ئەو سێ بەربژێرەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە کەس ناویان ناهێنێت

03-11-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ سەرنجی جیهان دەچێتە سەر دەنگدانی گشتیی ئەمریکا، بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ چوار ساڵی داهاتوو. رکابەری گەیشتن بەکۆشکی سپی، بەپلەی یەکەم لە نێوان جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکاندایە، بەڵام پسوولەی دەنگدانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لەپاڵ بایدن و ترەمپدا، سێ کەسایەتیی دیکەی تێدایە، کە ئەوانیش بەربژێرن بۆ هەمان پۆست، بەڵام کەس نایانناسێت و ناویان ناهێنێت.
 
ئەو سێ کەسەی دیکە، کە لەسەر هەمان پۆست رکابەری دەکەن، هەریەکەیان پسپۆریەتی و کارنامەیەکی جیاوازی بۆ سەرۆکایەتی وڵات هەیە، نوێنەرایەتی سێ پارتی جیاوازی ئەمریکا دەکەن، ئەو سێ کەسە پێکهاتوون لە:
 
جۆ جۆرجینسن
 
تەمەنی 63 ساڵە، بەربژێری پارتی ئازادیخوازی ئەمریکییە، چالاکڤانێکی سیاسیی لیبراڵە، ئەو لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە 1996 بەربژێری پارتەکەی بوو بۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا. ئەمجارە جۆرجینسن، خۆی بەربژێرە بۆ پۆستی سەرۆک و لەگەڵیدا جیریمی کوهین، بەربژێرە بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا.
 
جۆ لە ئایاری رابردوودا خۆبەربژێرکردنی بۆ پۆستەکە لە کۆنگرەی حیزبەکەیدا راگەیاند، بەوەش بووە یەکەم بەربژێری ئافرەتی پارتی ئازادیخوازی ئەمریکا کە پارتێکی کۆنسەرڤاتیڤە، بۆ ئەو پۆستە.
 
پارتی ئازادیخوازی ئەمریکا، پارتێکی پارێزگارە، وەک پارتێکی کولتووری تەماشا دەکرێت، لە پرەنسیپەکانیدا پشت بە پەسندکردنی ئازادییە سڤیلەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبەستێت، دەیەوێ دەسەڵات و سنوورەکانی حکومەت کەمبکاتەوە، لە ئابووریدا داوای سەرمایەداری لەسەر بنەمای دەستتێوەرنەدان، دەکات.
 
ئەو پارتە لە ئابی 1971دا دروستبووە، ئەمەش پاش زنجیرەیەک کۆبوونەوە، لە ماڵی داڤید نۆلان لە ویستمنستەری کۆلۆرادۆ. بەفەرمی ئەو پارتە لە 11ی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵدا دامەزرا.
 
جۆ جۆرجینسن، دکتۆرای لە دەروونزانیدا هەیە، باکگراوندی بزنس و بازاڕگەری هەیە، پێشتر لەناوچەی چوارەمی ویلایەتی ساوس کارۆلاینا لە ساڵی 1992 بۆ ئەندامیێتی کۆنگرێس بەربژێر بووە. 
 
لە وتە بەناوبانگەکانی، "دەسەڵاتە گەورەکانی حکومەت کێشەی دروستکردووە، وەک قەرزی نیشتمانی کە گەیشتووەتە 26 تریلیۆن دۆلار و جەنگ و تێچووی گرانبەهای چاودێری تەندروستی و زیاتر لەوەش". ئەو بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، بەپێویستی دەزانێت دەسەڵاتەکانی حکومەت سنوودار و بچووکتر بێت.
 
هاوی گریشام هۆکینز
 
تەمەنی 68 ساڵە، بەربژێری پارتی سەوزە لەم هەڵبژاردنەدا، سەرۆکی ئەو پارتەیە کە ساڵی 2001 لەسەردەستی خۆی دامەزراوە. جێگری ئەو بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ئانگێلا نیکۆلە، چالاکڤانی کرێکاری.
 
هۆکینز لە حوزەیرانی رابردوودا بووە نوێنەری حیزبەکەی، بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وڵات، دوای ئەوەی دەنگی زیاتر لە 176 نوێنەری لە کۆنگرەکانی پارتی سەوز و هەڵبژاردنە بەراییەکانی پارتەکەدا بەدەستهێنا.
 
هۆکینز، ساڵانی 2010، 2014 و 2018 خۆی بۆ پۆستی حاکمی ویلایەتی نیویۆرک بەربژێرکردووە. یەکێکە لە جەنگاوەرە دێرینەکانی دەریاوانیی ئەمریکا و لە جەنگی ڤێتنامدا شەڕی کردووە، ئەو یەکەم بەربژێربوو داوای دەستەوارەیەکی نوێی سەوزی بۆ ئەمریکا کرد.
 
پارتی سەوز، بە پارتێکی چەپ دادەنرێت، پێکهاتووە لەیەکێتیی پارتە سەوزەکانی سیاسەت لە ئەمریکادا. ئەو پارتە دەڵێت کار دەکات بۆ پاراستنی ژینگە و ناتووندوتیژی، دادوەریی کۆمەڵایەتی، دیموکراتییەتی هاوبەش، یەکسانیی جێندەر، مافی هاوڕەگەزخوازەکان، بزووتنەوەی دژە جەنگ و لەناوبردنی رەگەزپەرستی، هەروەها ژینگەی سۆسیالیستی.
 
جیرۆم سیگال
 
تەمەنی 77 ساڵە، بەربژێری پارتی 'نان و گوڵ'ە، کە پارتێکی سیاسی سۆسیالیستییە و ساڵی 2018 دوای کۆکردنەوەی 10 هەزار واژۆ بۆ دروستکردنی ئەو پارتە، لە ئەنجوومەنی هەڵبژاردنەکانی ویلایەتی میریلاند بۆ دروستکردنی پارتێکی نوێ، مۆڵەتی کارکردنی وەرگرت. ناوی پارتەکە بەگەڕانەوە بۆ دروشمێکی کرێکارانی مانگرتوو، لە کاتی مانگرتنی کرێکارانی رستن لە ساڵی 1912 هەڵهێنجراوە. 
 
پارتەکە داوای سۆسیالیستی و پرەنسیپەکانی دیموکراسیەت و دەسەڵاتی سنووردار دەکات، لەگەڵ ئازادییە تاکەکەسییەکان و سەروەریی یاسا.
 
لە ئابی 2019دا، سیگال ئاشکرایکرد خۆی بۆ نوێنەرایەتیکردنی پارتی 'نان و گوڵ' بەربژێر دەکات. ئەوەشی ئاشکرا کرد لە ویلایەتە دوودڵەکاندا خۆی ناپاڵێوێت، تاوەکو دەنگی بەربژێری دیموکراتەکان لە بەرامبەر ترەمپدا، بۆ خۆی نەبات.
 
سیگاڵ فەیلەسووفێکی ئەمریکییە، چالاکڤانێکی سیاسییە لە شاری سیلڤەر سپرینگ لە ویلایەتی میریلاند. وەک توێژەر لە زانکۆی مێریلاند کاردەکات، سەرۆکی لۆبی ئاشتیی جووە. لە هەڵبژاردنەکانی 2018دا لەسەر پارتی دیموکرات، بەربژێر بوو. لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی ئەنجوومەنی پیران. بۆ هەمان پۆست لە ئابی 2019دا خۆی بەربژێر کردەوە.
 
ماڵباتەکەی سیگاڵ لە پۆڵەنداوە هاتوونەتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لە شاری نیویۆرک گیرساونەتەوە.
 
سیگاڵ خوێندنی دواناوەندی و زانکۆی لەهەمان شاردا تەواوکردووە و ماستەری لە فەلسەفەی ئابووریدا بەدەستهێناوە، خەڵاتی 'بریتن'ی بۆ ئابووری ئاکار بەدەستهێناوە. لە زانکۆکانی میشیگان و بێنسلڤانیا، دکتۆرای لە فەلسەفەدا بەدەستهێناوە.
 
ساڵی 1974 یاریدەدەری دۆناڵد فریزەری کۆنگرێسمان بووە و بەڕێوەبەری تیمی لیژنەی بودجەی ئەنجوومەنی نوێنەران بووە، دواتر بووەتە هاوئاهەنگیکاری رۆژهەڵاتی دوور لە نووسینگەی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە 'ئاژانسی گەشەی نێودەوڵەتی' و پاشان روویکردووەتە وانەبێژی لە زانکۆی میریلاند.
 
سیگال سەرکردەی بزووتنەوەی ئاشتیی جووە لە ئەمریکا، ئەو رێکخراوە کاردەکات لەپێناو بەدەستهێنانی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستیندا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە