نێچیرڤان بارزانی: فەرەنسا لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە یارمەتیدەری سەرەکیی عێراق و هەرێمی کوردستان بووە

03-11-2023
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە کۆشکی ئێلیزێ و لە پاریس، سەرۆکی فەرەنسا بە گەرمی پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد. پێش کۆبوونەوەیان، نێردراوی رووداو بۆ پاریس لەبارەی گرنگیی کۆبوونەوەکە پرسیاری لە ماکرۆن کرد و ئەویش لە وەڵامدا گوتی، کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگیان دەبێت، چونکە فەرەنسا زۆر پەیوەستە بە سەقامگیری و سەروەریی عێراقەوە.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دوور لە چاوی میدیاکان، کاژێرێک کۆبوونەوە. لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کێشەکانی هەولێر و بەغدا و چەند بابەتێکی دیکەیش بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە گوتی، "ئەمڕۆ لەگەڵ جەنابی سەرۆک ماکرۆن کۆبوونەوەیەکی باشمان هەبوو؛ باسمان لە کۆمەڵێک بابەت کرد، لەوانە برەودان بە پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرەنسا. هەروەکو ئاگادارن، فەرەنسا رێککەوتنێکی ستراتیجی لەگەڵ عێراق هەیە. ئێمە لەم کۆبوونەوەیەماندا پێداگریمان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە بە زووترین کات هەردوولا پابەندبین بەو رێککەوتنە ستراتیجییەوە."
 
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی، "هەروەکو دەزانن فەرەنسا دەورێکی گرنگی هەبووە؛ فەرەنسا یارمەتیدەرێکی سەرەکیی عێراق بووە لە بواری سیاسی و سەربازییەوە؛ لە شەڕی داعش و لە هەموو ئەو وێستگانەی لە رووی سیاسییەوە پێویست بووە، پاڵپشتی و پشتگیرییەکی تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردووە. ئێمە لەم کۆبوونەوەیەدا سوپاسی سەرۆک ماکرۆنمان کرد."
 
جگە لە پەیوەندیی دۆستانەی هەردوو سەرۆک و پێگەی گرنگی هەرێمی کوردستان، رۆڵی نێچیرڤان بازرانی، کاریگەری و پەیوەندیی بەرفراوانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و وڵاتانی دەورووبەر، بووە هۆکار تاوەکو ماکرۆن بە بانگهێشتێکردنێکی فەرمی، جگە لە پرسەکانی پەیوەندیدار بە عێراق و هەرێمی کوردستان، شەڕی ئیسرائیل و حەماس و دۆخى سوورياشی لەگەڵ تاوتوێ بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە