نایجیریا لە جیهاندا لە پلەی یەکەم دێت و هەر تاکێک ساڵانە 189 کیلۆگرام خۆراک فڕێ دەدات ، پاشان رووسیا لە پلەی دووەم بە 164 کیلۆ و یۆنان بە 142 کیلۆ و بەحرێن بە 132 و ماڵتا بە 129 و لەدوای ئەوانیش عێراق بە 120 کیلۆ لە پلەی شەشەم دێت، عێراق تەنانەت پێش تەنزانیا و سعودیە و لوبنان و یەمەن و سووریا و کۆنگۆشە لە بەفیڕۆدانی خۆراک .
پاشماوەی خۆراک یەکێکە لەو کێشانەی کە زیانی ئابووری و ژینگەییشی هەیە.
وڵاتان بە رێگەی جیاجیا هەوڵی بەکارهێناوەی ئەو پاشماوانە دەدەن بۆ ئەوەی سوودێکی ئابووریی لێ ببینن و نەهێڵن زیان بە ژینگە بگەیێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ