لە سێ ویلایەتی یەکلاکەرەوە ترەمپ و بایدن بە پۆینت لە پێش یەکدییەوەن

رۆژی 3ـی تشرینی یەکەمی 2020 هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەستیانپێکردن، ئێستا کە دەنگەکانی زۆربەی ویلایەتەکان جیاکراونەتەوە، جۆ بایدن لەپێش دۆناڵد ترەمپەوەیە و دەڵێت، "دڵنیاین سەرکەوتوو دەبین". دۆناڵد ترەمپیش لە تویتەرەکەی خۆیەوە داوا دەکات ژماردنی دەنگەکان بوەستێندرێت.

03-11-2020

23:42

تیمی بایدن دەستی بە کاروباری گواستنەوەی دەسەڵات کردووە

تیمی بایدن دەستی بە کاروباری گواستنەوەی دەسەڵات کردووە
 
 
بە گوێرەی میدیای ئەمریکی، تەنانەت پێش راگەیاندنی جۆ بایدن وەکو سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، راوێژکارەکانی دەستیان بە کاروباری گواستنەوەی دەسەڵات کردووە و لەسەر بەربژێرەکانی پۆستەکانی نێو کۆشکی سپی و ئاژانسە فیدراڵییەکان کۆبوونەوە دەکەن. 
 
چاوەڕێ دەکرێت جۆ بایدن نزیک جەژنی سوپاسگوزاری کە دەکاتە 26ی تشرینی دووەم، ناوی بەربژێرەکانی بۆ پۆستە گرنگەکانی نێو کابینەکەی ئاشکرا بکات. 
 
پێش ئەوەی سەرکەوتنی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رابگەیێنرێت، لە گوتارێکیدا بەرەبەیانی رۆژی شەممە (شەوی هەینی بەکاتی واشنتن دی سی) جۆ بایدن ئاماژەی بەوە کرد کە تیمەکەی هەر لەو کاتەوە کەوتوونەتە کارکردن. 
 
بایدن گوتی، "لە کاتێکدا کە ئێمە چاوەڕێی ئەنجامەکانی کۆتایی دەکەین، دەمەوێت هەمووان بزانن ئێمە چاوەڕێی بەجێگەیاندنی کارەکەمان ناکەین."
 
تیمی بایدن بۆ گواستەنەوەی دەسەڵات لەلایەن "تێد کۆفمان‌"ـەوە سەرکردایەتی دەکرێت.
 
کۆفمان پێشتر راوێژکاری بایدن بووە لە ماوەی کارکردنی وەکو جێگری سەرۆک، هەروەها سەرۆکی ستافی ئەنجوومەنی پیران بووە. 
 
لە ئامادەکردنی ئیدارەی جۆ بایدندا راوێژکارەکانی سەرنجیان لەسەر ئەوەیە سەرەتا پۆستە تەندروستییە سەرەکییەکان و پۆستەکانی نێو کۆشکی سپی پڕبکەنەوە، ئەوەش بە مەبستی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. 
 
میدیای ئەمریکی دەڵێت، گرووپێک لە شارەزایانی تەندروستی و تەکنەلۆجی پێکهێنراوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی بەردەستکردن و دابەشکردنی ڤاکسین بکەن و کار لەسەر پرسە تەندروستییەکانی دیکەش بکەن. 
 
ڤیڤیک مێرتی کە لە ماوەی ئیدارەی باراک ئۆبامادا سەرۆکی ئۆپەراسیۆنەکانی فەرمانگەی تەندروستیی گشتیی بووە، یەکێکە لەوانەی باس لە بەربژێرکردنی دەکرێت بۆ وەرگرتنی پۆستێکی باڵای تەندروستی لە ئیدارەی بایدندا. 
 
مێرتی لە چەند مانگی رابردوودا بە شێوەیەکی داخراو لەسەر پەتای کۆرۆنا راپۆرتی بە جۆ بایدن داوە.
 
میدیای ئەمریکی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بایدن بە نیازە سەرەتا کارمەندەکانی کۆشکی سپی دابمەزرێنێت. 
 
رۆن کلەین کە بەرپرسی نووسینگەی جۆ بایدن بووە لە ماوەی کارکردنی لە پۆستی جێگری سەرۆکدا و هەروەها سەرۆکی تیمی رووبەڕووبوونەوەی ئیبۆلا بووە لە ئیدارەی باراک ئۆبامادا، ئێستا یەکێکە لەوانەی کە ئەگەری بەهێز هەیە بکرێتە بەرپرسی نووسینگەی جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا. 
 
هەروەها تۆنی بلینکن یەکێک لەو کەسانەیە کە سەرنجێکی زۆری لەسەرە. ئەو لە دووەمین خولی سەرۆکایەتیی باراک ئۆبامادا جێگری وەزیری دەرەوە بوو و ئێستاش لەلایەن تیمی بایدنەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت کە بکرێتە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا یان بکرێتە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی. 
 
بەرپرسێکی ئاگادار لە بابەتەکە لەو بارەوە رایگەیاند، "بلینکن یان دەبێتە وەزیری دەرەوە یان دەبێتە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی."
 
هەروەها باس لەوە دەکرێت سیناتۆر ئیلیزابێس وارێن بکرێتە وەزیری گەنجینەی ئەمریکا. 
 
تیمی بایدن لە مانگی ئایارەوە دەستیان بە کۆکردنەوەی کۆمەکی دارایی کردووە بۆ قۆناخی گواستنەوەی دەسەڵات و تا ئێستا بە لای کەمەوە حەوت ملیۆن دۆلاریان کۆکردووەتەوە.
 
ئەو بڕە پارەیە وەکو مووچە بە تیمی گواستنەوەی دەسەڵات و بەربژێرەکان دەدرێت تاوەکو پەسەند دەکرێن. 
 
تیمەکە پێکدێت لە شارەزایانی یاسایی کە بەرپرسن لە هەڵبژاردن و پەسندکردنی ئەو کەسانەی کە سەرۆکی هەڵبژێردراو بۆ پۆستە گرنگەکانی وڵات دەستنیشانیان دەکات، بۆ نمونە پۆستی وەزیری گەنجینە و داواکاری گشتی. 
 
زیاتر بخوێنەوە

18:30

راوێژکارەکانی ترەمپ بە نهێنی هانی دەدەن خۆی بۆ راگەیاندنی شکست ئامادەبکات

راوێژکارەکانی ترەمپ بە نهێنی هانی دەدەن خۆی بۆ راگەیاندنی شکست ئامادەبکات
 
سەرۆکی ئەمریکا سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە سکاڵا یاساییەکانی دژی ئەو شتەی کە بە "ساختەکاریی هەڵبژاردن" ناوی دەبات، بەڵام میدیاکانی وڵاتەکەی ئاشکرایان کردووە کە راوێژکارەکانی هانی دەدەن خۆی بۆ راگەیاندنی شکست بەرامبەر بە جۆ بایدنی رکابەری ئامادەبکات. 
 
میدیاکانی ئەمریکا رایگەیاندووە کە دوو لە راوێژکارەکانی ترەمپ لەبارەی ئەگەری دۆڕاندنی هەڵبژاردنەکانەوە قسەیان لەگەڵی کردووە و پێیان راگەیاندووە کە دەبێت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکات. 
 
هەر بە گوێرەی ئەو سەرچاوە میدیاییانە، پێدەچێت لە کۆتاییدا ترەمپ دان بە شکستی خۆیدا بنێت، بەڵام رەنگە گوتاری دەستبەردان لە پۆستی سەرۆکایەتی پێشکەش نەکات کە بەشێکە لە پرۆتۆکۆلەکانی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی ئاشتییانە. 
 
هەروەها هێشتا تیمی ترەمپ هیچ بڕیارێکی لەسەر گوتاری راگەیاندنی شکستهێنان نەداوە، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا بە نهێنی بە راوێژکارەکانی خۆی گوتووە کە "رووبەڕووی ململانێیەکی سەخت بووەتەوە، بەڵام پێویستە لەسەری بەردەوامبێت."
 
میدیاکانی ئەمریکا باس لەوەش دەکەن، "هەندێک لە راوێژکارەکانی ترەمپ هەوڵیان داوە هێوری بکەنەوە و هاوکاریی بکەن بۆ داننان بە دۆڕاندنی هەڵبژاردنەکاندا."
 
تاوەکو ئێستا دۆناڵد ترەمپ گومانی لەبارەی پاکوبێگەردیی هەڵبژاردنەکانەوە هەیە و پەنای بردووەتە بەر یاسا بۆ هەژمارنەکردنی ئەو دەنگانەی کە دوای رۆژی هەڵبژاردن گەیشتوونەتە بنکەکانی دەنگدان. 
 
پێشتریش ترەمپ رایگەیاند کە پێشێلکاری و کاری نایاسایی لە هەڵبژاردندا کراون و "ئەگەر تەنیا دەنگە یاساییەکان هەژماربکرێن" ئەوا بەبێ هیچ گومانێک هەڵبژاردنەکە دەباتەوە. 
 
ئێستا جۆ بایدن دەنگی 264 ئەندامی ئەنجوومەنی هەڵبژاردنی مسۆگەر کردووە و پێویستی بەوەیە لە یەکێک لەو ویلایەتانەی یەکلایی نەبوونەتەوە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی ژمارەکە بگاتە 270 ئەندام و ببێتە سەرۆکی ئەمریکا. 
 
لە بەرامبەریشدا دۆناڵد ترەمپ دەنگی 214 ئەندامی ئەنجوومەنەکەی مسۆگەرکردووە و پێویستی بەوەیە 56 دەنگی دیکە بەدەستبهێنێت تا بگاتە 27 دەنگی پێویست بۆ مانەوە لە پۆستەکەی. 
 
زیاتر بخوێنەوە

17:08

لایەنگرانی ترەمپ و بایدن لە رێگەی خۆپێشاندانەوە پاڵپشتی لە بەربژێرەکانیان دەکەن

لایەنگرانی ترەمپ و بایدن لە رێگەی خۆپێشاندانەوە پاڵپشتی لە بەربژێرەکانیان دەکەن
لە کاتێکدا کارمەندانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە ویلایەتی ئەریزۆنا سەرقاڵی جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکانن، لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ لە دەرەوەی بنکەکان وەستاون و چاوەڕوانی ئەنجامن. ئەوان داوا دەکەن تەنیا دەنگە یاساییەکان هەژماربکرێن و دەشڵێن، کێشەیان لەگەڵ سەرۆکایەتیی بایدن نییە. 
 
ئەلێکساندرا سمس، لایەنگری ترەمپ دەڵێت "ئەگەر ترەمپ نەیباتەوە و دۆڕانەکەشی یاسایی بێت، ئەوا شتێکی ئاساییە. ئەو کاتە بایدن دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا. خەڵکێکی زۆر ناناسم کە ئەمەیان قبووڵ نەبێت. کێشەکە کاتێک دروست دەبێت کە ئەگەر پڕۆسەکە یاسایی نەبێت". 
 
لە نزیکی کۆشکی سپیش لە واشنتن دی سی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. خەڵکێکی زۆر بە گوێگرتن لە میوزیک و بەرزکردنەوەی هەندێک درووشمی وەک "جیهان سەیری ئەمریکا دەکات" و "بەرژەوەندی وڵات بخەنە سەرووی بەرژەوەندی پارتەکان" کۆبوونەتەوە. 
 
ئەوان دەڵێن، ئەنجامی هەڵبژاردنەکە سەرکەوتنی بایدن پیشاندەدات و هەربۆیە دەبێت ترەمپ شکست قبووڵ بکات. 
 
خۆپێشاندەر لە واشنتن دی سی ئاماژە بەوە دەدات  "ئێرە ئەمریکایە و هەمیشە خۆپێشاندان دەکەین. ئێستا دەمانەوێت مەدەنییەت بگەڕێنینەوە بۆ ئەمریکا. دەمانەوێت لە سەرۆک ترەمپ رزگارمان بێت. کاتی ئەوە هاتووە ترەمپ، میلانیا، ئیڤانکا بگەڕێنەوە بۆ نیویۆرک یان هەر شوێنێکی دیکە کە لێیەوە هاتوون". 
 
لە فیلادلفیای گەورەترین شاری پێنسلڤانیا. لایەنگرانی ترەمپ و بایدن لە نزیک یەکدی کۆبوونەتەوە و خۆپێشاندان دەکەن، بەڵام تەنیا جاروبار گفتوگۆیەکی تووند لەنێوان هەندێک لە لایەنگرانی هەردوولادا دەگوزەرێت. 
زیاتر بخوێنەوە

10:52

بایدن لە پێنسلڤانیا لە سەرکەوتن نزیکدەبێتەوە

بنکەیەکی دەنگدان لە پێنسلڤانیا وێنە؛ AFP
رووداو دیجیتاڵ

کارمەندانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە بنکەکانی دەنگدانی ویلایەتی پێنسلڤانیا سەرقاڵی جیاکردنەوەی دەنگەکانن و بڕیارە لە چەند کاژێری داهاتوو ئەنجام رابگەیێندرێت، کە تاوەکو ئێستا وا دەردەکەوێت لە بەرژەوەندیی جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بێت.
 
ریچ فیتزجێراڵد، بەرپرسی کۆمیسیۆن لە ناوچەی ئاڵیگەینی دەڵێت "ئێمە جیاکردنەوەی 9288 دەنگ رادەگەیێنین. 7300 دەنگیان بۆ جۆ بایدن و 1875 دەنگیان بۆ دۆناڵد ترەمپە". 
 
ژماردنی دەنگەکان لە زۆربەی بنکەکانی دەنگدان لە ویلایەتی پێنسلڤانیا لە بەرژەوەندی بایدندایە. ئەوەش نیگەرانی جیدیی لای ترەمپ و بەرپرسانی تیمی بانگەشەکەی دروستکردووە. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکان بۆ خولی داهاتووی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەدوای پێشکەوتنی بایدن، بەردەوام گومانی ساختەکاریی دەخاتە سەر هەڵبژاردنەکە و دەڵێت "تەنیا چەند ویلایەتێکی کەم ماون لە رکابەرایەتیی سەرۆکایەتی یەکلایی ببنەوە. ئامێرەکانی دەنگدان لەو ویلایەتانە لە لایەن دیموکراتەکانەوە سەرپەرشتییان دەکرێت. ئێمە لە هەموو ئەو شوێنە سەرەکییانە براوە بووین، بەڵام دواتر دەنگەکانمان موعجیزەئاسا بەشێوەیەکی نهێنی کەمبوونەوە. ئەوان رێگە بە چاودێرانی یاسایی رێگەپێدراویش نادەن". 
 
بەڵام چاودێرانی سەر بە پارتی کۆماری لە زۆربەی بنکەکاندا هەن و ئەوانیش گوتەی بەربژێری پارتەکەیان رەتدەکەنەوە. 
 
نیکۆڵ نینۆ، چاودێری هەڵبژارن لە پارتی کۆماری  دەڵێت "زۆر سەرسامم بەوەی ئەم کەسانە ئەنجامی دەدەن. پێم وایە کارەکەیان زۆر رێکوپێکە. من بە چاوی خۆم دەبینم کە دوو تاوەکو سێ کەس پێکەوە کاردەکەن. پێم وایە لێرە و لەوێ هەندێک شتی لاوەکی روودەدەن، بەڵام ئەو کەسانەی لێرەن هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ نەهێشتنی ئەو کێشانە". 
 
پێنسلڤانیا خاوەنی 20 ئەندامی ئەنجوومەنی هەڵبژێرە، تاوەکو ئێستا 99٪ی دەنگەکان لەو ویلایەتە جیاکراونەتەوە و 49.6٪یان بۆ بایدن و 49.2٪یان بۆ ترەمپن. 
 
جیاوازی دەنگەکانی بایدن و ترەمپ لە نیڤادا زیاتر دەبێت 
 
لە ویلایەتی نیڤاداش ئەمریکییەکان لە دەرەوەی بنکەکانی دەنگدان وەستاون و دەیانەوێت کێشەی تایبەت بە دەنگدانیان لە هەڵبژاردنەکەی رۆژی 3ی ئەم مانگەدا چارەسەربکرێت و دەنگەکانیان هەژمار بکرێن. 
 
دڵنیابوونەوە لە دروستی دەنگی دەنگدەران لە نیڤادا گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە نیڤادا یەکێکە لەو ویلایەتانەی تاوەکو ئێستا ئەنجامی کۆتایی تێدا رانەگەیێندراوە و دەتوانێت کاریگەری لەسەر دیاریکردنی 46ەمین سەرۆکی ئەمریکا هەبێت. 
بەرپرسانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنیش دڵنیایی دەدەن لەوەی رێگە نادەن هیچ دەنگێکی دروست بفەوتێت. 
 
جەو گلۆریا، بەرپرسی تۆماری دەنگدەران لە ناوچەی کلارکی نیڤادا دەڵێت "ئێمە دەمانەوێت لە ژماردنی دەنگەکان بەردەوام بین و دڵنیاییش دەدەین کە بە وردی و رێکوپێکی کارەکانمان رادەپەڕێنین. ئومێدەوارین پێش رۆژی یەکشەممە بتوانین ژماردنی دەنگەکان تەواوبکەین". 
 
نیڤادا خاوەنی 6 دەنگی ئەنجوومەنی هەڵبژێرە و تاوەکو ئێستا 87٪ی دەنگەکانی جیاکراونەتەوە. بایدن 49.8٪ی دەنگە جیاکراوەکان و ترەمپیش 48٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

10:00

کۆمارییەکان 60 ملیۆن دۆلار بۆ شەڕی دادگاکان بەرامبەر بایدن کۆدەکەنەوە

خۆپێشاندانی لایەنگرانی ترەمپ لە نیڤادا وێنە؛ AFP
رووداو دیجیتاڵ

سێ سەرچاوەی ئاگاداری نێو پارتی کۆماریی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە، ئەو پارتە دەیەوێت بڕی 60 ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە، بۆ پارەدارکردنی ئەو تانە یاساییانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی دەدەن و دۆناڵد ترەمپ، بەنیازە لە بەرامبەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەرزیان بکاتەوە.
 
کەمپەینەکانی ترەمپ، تاوەکو ئێستا زنجیرەیەک سکاڵای یاساییان لەسەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا تۆمارکردووە، سکاڵاکان لەسەر چەند ویلایەتێکی جیاوازن و ئەو ویلایەتانەن کە لەسەرەتادا دۆناڵد ترەمپ لەپێشەوە بوو، بەڵام دواتر جیاکردنەوەی دەنگەکان، پێشكەوتنی بایدن و نزیکبوونەوەیان لە کۆشکی سپی دەرخست.
 
کۆمەکبەخشێکی کۆماری بە ئاژانسی 'رۆیتەرز'ی راگەیاندووە، کۆمارییەکان داوای 60 ملیۆن دۆلاریان لە کۆمەکبەخشانی لایەنگری پارتەکە کردووە، لەپێناو بەردەوامبوون و زیادکردنی سکاڵاکان و بەردەوامبوون لەسەر جەنگی یاسایی.
 
تاوەکو ئێستا ئەنجامەکان پێشکەوتنی جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکەدا دەردەخەن و بایدن 264 دەنگی کۆمەڵگەی هەڵبژێری تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتووی وڵات بەدەستهێناوە، لە بەرامبەر 214 دەنگدا بۆ ترەمپ. بۆ بوونە سەرۆکی داهاتووی وڵات، هەر بەربژێرێک پێویستی بە 270 دەنگی نێو کۆمەڵگەی هەڵبژێر هەیە.
 
هەندێک سەرچاوەی دیکەی نێو پارتی کۆماری ئاشکرایان کردووە، ئەو پارتە خۆی بۆ جەنگێکی یاسایی قورس و درێژخایەن ئامادە دەکات و پێویستی بە 100 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ پارەدارکردنی ئەو کەمپەینە یاساییە.
 
ترەمپ، داوای سەرلەنوێ جیاکردنەوەی دەنگەکانی ویلایەتی وێسکنسن دەکات، هەروەها سکاڵای یاسایی لەسەر ئەنجامەکانی میشیگن و پێنسلڤانیا تۆمارکردووە بۆ راگرتنی جیاکردنەوەی دەنگەکان. لەکاتێکدا گۆسلین پنسۆن، سکرتێری ویلایەتی میشیگن، سکاڵا تۆمارکراوەکەی پارتی کۆماریی بە 'پووچ' ناوبرد. هەروەها سکاڵای یاسایی لە جۆرجیا تۆمارکردووە و داوا دەکات، هەرێمی چاسام کە شاری ساڤانا لە خۆ دەگرێت، دەنگە درەنگ گەیشتووەکانی تێدا ئەژمار نەکرێت.
زیاتر بخوێنەوە

06:33

بایدن: لە دوێنێوە ئێمە دەستبەکاربووین

 
جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکانی ئەمریکا جەختدەکاتەوە کە ئەوان سەرکەوتنی پێشوەختە راناگەیێنن، "بەڵام ژمارەکان پێمان دەڵێن، ئەوە روونە کە ئێمە دەیبەینەوە". دەشڵێت، لە رۆژی رابردووەوە دەستبەکاربوونە لەگەڵ کامالا هاریسی جێگری، لەگەڵ ژمارەیەک لە شارەزایانی ئابووری و تەندروستی کۆبوونەتەوە و باسی پلانی تەندروستی و ئابوورییان کردووە. 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

05:29

ترەمپ داوای روونکردنەوە دەکات

ترەمپ داوای روونکردنەوە دەکات
 
لەگەڵ جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکان، دەنگەکانی جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بەردەوام بەرزدەبنەوە، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لە رێگەی تویتەرەوە داوای روونکردنەوە دەکات و دەڵێت، لەوە تێناگات. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا دەپرسێت "ئێمە پێویستمان بە روونکردنەوە هەیە کە چۆن ژمارەکان لە دوو سێ رۆژی رابردوو بەرزبوونەتەوە؟"
 
لە تویتێکی دیکەدا ترەمپ گوتبووی، لە رۆژەکانی سەرەتادا دەنگەکانی لەپێش بووە، بەڵام لەپڕدا و بەشێوەیەکی نادیار، دەنگەکانی دیار نەماون. 
 
زیاتر بخوێنەوە

05:28

نوێترین ئامارەکانی سێ ویلایەتی یەکلاکەرەوە؛ بایدن لەپێشە

 
جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ویلایەتەکانی ئەمریکا بەردەوامە، کێبڕكێکە لە پێنج ویلایەت تاوەکو دێت تووندتر دەبێت، بەپێی نوێترین ئامارەکانی ئەسۆشیەیتد پرێس، بایدن لە پێنسلڤانیا، نیڤادا و جۆرجیا دەنگەکانی بەردەوامن لە زیادبوون و لەپێش ترەمپەوەیە. 
 
ئامارەکان لەم ویلایەتە یەکلاکەرەوانە گۆڕاون:
 
نیڤادا: بایدن 49.8%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە کە دەکاتە 632 هەزار و 558 دەنگ لەکاتێکدا ترەمپ 609 هەزار و 901 دەنگی بەدەستهێناوە و 48%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. 87%ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە
 
پێنسلڤانیا: بایدن 3 ملیۆن و 327 هەزار و 333 دەنگی بەدەستهێناوە، دۆناڵد ترەمپ سێ ملیۆن و 305 هەزار و 548 دەنگی بەدەستهێناوە. بایدن بە زیاتر لە 21 هەزار دەنگ لەپێشەوەیە. 98%ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە.
 
جۆرجیا: جۆ بایدن دوو ملیۆن و 456 هەزار و 845 دەنگی بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ دوو ملیۆن و 452 هەزار و 825 دەنگی بەدەستهێناوە. 99%ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە. 
 
چاوەڕوان دەکرێت جۆ بایدن گوتارێک پێشکێش بکات، بەڵام دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی پێداوە کە سەرکەوتنی پێشوەختە رانەگەیێنێت، چونکە ئەویش دەتوانێت رایبگەیێنێت. 

 

زیاتر بخوێنەوە

03:49

یەکەم بڕیاری دادگەی باڵا لەبارەی جیاکردنەوەی دەنگەکانی پێنسلڤانیا

یەکەم بڕیاری دادگەی باڵا لەبارەی جیاکردنەوەی دەنگەکانی پێنسلڤانیا
 
ساموێل ئەلیتۆ، دادوەری دادگەی باڵای ئەمریکا فەرمانی کردووە ئەو دەنگانەی لە رۆژی هەڵبژاردن دراون جیابکرێنەوە لەو دەنگانەی لە دوای هەڵبژاردن گەیشتوون. بڕیارەکە دەڵێت، ئەو دەنگانەی پاش هەڵبژاردن گەیشتوونەتە کۆمیسیۆن، دەبێت بەجیا بژمێردرێن. 
 
پێشتر نوێنەرانی پارتی کۆمارییەکان لەو ویلایەتە داوایان لە دادگەی باڵا کردبوو کە ئەو دەنگانە جیابکرێنەوە کە دوای رۆژی دەنگدان گەیشتوون. 
 
لەژێر رۆشنایی یاسایەکی دادگەی باڵا، بەرپرسانی هەڵبژاردن لە پێنسلڤانیا دەتوانن ئەو دەنگانە بژمێرن کە لە رۆژی سێشەممە کە رۆژی هەڵبژاردن بوو، پۆست کراون و کاژێر 05:00ـی ئێوارە بە کاتی ناوخۆیی ئەو ویلایەتە گەیشتوونەتە کۆمیسیۆن. 
زیاتر بخوێنەوە

03:21

میدیای ئەمریکا: ترەمپ تووڕەیە و زۆر سەیری تەلەڤزیۆن دەکات

میدیای ئەمریکا: ترەمپ تووڕەیە و زۆر سەیری تەلەڤزیۆن دەکات
 
کەناڵی سی بی ئێس ـی ئەمریکی بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ بڵاویکردووەتەوە، سەرۆکی ئەمریکا تووڕە و بێهیوایە لەوەی کە هاوپەیمانەکانی لەسەر تەلەڤزیۆن و شەقام پاڵپشتیی ناکەن. 
 
سەرچاوەکانی سی بی ئێس دەڵێن، سەرۆکی ئەمریکا زۆر سەیری تەلەڤزیۆن دەکات و تەلەفۆن دەکات، کاتەکانیشی لەنێوان ئۆفیسی سەرۆکایەتی و شوێنی پشوودانی دابەشکردووە. 
 
پێشتر هەمان کەناڵ باسی لەوە کردبوو، رۆژی هەینی کەشوهەوای نێو کۆشکی سپی خەمگین بووە و بەشێک لە هاوکارەکانی دۆناڵد ترەمپ نەچوونەتە سەر کارەکانیان. بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە نووسینگەی سەرۆکایەتی بووە. 
 
ترەمپ بەردەوامە لە تویت و پەیامەکانی لەبارەی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکەدا، تیمی هەڵبژاردنەکانیشی دەڵێن، سکاڵایان تۆمارکردووە و دەکەن. بەشێک لە راوێژکارانی ترەمپ ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو کارانە دەبوو پێش چەند مانگێک بیریان لێبکردرایەتەوە، بەڵام کەس نەیدەویست وەها باسێک لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بکاتەوە. 
 
تیمەکەی ترەمپ هیوایان لەسەر پێنسلڤانیا هەڵچنیوە کە بەپێی دوایین داتاکان بایدن زیاتر لە 20 هەزار دەنگ لەپێش دۆناڵد ترەمپەوەیە، بەڵام ئەگەر جیاوازی دەنگەکان زۆر کەمبێتەوە، ئەوا کەیسەکە دەبرێتە دادگەی باڵا. 
زیاتر بخوێنەوە

03:07

ترەمپ: نابێت بایدن بەهەڵە بڵێت بوومەتە سەرۆک؛ منیش دەتوانم وابڵێم

ترەمپ: نابێت بایدن بەهەڵە بڵێت بوومەتە سەرۆک؛ منیش دەتوانم وابڵێم
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، نابێت جۆ بایدن بە هەڵە بانگەشەی بردنەوەی ئۆفیسی سەرۆکایەتی بکات، دەڵێت "منیش دەتوانم وا بکەم".
 
لە تویتێکدا دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، تازە رێکارە یاساییەکان دەستپێدەکەن. کە مەبەستی لە تۆمارکردنی سکاڵاکانی تیمەکەیەتی.
 
ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ئەمریکا بەردەوامە، کێبڕکێی تووندیش لە پێنج ویلایەتی یەکلاکەرەوەیە کە جۆ بایدن، لە نیڤادا، جۆرجیا و پێنسلڤانیا لەپێشەوەیە. تاوەکو ئێستا بایدن 264 کورسی بەدەستهێناوە و ترەمپیش 214 کورسی.
 
بڕیارە بەرەبەیانی ئەمڕۆ جۆ بایدن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا قسە بۆ دەنگدەر و لایەنگرانی بکات. تویتەکەی دۆناڵد ترەمپیش وەکو هۆشدارییە بۆ بایدن کە سەرکەوتن رانەگەیێنێت، چونکە جیاکردنەوەی دەنگەکان کۆتاییان نەهاتووە. 

ئەوە لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوو جار رایگەیاندووە کە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا ئەنجامەکان بەتەواوی رانەگەیێندراون. 

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

23:21

سکرتێری ویلایەتی جۆرجیا: بەشێک لە دەنگەکانی ویلایەتەکەمان دەژمێردرێنەوە

سکرتێری ویلایەتی جۆرجیا: بەشێک لە دەنگەکانی ویلایەتەکەمان دەژمێردرێنەوە
 
براد رافێنسپێرگەر، سکرتێری ویلایەتی جۆرجیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بەپێی دوایین ئاماری جیاکردنەوەی دەنگەکان، جۆ بایدن بە 1585 دەنگ لەپێش دۆناڵد ترەمپەوەیە و هێشتا هەشت هەزار و 410 دەنگی پۆستەش هەژمار نەکراون. 
 
بە گوتەی سکرتێری ویلایەتی جۆرجیا، بەشێکی کەم لە دەنگەکانی ویلایەتەکەیان هەژماردەکرێنەوە. لەبارەی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتاییش، گوتی پرۆسەیەکی یاساییان هەیە و "هەوڵدەدەین بە زووترین کات ژماردنی دەنگەکان کۆتایی پێبێنین". دوای ئەوەش ئەنجامەکان رادەگەیێنن. 
 
براد رافێنسپێرگەر ژماردنەوەی دەنگەکان بۆ ئەو کێشە تەکنیکییانە دەگەڕێنێتەوە کە لەکاتی دەنگدان دروستبوون. دەشڵێت، دەبێت هەموو دەنگەکان بژمێردرێن. 
 
 
زیاتر بخوێنەوە

22:24

ترەمپ بۆ خەڵکی ئەمریکا: کۆڵنادەم و لەپێناوتان شەڕ دەکەم

ترەمپ بۆ خەڵکی ئەمریکا: کۆڵنادەم و لەپێناوتان شەڕ دەکەم
 
تیمی بانگەشەی دۆناڵد ترەمپ راگەیێندراوێکیان بەناوی سەرۆکی ئەمریکا بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، "خەڵکی ئەمریکا پێویستییان بە شەفافییەتە لە ژماردنی هەموو دەنگەکان". دەشڵێت، "هەرگیز کۆڵنادەم لە شەڕکردن بۆ ئێوە و نەتەوەکەمان". 
 
دۆناڵد ترەمپ لەو راگەیێندراوەیدا کە تیمەکەی بڵاویان کردووەتەوە باس لەوە دەکات، ئیتر دۆخەکە لەوە دەرچووە کە تەنیا لەبارەی هەڵبژاردنەوە بێت و ئێستا دەبێت خەمی هەموو پرۆسەی هەڵبژاردنیان بێت کە وەکو پێشتر گوتبووی "لەمەترسیدایە". 
 
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە پێویستە هەموو "دەنگە یاساییەکان" هەژمار بکرێن، دەشڵێت، لە رێگەی یاساوە هەموو کارێکی پێویست و بەدواداچوونێک دەکەن بۆ ئەوەی خەڵکی ئەمریکا "دڵئارام بن" لەبارەی حکومەتەکەیانەوە. 
 
تاوەکو ئێستا پێنج ویلایەت ماوە دەنگەکانی یەکلابکرێنەوە، لە سێ ویلایەتی نیڤادا، جۆرجیا و پێنسلڤانیا بایدن پێش دۆناڵد ترەمپ کەوتووە. ئەگەر یەکێک لەو ویلایەتانەش بباتەوە، دەبێتە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا. 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

20:04

نانسی پێلۆسی: ترەمپ هەوڵدەدات شەفافیەت و متمانە بۆ هەڵبژاردن نەهێڵێت

نانسی پێلۆسی: ترەمپ هەوڵدەدات شەفافیەت و متمانە بۆ هەڵبژاردن نەهێڵێت
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کۆنفرانسی هەفتانەی خۆیدا جۆ بایدنی بە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ناوبرد، ئەوەش دوای ئەوەی کە دەنگەکانی لە دوو ویلایەتی دیکە پێش ترەمپ کەوتن.
 
هەروەها نانسی پێلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، لەبارەی جۆ بایدن و کامالا هاریسەوە گوتی، "ئەم بەیانییە روونبووەوە کە بایدن و هاریس کۆشکی سپی دەبەنەوە."
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا گوتیشی، "ترەمپ هەوڵدەدات شەفافیەت و متمانە بۆ هەڵبژاردنەکان نەهێڵێت. ترەمپ هەوڵدەدات زیان بەم وڵاتە بگەیێنێت."
 
نانسی پێلۆسی جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێت دانبەخۆداگرتن و ئارامگرتن هەبێت تاوەکو هەموو دەنگەکان دەژمێردرێن و ئەنجامی کۆتایی بە فەرمی رادەگەیێنرێت. 
 

 

زیاتر بخوێنەوە

18:10

کامپەینی ترەمپ: ژماردنی دەنگەکان تەواو نەبووە و بایدن براوە نییە

کامپەینی ترەمپ: ژماردنی دەنگەکان تەواو نەبووە و بایدن براوە نییە
 
کامپەینی ترەمپ ئەمڕۆ هەینی راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو ئەنجامانەی باس لەوە دەکەن کە بایدن هەڵبژاردنەکەی بردووەتەوە "ناڕاستن" و ژماردنی دەنگەکان بەردەوامە. 
 
کامپەینەکە دەڵێن، ئەوانەی باس لەوە دەکەن بایدن بردوویەتییەوە پشتیان بە ئەنجامەکانی چوار ویلایەت بەستووە کە هێشتا ژماردنی دەنگەکان زۆر دوورە لە کۆتاییهاتن. 
 
لەو چوار ویلایەتە، کامپەینەکەی ترەمپ مەبەستیان لە جۆرجیا، پێنسلڤانیا، نیڤادا و ئەریزۆنایە. دەڵێن، لە جۆرجیا سکاڵایان تۆمارکردووە بۆ ژماردنەوەی دەنگەکان، لە پێنسلڤانیا ناڕێکی هەبووە و "دڵنیاین سەرۆک ترەمپ سەردەکەوێت".
 
لەبارەی نیڤاداوە ئاماژە بەوە دەکەن، هەزاران کەس بە ناڕێکی دەنگەکان دەژمێرن. 
 
بەپێی داتاکانی ئەسۆشیەیتد پرێس کە رووداو پشتی پێدەبەستێت، تاوەکو ئێستا بایدن لە نیڤادا، جۆرجیا و پێنسلڤانیا لەپێش دۆناڵد ترەمپەوەیە، ئەگەر هەر کامێک لەو ویلایەتانە بباتەوە، ئەوا دەبێتە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا. 

 

زیاتر بخوێنەوە

17:02

جۆ بایدن لە ویلایەتی پێنسلڤانیا پێش ترەمپ کەوت

 
ژماردنی دەنگەکان لە پێنج ویلایەتی یەکلاکەرەوەی ئەمریکا بەردەوامە، بەپێی نوێترین داتاکانی ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس، دەنگەکانی جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان لە ویلایەتی پێنسلڤانیا پێش دۆناڵد ترەمپ کەوتوون. 
 
بەپێی ئاماری 98%ـی دەنگە جیاکراوەکانی پێنسلڤانیا، جۆ بایدن سێ ملیۆن و 295 هەزار و 319 دەنگی بەدەستهێناوە و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاش سێ ملیۆن و 289 هەزار و 725 دەنگی بەدەستهێناوە. 
زیاتر بخوێنەوە

16:48

کامپەینی ترەمپ: لە نیڤادا دەنگ بۆ مردووەکان دراوە

کامپەینی ترەمپ: لە نیڤادا دەنگ بۆ مردووەکان دراوە
 
کامپەینی هەڵبژاردنی ترەمپ لە نیڤادا سکاڵای یاساییان لەسەر بوونی دەنگی نایاسایی لەو ویلایەتە تۆمارکردووە.
 
سەبارەت بەو سکاڵایە کە لەسەر باربارا سیگاڤسکی بەرپرسی کاروباری دەرەوەی نیڤادا تۆمارکراوە، تێیدا هاتووە، ئاسانکاری بۆ هەندێک کارتی دەنگدان کراوە کە کێشەی یاساییان هەبووە، زیاتر لە 30 هەزار دەنگیش کە نەدەبوو هەژمار بکرێن، لە بنکەکانی دەنگدان هەژمارکراون و تەنانەت دەنگی ژمارەیەک خەڵکیش دراوە کە لەژیاندا نەماون.
 
یەکێکیش لە خاڵەکانی سکاڵاکە ئەوەیە کە رێگەیان نەداوە خەڵک چاودێری پرۆسەی دەنگدان و جیاکردنەوەی کارتەکانی دەنگدان بکەن کە لەڕێگەی پۆستەوە گەیشتوونەتە بنکەکانی دەنگدان.
 
سکاڵاکەش لەلایەن ریک گرینیڵ، بەڕێوەبەری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی و ئادام لاکساڵت، داواکاری گشتیی پێشووی کۆمارییەکان لە نیڤادا جووڵێندراوە و گەیێندراوەتە دادگەی فیدراڵیی نیڤادا. 

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

16:47

فەیسبووک گرووپێکی داخست کە 350 هەزار ئەندامی هەبوو و پشتیوانی ترەمپ بوون

 
تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک هەژماری گرووپێکی پشتیوانی لە دۆناڵد ترەمپی داخست کە لەڕێگەی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەوە پشتیوانیان لە ترەمپ دەکرد و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، لە ئەمریکا ساختەکاری کراوە.
 
گرووپەکە ناوی "دزی بووەستێنن" بوو، لەماوەیەکی زۆر کەمدا 350 هەزار ئەندامی لەو تۆڕە کۆکردبووەوە. بەڵام فەیسبووک دەڵێت، ئەو گرووپە چەندین پۆستیان کردووە کە دەبنە هۆی کەوتنەوەی تووندوتیژی و هەندێک سکاڵای تێدابووە کە هیچ بنەمایەکیان  نەبووە، بۆیە گرووپەکەیان داخستووە.
 
ئەمە یەکەمجار نییە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرووپەکانی پشتیوانی لە ترەمپ دادەخەن، لەکاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردنیشدا، فەیسبووک چەند گرووپێکی دیکەی پشتیوانانی ترەمپی داخستووە و تویتەریش ژمارەیەک کۆمێنت و پۆستی ترەمپ و کەسە نزیکەکانی سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن سڕیوەتەوە.

 

 


زیاتر بخوێنەوە

15:25

برازایەکی ترەمپ: مامم زۆر تووڕەیە و پێویستە کەسێک بیوەستێنێت

ماری ترەمپ، برازای دۆناڵد ترەمپ. وێنە: MSNBC
 
برازایەکی دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەڵێت مامی "زۆر تووڕەیە" و دەبێت کەسێک هەبێت بیوەستێنێت.
 
ماری ترەمپ، برازای سەرۆکی ئەمریکا لە تەلەڤیزیۆنێکی ئەمریکی قسەی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و دۆناڵد ترەمپی مامی کردووە و بە "کەسێکی تووڕە" ناویبردووە کە بە ئاسانی کۆنترۆڵ ناکرێت، بە پێویستیشی دەزانێت "کەسێک بیوەستێنێت".
 
ماری ترەمپ، پێشتریش چەند جارێک رەخنەی لە دۆناڵد ترەمپ گرتووە و کتێبێکیشی لەسەری بڵاوکردووەتەوە بەناوی، "چۆن خێزانەکەم ترسناکترین پیاوی پێشکەش بە جیهان کرد".
 
سەبارەت بە گوتەکانی ترەمپ کە باسی ساختەکاری لە هەڵبژاردنی ئەمریکا کردبوو، ماری دەشڵێت، "ترەمپ هیچ شتێکی یاسایی بەدەستەوە نییە سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان، بۆیە تەنیا دەیەوێت دۆخەکە بەو جۆرە بجووڵێنێت".
 
ئەو برازایەی ترەمپ دەشڵێت، لەوانەیە دوو مانگی داهاتوو، کە هێشتا لە کۆشکی سپییە، دۆخێکی ترسناک دروستبکات، "ئەگەر سەرکردە کۆمارییەکان هیچ شتێک نەکەن بۆ راگرتنی".
 
زیاتر بخوێنەوە

14:17

ئەڵمانیا: هەرکەس بەنزین بە ئاگری ئەمریکادا بکات، رەفتارەکەی نابەرپرسانەیە

هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاوە لە تویتێکدا دەڵێت "ئەمریکا زیاتر لە نمایشی یەک پیاوە"، کە واپێدەچێت مەبەستی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بێت.
 
لە تویتەکەیدا هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا نووسیویەتی "دۆڕاوە شایستەکان زیاتر لە براوە درەوشاوەکان بۆ کارکردی دیموکراسی گرنگن. ئەمریکا لەوە زیاترە کە نمایشی پیاوێک بێت."
 
وەزیرەکەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کردووە "هەرکەسێک لەم دۆخەی ئێستادا بەردەوامبێت لە بەنزینکردن بە ئاگرەکەدا، رەفتارەکەی نابەرپرسانەیە".
 
هایکۆ ماس دەشڵێت "دۆخەکە لە ئەمریکا لەوانەیە جێگەی نیگەرانی بێت، بەڵام لەکۆتاییدا ئەوە دیموکراسییە: قسەی کۆتایی دەنگدەران دەیکەن. بۆئەوەی ئەنجامەکەش قبووڵکرێت، هەمووان دەبێت خۆیان کۆنترۆڵکەن".
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێیوایە "بوون بە براوە ئاسانە، بەڵام هەندێکجار بوون بە دۆڕاو قورسە".
 
زیاتر بخوێنەوە

12:41

زانیاریی نوێ؛ بایدن لە جۆرجیا پێش ترەمپ دەکەوێت

جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ئەمریکا. وێنە: AFP
 
جۆی بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان لە ویلایەتی جۆرجیا پێش دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان دەکەوێت و جیاوازیی دەنگەکانیان 917 دەنگە.
 
بەپێی دوایین زانیاریی دەزگا فەرمییەکان ئێستا لە جۆرجیا جۆ بایدن دوو ملیۆن و 449 هەزار و 371 دەنگی بەدەستهێناوە کە دەکاتە 49.39%ی کۆی دەنگەکان و دۆناڵد ترەمپیش دوو ملیۆن و 448 هەزار و 454 دەنگی بەدەستهێناوە کە دەکاتە 49.37%ی کۆی دەنگەکان. بەمەش ئەگەری سەرکەوتنی جۆ بایدن زیاتر بووە.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:06

ترەمپ: تویتەر لەدەست دەرچووە

 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دوایین تویتیدا دەڵێت "تویتەر لەدەست دەرچووە، ئەوەشی وەک دیارییەک لە بڕگەی 230 حکومەتەوە بۆ رەخساوە".
 
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکاوە دەڵێت "من بە ئاسانی و بە دەنگدانی یاسایی سەرۆکایەتیی ئەمریکام بردەوە. بە هیچ شێوازێک رێگە بە چاودێران نەدرا کارەکانی خۆیان بکەن، بۆیە ئەو دەنگانەی لەو ماوەیەدا قبووڵ کراون، دەبێت بە دەنگی نایاسایی دابنرێن، پێویستە دادگای باڵای ئەمریکا بڕیار بدات".
 
زیاتر بخوێنەوە

10:40

راوێژکارێکی پێشووی ترەمپ داوای "سەربڕینی" فاوچی و بەڕێوەبەری FBI دەکات

ستیڤ بانۆن، راوێژکاری پێشووی دۆناڵد ترەمپ. وێنە: AFP
 
راوێژکارێکی پێشووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەناوی ستیڤ بانۆن، داوادەکات هەریەکە لە ئەنتۆنی فاوچی، سەرۆکی دامەزراوەی ئەمریکی بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان و کریستۆفەر رای، بەڕێوەبەری ئێف بی ئای، سەریان "ببڕدرێت" و دواتر بە شیشدا بکرێن.
 
ئەو قسانەی راوێژکارەکەی پێشووی ترەمپ لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا بوو، کە لە هەریەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک، یوتیوب و تویتەر بڵاوکرابووەوە.
 
تویتەر سزای بانۆنی دا و ئەکاونتەکەی هەڵپەسارد، ڤیدیۆکەش لەلایەن هەریەکە لە فەیسبووک و یوتیوبەوە سڕایەوە.
 
گوتەبێژێکی تویتەر رایگەیاند، ئەکاونتەکەی بانۆن پێشێلی یاساکانی ئەوانی کردووە "بەتایبەتی سیاسەتی پیاهەڵدان بە توندوتیژی" کە لەلایەن ئەو تۆڕەوە سانسۆری لەسەرە.
 
ئەنتۆنی فاوچی و دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی رابردوودا لێدوانی دژبەیەکیان لەسەر بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا هەبووە. پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاش دۆناڵد ترەمپ باسی لەوە کرد کە دوای هەڵبژاردن فاوچی لە کارەکەی دووردەخاتەوە.
 
ئەمەش لەکاتێکدایە، ژمارەیەکی بەرچاو لە تویتەکانی ترەمپ لەلایەن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، سانسۆریان خراونەتەسەر، ئەمەش بەهۆی ئەو لێدوانانەی لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا داویەتی.
 
هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ئەمساڵ جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی ئەمریکا بەڕێوەچوون، بەشێوەیەک کە تاوەکو ئێستا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە روون نین. جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا تاوەکو ئێستا 264 دەنگی ئەنجوومەنی هەڵبژاردنی لەلایە و دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکانیش 214 دەنگ.
 
زیاتر بخوێنەوە

10:05

سیناتۆرێکی پێشووی کۆمارییەکان: قسەکانی ترەمپ ترسناکن

ریک سانتۆروم، سیناتۆری پێشووی کۆمارییەکان و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
 
سەرۆکی ئەمریکا لەدوای دەستکردن بە جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، چەندین لێدوانی داوە و باس لەوە دەکات کە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان کراوە، بەهۆی لێدوانەکانیشیەوە لەلایەن هەریەکە لە فەیسبووک و تویتەرەوە سزادراوە. سیناتۆرێکی پێشوو لە پارتەکەی دەڵێت، قسەکانی "مەترسیدارن".
 
ریک سانتۆروم، سیناتۆری پێشووی کۆمارییەکان بۆ ویلایەتی پەنسلڤانیا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی سی ئێن ئێن رایگەیاند، گوێگرتن لە قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جێگەی "نائومێدی و شۆکە".
 
ئەو سیناتۆرەی پێشووی کۆمارییەکان دەشڵێت "هیوام وایە کە کۆمارییەکان لەم ساتەدا ئەوەی پێویستە بیڵێن لەبارەی سەروەریی هەڵبژاردنەکەمانەوە".
 
پێشتر سەرۆکی ئەمریکا بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو، دەنگدانی یاسایی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەیی بە "نایاسایی" ناوبرد و میدیاکانی بەوە تۆمەتبارکرد کە "دەستوەردانیان لە هەڵبژاردن" کردووە.
 
لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکان بۆ ساوز کارۆلاینا رایگەیاند، متمانەی بە ژماردنی دەنگەکان لە ویلایەتی پەنسلڤانیا و نیڤادا نییە و دەشڵێت "پێویستە پشتی سەرۆک ترەمپ بگرین، چونکە ئەو پشتی ئێمەی گرتووە".
 
لە دوایین لێدوانیدا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە "ئەگەر دەنگە یاساییەکان هەژماربکرێن، ئەوا بەئاسانی دەیبەمەوە، ئەگەر دەنگە نایاساییەکانیش هەژماربکرێن، ئەوان دەتوانن هەڵبژاردنەکەمان لێبدزن". پێشتریش لە تویتێکیدا، کە لەلایەن تویتەرەوە سانسۆری خرایەسەر، داوایکرد "ساختەکاری راگرن".
 
هاوکات جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە تویتەر رایگەیاندووە "هیچ کەسێک ناتوانێت دیموکراسییەکەمان لێبسەنێتەوە. نە ئێستا و نە بۆ هەمیشە. ئەمریکا رێگایەکی دووری بڕیوە، چەندین جەنگی کردووە و رووبەڕووی زۆر کێشمەکێش بووەتەوە تاوەکو بەوە گەیشتووە".
 
پێشتریش لە تویتێکدا داوای لە خەڵک کرد "ئارامبن" و گوتی "پرۆسەکە کاری خۆی دەکات".
 
تاوەکو ئێستا جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ئەمریکا بەردەوامن بۆ دیاریکردنی سەرۆکی ئەمریکا و ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا. بەپێی ئەو ئەنجامە بەراییانەی راگەیێندراون، جۆ بایدن بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەپێشە و تاوەکو ئێستا 264 کورسیی بەدەستهێناوە و ترەمپیش 214 کورسی.
 
هەروەها کۆمارییەکان تاوەکو ئێستا 48 کورسیی ئەنجوومەنی پیران و دیموکراتەکانیش 46 کورسییان بەدەستهێناوە. لە ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دیموکراتەکان 208 کورسی و کۆمارییەکان 193 کورسییان بەدەستهێناوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

03:08

ترەمپ دەڵێت ئەگەر تەنیا "دەنگە یاساییەکان" هەژماربکرێن، سەردەکەوین

ترەمپ دەڵێت ئەگەر تەنیا "دەنگە یاساییەکان" هەژماربکرێن، سەردەکەوین وێنە: AFP
 
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد، سەرەتای قسەکانی بەوە دەستپێکرد، ئەگەر دەنگە یاساییەکان هەژمار بکرێن، ئەوان سەردەکەون. جەختیشیکردەوە، دیموکراتەکان دەیانەوێت هەڵبژاردنەکەی لێ بدزن. 
 
دۆناڵد ترەمپ کە بەپێی داتاکانی ئەسۆشیەیتد پرێس تاوەکو ئێستا ٢١٤ کورسی ئەنجوومەنی هەڵبژاردنی بەدەستهێناوە و لەدوای جۆ بایدنەوەیە ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتادا دەنگەکانی ئەو زۆر زیاتر بوون، بەڵام لەپڕ دەنگەکانی بەشێوەیەکی "سەرسوڕهێنەرانە" کەمیان کردووە. 
 
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی گوت، ئەو دەنگانەی لە رێگەی پۆستەوە دراون، تەنیا بۆ دیموکراتەکانن، بۆیە سەرسامی خۆی بەو ئەنجامە دەربڕی. 
 
ترەمپ باسی لەوەشکرد، سەرەڕای ئەوەی دیموکراتەکان پارەیەکی زۆریان خەرجکردووە لە دژیان، بەڵام لە ئەنجوومەنی پیران زۆرینەن و لە ئەنجوومەنی نوێنەرانیش زیاتر لە پێشوو کورسییان بردووەتەوە. 
 
جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەموو دەنگەکان هەژمار بکرێن، دۆناڵد ترەمپیش ئاماژەی بەوە کرد، ئەویش دەیەوێت هەموو دەنگەکان هەژمار بکرێن، بەڵام "دەنگە یاساییەکان، نەک نایاساییەکان".
 
زیاتر بخوێنەوە

00:26

جۆ بایدن: گومانم نییە سەرکەوتوو دەبین

 
جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە گوتارێکدا داوای لە لایەنگرانی کرد ئارام بگرن و گوتی، دڵنیایە دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، ئەو و کامالا هاریسی جێگری براوە دەبن. 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

00:15

میدیای ئەمریکا: وەزیری بەرگری نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ئامادەکردووە

مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا. وێنە: Getty
کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوە لە وەزارەتی بەرگری بڵاویکردووەتەوە، مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی ئامادە کردووە.
 
هەرچەندە شتێکی نامۆ نییە کە لەکاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، وەزیرەکان نامەی دەستلەکارکێشانەوە ئامادە بکەن تاوەکو دوای ئاشکرابوونی ئەنجامەکانی دەنگدان، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری لێبدات کە بیانهێڵێتەوە یان جێگرەوەیان بۆ دیاری بکات.
 
بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کە قسەیان بۆ ئەو میدیا ئەمریکییە کردووە ئاماژە بەوە دەکەن، مارک ئێسپەر نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ئامادە کردووە، چونکە یەکێکە لەو ئەندامانەی ئیدارەی ترەمپ کە دەمێکە چاوەڕوان دەکرێت دوای هەڵبژاردنەکان لاببرێت. 
 

 

زیاتر بخوێنەوە

22:43

ئێستا چاودێرەکانی ترەمپ دەتوانن بەبێ "دووربین" چاودێریی سندووقەکانی دەنگدان بکەن

لە پەنسلڤانیا تاوەکو ئێستا ترەمپ لەپێش بایدنەوەیە. وێنە: Yahoo
 
دادگایەک لە شاری فیلادلفیا سەر بە ویلایەتی پەنسلڤانیا بڕیاریداوە چاودێرەکانی سەر بە تیمی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ، دەتوانن لەنزیکەوە چاودێریی دەنگەکان بکەن، بڕیارەکەش پاش ئەوە دێت کە تیمی ترەمپ سکاڵای ئەوەیان کردبوو کە ناتوانن لەنزیکەوە کاری چاودێریی خۆیان ئەنجامبدەن و یەکلایی بکەنەوە ئاخۆ دەنگەکان، دەنگی دروستن یاخود نا.
 
پام بۆندی، هاوسەرۆکی دەستەی نیشتمانیی ژنان بۆ ترەمپ رۆژی چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، چاودێرەکانیان بە "دووربین" چاودێریی سندووقەکانی دەنگدانیان کردووە، چونکە رێگەیان پێنەدراوە لەنزیکەوە چاودێری بکەن و تەنیا هێشتوویانە لە دووریی نزیکەی 10 مەتر لە سندووقەکان رابووەستن.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاند، توانیویانە "سەرکەوتنێکی یاسایی گەورە" لە پەنسلڤانیا بەدەستبهێنن، کە مەبەست لەوەبوو، دەتوانن لەنزیکەوە چاودێریی سندووقەکان بکەن.
 
تاوەکو ئێستا لە پەنسلڤانیا 88%ی دەنگەکان جیاکراونەتەوە و دۆناڵد ترەمپ لەپێشە بە بەدەستهێنانی 50.3%ی دەنگەکان، جۆ بایدنیش 48.6%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. ویلایەتەکە 20 کورسیی ئەنجوومەنی هەڵبژاردنی هەیە.
 
زیاتر بخوێنەوە

21:32

پسپۆڕێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان: گەڕانەوەی بایدن بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی زۆریش ئاسان نابێت

oCFLktxow18ZLY2mMAIg
 
دکتۆر ئازاد محەممەدیانی، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، گەڕانەوەی جۆ بایدن بۆ نێو رێککەوتنی ئەتۆمی زۆریش ئاسان نابێت، "بەڵام هەڵبژاردنەوەی ئەو دەتوانێ دەرگەی ئابووری لەسەر ئێران بکاتەوە و پشوویەک بداتە کۆماری ئیسلامی". 
 
دکتۆر ئازاد محەممەدیانی بەشداری لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 18:30 خولەکی رووداو کرد، گوتی، رەنگە پرۆگرامی مووشەکیی ئێران بۆ بایدن ببێتە ئاستەنگی و لە خاڵە هەرە گرنگەکانە کە رەنگە هەر لە سەرەتاوە بایدن پەنجە لەسەر ئەو پرسە دابنێت.
 
ئێران و ئەمریکا کێشەکانیان بۆ زیاتر لە 40 ساڵ دەگەڕێتەوەم بە گوتەی دکتۆر ئازاد محەممەدیانی، بە گۆڕینی سەرۆکی ئەمریکا، گۆڕانکارییەکی "ئەوتۆ" لە پەیوەندییەکانیان روونادات.

 

 

زیاتر بخوێنەوە

21:05

ترەمپ: پێشێلکاری راگرن

ترەمپ: پێشێلکاری راگرن
 
چاوەڕوان دەکرێت لە کاژێرەکانی داهاتوودا ئەنجامی چەند ویلایەتێکی دیکە یەکلابکرێنەوە، دیارترینیان جۆرجیا کە تاوەکو ئێستا دۆناڵد ترەمپ بە جیاوازییەکی کەم لەپێشەوەیە. سەرۆکی ئەمریکا لە تویتەری خۆیەوە پەیام بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، "پێشێلکاری رابگرن".
 
سەرۆکی ئەمریکا بەشێک لە تویتەکانی لەلایەن تویتەرەوە دەشاردرێنەوە و لینکی دروستی هەڵبژاردنەکان دادەنرێت لەبارەیانەوە، لە یەکێکی دیکە لە تویتەکانی دەڵێت، سەرکەوتنێکی گەورەی یاساییان بەدەستهێناوە. 
 
سەرکەوتنە یاساییەکەی ترەمپ باسی دەکات ئەوەیە، دادگە رێگەی بە چاودێرانی کەمپەینی ترەمپ داوە بۆ ئەوەی لە نزیکترەوە چاودێریی جیاکردنەوەی دەنگەکان بکەن. 
 
پێشتریش ترەمپ لە تویتێکدا کە بەهەمانشێوە لەلایەن تویتەرەوە شاردرایەوە، داوای کرد، ژماردنی دەنگەکان بوەستێندرێت. 
 
جۆ بایدنیش لە تویتێکدا دووپاتی کردووەتەوە کە پێویستە هەموو دەنگەکان هەژمار بکرێن، دەشڵێت، "خەڵکینە ئارام بن، دەنگەکان دەژمێردرێن و رازین بە ئەنجامەکان".
 

 

زیاتر بخوێنەوە

20:14

کورد چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

کورد چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکایە
کورد چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکایە
 
لە چەند کاژێری داهاتوو یان رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوو 46ـەمین سەرۆکی ئەمریکا دەربکەوێت، جیهان چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمریکایە، لە نێویشیاندا کورد وەکو هاوبەش و هاوپەیمانێکی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
 
هەرێمی کوردستان و ئەمریکا چەندین ساڵە پەیوەندییان هەیە، لە 2011ـەوە واشنتن کۆنسوڵخانەی خۆی لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە، بڕیارە بە بەهای 600 ملیۆن دۆلار کۆنسوڵخانەکەی گەورە بکات و ببێتە گەورەترین لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
کاتۆ سەعدوڵڵا، شارەزای کاروباری ئەمریکا دەڵێ پێویستە لە هەولێر پەیوەندی نێوان سەرکردەکانی کورد و کۆنسوڵخانەی ئەمریکا زۆر نزیک و بەهێز بێت، چونکە ئەو کۆنسوڵخانەیە راپۆرت دەداتە وەزارەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانی و ئینجا دەگاتە سەرۆکی ئەمریکا.
 
ئەمریکا لە چاکسازی لە ریزەکانی پێشمەرگە بەشدارە و ناوەناوەش هاوکاری کەرتی دیکەی وەکو تەندروستی دەکات، ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ بە بڕی 250 ملیۆن دۆلار هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگەی کرد، بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری هیڵی ئەمریکیش وڵاتەکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دۆستی کەمی ماون، بەڵام یەکێک لەو دۆستانەی کوردە، بۆیە گوشارەکانی سەر کوردیش زیاتر دەبن.
 
هێشتا گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی نوێی ئەمریکا دیار نین، بەڵام ئەوەی شرۆڤەکاران جەختی لێدەکەنەوە پێویستیی خۆئامادەکردنی کوردە بۆ دوای ئەو قۆناخە، بەتایبەت کە دۆخی عێراق و ناوچەکە لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە رووبەڕووبووەتەوە. 

 

زیاتر بخوێنەوە

19:30

راگەیاندنی ئەنجامەکانی جۆرجیا نزیکدەبێتەوە و بایدن چوار پۆینت لەدواوەیە

راگەیاندنی ئەنجامەکانی جۆرجیا نزیکدەبێتەوە و بایدن چوار پۆینت لەدواوەیە
 
جیهان چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکایە کە بەپێی داتاکانی ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس پێنج ویلایەتی یەکلاکەرەوە ماون و بایدن و ترەمپ لە جۆرجیا و نیڤادا شەڕی پۆینت دەکەن. 
 
براد رافێنسپێرگەر، سکرتێری ویلایەتی جۆرجیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەیانیی ئەمڕۆ (بەکاتی ناوخۆیی ویلایەتەکە) تەنیا 60 هەزار دەنگ مابوون بژمێردرێن و راگەیاندنی ئەنجامەکان "لە نیوەڕۆدا دەبێت" کە دەکاتە کاژێر 08:00ـی شەو بەکاتی هەرێمی کوردستان. 
 
بەپێی دوایین داتاکانی ئەسۆشیەیتد پرێس، دۆناڵد ترەمپ بە 0.4 پۆینت لەپێش بایدنەوەیە و 49.6%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە کە دوو ملیۆن و 432 هەزار و 928 دەنگن. بایدنیش 49.2%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. 

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

17:30

ئەڵمانییەکان جۆ بایدنیان پێباشترە

ئەڵمانییەکان جۆ بایدنیان پێباشترە
 
بەشێکی زۆری خەڵکی ئەڵمانیا پشتیوانی لە جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان لە کێبڕکێی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەکەن. خەڵکی بەرلینی پایتەختی ئەو وڵاتە پێیانوایە بایدن دەتوانێت پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەڵمانیا و ئەوروپاش هەبێت، ترسیشیان لەوەیە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئەڵمانیا و ئەمریکا بەرەو خراپتر ببات.
 
ئەوانەشی کە حەزیان بە سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بوو لە مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەنجامە سەرەتاییەکاندا ناڕازین.
 
بایدن لە سەرکەوتن نزیکە و ترەمپ لەبارەی ژماردنی دەنگەکان لە چەند ویلایەتێک سکاڵای تۆمارکردووە.
 
نیکۆڵ راتکەر دانیشتووی بەرلینە و دەڵێت "بێگومان مەترسییەکی گەورە هەیە کە لەوانەیە شتێک رووبدات ببێتە هۆی گرژی و شەڕی ناوخۆیی و شتی لەو جۆرە، بەڵام  خەڵک پێی خۆشە بایدن بیباتەوە، چونکە لە چەند ساڵی رابردوودا بینیمان هەڵبژاردنی ترەمپ کاریگەریی خراپی لەسەر جیهان هەبووە".
 
هێشتا پێنج ویلایەت یەکلایی نەبوونەتەوە، ترەمپ لە چوار ویلایەتیان لەپێشە و پێویستی بەوەیە هەر پێنج ویلایەتەکە بباتەوە.
 
مۆریتز شڤارز دانیشتووی بەرلینە و ئاماژە بەوە دەکات "پێمخۆشە ترەمپ بیباتەوە، بەڵام بڕواناکەم. ئێستاش بەداخەوە، وەکو دۆڕاوێکی خراپ رووخسارێکی جوانی نیشان نەدا، ئەمە مایەی شەرمەزاری بوو بۆ ئەو".
 
بایدن پێویستی بە تەنیا یەک ویلایەتە، لە ویلایەتی نیڤادا پێشکەتووە و نیڤادا دەبێتە یەکلاییکەرەوە بۆ بایدن.
 
هاووڵاتییەکی دیکەی بەرلین بەناوی بێنت شۆڵز گوتی "راستییەکەی من هیوام وایە بایدن براوەبێت، چونکە هەستدەکەم ترەمپ و ئەو شێوازەی کاری پێدەکات زۆر باش نەبوو. بایدن ئامانجی یەکخستنەوەی وڵاتەکەیەتی. هیچ ئەنجامێکیش من تووشی سەرسامی ناکات، بەڵام ترسیشم لەوە هەبوو ترەمپ دووبارە هەڵبژێردرێت".
 
زیاتر بخوێنەوە

11:54

لە ویلایەتی جۆرجیا دەنگەکانی بایدن لە ترەمپ نزیکدەبنەوە

لە ویلایەتی جۆرجیا دەنگەکانی بایدن لە ترەمپ نزیکدەبنەوە
 
جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکانی ویلایەتی جۆرجیا هێشتا بەردەوامە. ئێستا ئەو ویلایەتەش بەهۆی نزیکبوونەوەی دەنگی هەردوو بەربژێرانی کۆماری و دیموکراتەوە، بووەتە یەکێک لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکان.
 
هەرچەندە لە کاژێرەکانی سەرەتای جیاکردنەوەی دەنگەکاندا دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بە جیاوازییەکی زۆر پێش رکابەرە دیموکراتەکەی کەوتبوو، بەڵام دوای دەستپێکردنی جیاکردنەوەی ئەو دەنگانەی لە رێگەی پۆستەوە دراون، بایدن وردە وردە نزیک دەبێتەوە و ئێستا کێبرکێی تووند لەسەر بردنەوەی دەنگی ئەو ویلایەتەش دەستیپێکردووە.
 
بەپێی دوایین ئامارەکان سەبارەت بە ئەنجامە سەرەتاییەکانی ئەو ویلایەتە، ترەمپ بە کەمتر لە 27 هەزار درەنگ لە پێش بایدنەوەیە. بەمەش ترەمپ 49.9% و بایدن 49.2%ی دەنگی ئەو ویلایەتەیان بەدەستهێناوە، چاوەڕێشدەکرێت لە کاژێرەکانی داهاتوودا گۆڕانکاری لە ئەنجامی دەنگەکان رووبدات.
 
براد رافنسپرێگە، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی ویلایەتی جۆرجیا رایگەیاندووە لە هەندێک ناوچەی ئەو ویلایەتە نزیکەی 100 هەزار دەنگ ماون، جیابکرێنەوە و ئەژمار بکرێن. بۆیە ژماردنی ئەو دەنگانەش لەوانەیە گۆڕانکاری دروست بکات.
 
پێشتر هەردوو ویلایەتی میشیگن و ویسکنسن کە لە کاژێرەکانی سەرەتا وا دەردەکەوتن بۆ ترەمپ یەکلایی بووبنەوە، بەڵام دواتر دەرکەوت جۆ بایدن دەنگی هەردوو ویلایەتەکەی بەدەستهێناوە. 
 
هەردوو بەربژێرەکە لە کێبڕکێیەکی تووندی بەدەستهێنانی کورسیی سەرۆکایەتیی کۆشکی سپیدان، بە جۆرێک بەپێی ئامارەکانی کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی جۆ بایدن پێویستی بە تەنیا شەش دەنگی ئەنجوومەنی هەڵبژاردنە بۆ ئەوەی بگاتە کۆشکی سپی، ترەمیش هەرچەندە پێویستی بە 56 دەنگی دیکەی ئەنجوومەنەکەیە، بەڵام تاڕاددەیەک دەنگی ویلایەتەکانی پنسلڤانیا، نۆرس کارۆلاینای یەکلایی کردووەتەوە و لە ویلایەتی جۆرجیاش لە پێش بایدنەوەیە.
 
زیاتر بخوێنەوە

10:31

تورکیا: هەر بەربژێرێک بیباتەوە ئێمە هاوئاهەنگیمان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام دەبێت

تورکیا: هەر بەربژێرێک بیباتەوە ئێمە هاوئاهەنگیمان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام دەبێت
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر ئەمریکای دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی راگەیاند و دەڵێت، هەر کام لە بەربژێرەکان بیباتەوە، تورکیا بە رووحی هاوپەیمانییەوە لەگەڵ ئەمریکا درێژە بە پەیوەندییەکانی دەدات.
 
مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیمانەیەکدا لەبارەی پێشبینییەکانی بۆ ئایندەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا رایگەیاند: "پێشبینیکردن لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بەردەوام کارێكی سەخت بووە، لەبەرئەوەی ئەنجامەکان دەنگە نەتەوەییەکان نا، بەڵکو رێژەی دەنگی ویلایەتەکان یەکلایی دەکاتەوە".
 
چاوشئۆغڵو دەشڵێت "هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە لەژێر سێبەری پەتای کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری و مشتومڕەکان لەبارەی رەگەزپەرستی و لە کەشێکدا بەڕێوەدەچێت کە کۆمەڵگەی ئەمریکا زۆرترین دابەشبوونی بەخۆوە بینیوە". بۆیە پێشبینی بۆ ئەنجامی هەڵبژرادنەکان بە واقیعی نازانێت.
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەوەش دەڵێت، کە ئەوان بەهیچ شێویەک بژارە یان چاوەڕوانییان بە ئاراستەیەکی دیاریکراودا نابێت: "بە تەنیا خەڵکی ئەمریکا خاوەنی ئەو بڕیارەن و پێویستە هەمووان رێز لەو بڕیارە بگرن، گەلی ئەمریکا کێ هەڵبژێرێت، وەک تورکیا ئامادەین لە نزیکەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکادا بکەین". 
 
جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ هەردوو بەربژێری کۆماری و دیموکراتەکان بەردەوامە، بەپێی ئەو ئەنجامانەی تاوەکو ئێستا لە ناوەندەکانی هەڵبژاردنەوە ئاژانسە فەرمییەکان بڵاویان کردوونەتەوە، جۆ بایدنی دیموکرات لەپێش ترەمپی کۆمارییەوەیە، هەرچەندە هێشتا دەنگی ویلایەتەکانی پێنسلڤانیا، نۆرت کارۆلینا، نێڤادا، ئالاسکا، جۆرجیا و ئەریزۆنا ماون بەتەواوی یەکلایی ببنەوە، بەپێی ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس دوایینیان بۆ بایدن یەکلایی بووەتەوە و ئەوەش چانسی بایدنی زیاترکردووە ببێتە 46ەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
 
زیاتر بخوێنەوە

06:55

وەزارەتی داد پۆلیسی چەکدار لە بنکەکانی دەنگدان دادەنێت

 
وەزارەتی دادی ئەمریکا بە ئیمەیڵ داواکاری گشتیی فیدراڵیی ئاگادارکردووەتەوە کە بەپێی یاسا رێگەپێدراون کە پۆلیسی چەکدار بنێرنە بنکەکانی جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکان لە تەواوی ویلایەتەکان. 
 
نیویۆرک تایمز هەواڵەکەی بە پشتبەستن بە سێ کەس بڵاوکردووەتەوە کە ئیمەیڵەکەیان بینیوە، ئەو هەوڵەش بۆ رێگریکردنە لە خرووقات لەکاتی جیاکردنەوەی دەنگەکان. 
 
تیمی ترەمپ سکاڵایان تۆمارکردووە، سەرۆکی ئەمریکاش لە چەند بۆنەیەکی جیاوازدا باسی لەوە کردووە "دەنگەکانی دزراون".

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

06:54

ماڵپەڕی ئیدارەی جۆ بایدن وەکو سەرۆکی ئەمریکا کەوتەکار

ماڵپەڕی ئیدارەی جۆ بایدن وەکو سەرۆکی ئەمریکا کەوتەکار
 
 
ئەگەرچی هێشتا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا رانەگەیێندراوە و یەکلایینەبووەتەوە کێ دەبێتە سەرۆک، جۆ بایدن خۆی بۆ وەرگرتنەوەی کورسی سەرۆکایەتی لە دۆناڵد ترەمپ ئامادە دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش ماڵپەڕێکی کردووەتەوە تاوەکو لە رێگەیەوە پلانەکانی بۆ سەرۆکایەتیکردنی ئەمریکا بخاتەڕوو. 
 
ماڵپەڕەکە بەناوی buildbackbetter.com ـە و ئێستا کەوتووەتەکار تێیدا نووسراوە "خەڵکی ئەمریکا بڕیاردەدەن کێ دەبێتە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا".
 
ناوی ماڵپەڕەکە بە واتای "ئاوەدانکردنەوە بە شێوەیەکی باشتر" دێت ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو پەیامەی کە جۆ بایدن و کامالا هاریس لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بەرزیانکردبووەوە کە ترەمپیان بە لاوازکردنی ئەمریکا تۆمەتباردەکرد و بەڵێنی دووبارە ئاوەدانکردنەوەیان بە لایەنگرەکانیان دەدا. 
 
لە ماڵپەڕەکەدا پلانی بایدن بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا و بەهێزکردنی ئابووریی ئەو وڵاتە خراوەتەڕوو. هەروەها بەشێکی تەرخانکراوە بۆ سکاڵای هاووڵاتیان لە خراپی خزمەتگوزارییەکان.

 

 

زیاتر بخوێنەوە

06:17

تیمی ترەمپ داوای راگرتنی ژماردنی دەنگەکان لە سێ ویلایەت دەکات

تیمی ترەمپ داوای راگرتنی ژماردنی دەنگەکان لە سێ ویلایەت دەکات
 
تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی ترەمپ سکاڵای یاسایی دژ بە ژماردنی دەنگەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە سێ ویلایەت تۆمارکردووە کە پێنسلڤانیا، میشیگن و جۆرجیان. 
 
تیمەکەی ترەمپ دەڵێن، "گومان و نیگەرانیی قووڵمان لە ناوەندەکانی دەنگدان و هەروەها بنکەکانی کۆکردنەوە و دواتر جیاکردنەوەی دەنگەکان هەیە بەتایبەتی ئەو دەنگانەی کە لەرێگەی پۆستەوە دراون". 
 
گومانی زۆری تیمەکەی ترەمپ لە سەر پرۆسەکەیە لە پێنسلڤانیا و نیڤادا، کە نیڤادا شەش کورسی لە ئەنجوومەنی هەڵبژاردن هەیە و بەپێی ئەنجامە هەنووکەییەکان، یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ بایدن. 
 
هاوکات لەگەڵ بەرزکردنەوەی سکاڵاکان، ویلایەتی میشیگن چووە لیستی ئەو ویلایەتانەی کە بە براوەی دیموکراتەکان پۆڵێنکراون لەکاتێکدا هێشتا پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ویلایەتەکانی پێنسلڤانیا، جۆرجیا و نیڤادا بەردەوامە.
 
زیاتر بخوێنەوە

05:10

گوتەبێژی کۆشکی سپی گومان دەخاتە سەر پرۆسەی هەڵبژاردن لە چەند ویلایەتێک

گوتەبێژی کۆشکی سپی گومان دەخاتە سەر پرۆسەی هەڵبژاردن لە چەند ویلایەتێک
 
کەیلی مکێنانی، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی لەگەڵ میدیای ئەمریکیدا رایگەیاند، بەرپرسانی دیموکرات لە شاری فیلادلفیای سەر بە ویلایەتی پێنسلڤانیا ساختەکارییان لە بەرژەوندی جۆ بایدن ئەنجامداوە. 
 
گوتەبێژی کۆشکی سپی دادوەری دادگەی شارەکە و چەند بەرپرسێکی دیکەی دیموکراتەکانی بە وەرگرتنی بەرتیل بۆ ئەنجامدانی ساختەکاری تۆمەتبارکرد و رایگەیاند، بەو هۆیەوە پارتەکەیان دەیەوێت سکاڵا لەسەر ئەو دەنگانە تۆماربکات کە بەبێ ئامادەبوونی چاودێرەکانی ئەوان ژمێردراون بۆئەوەی پووچەڵبکرێنەوە، چونکە ئەوان گومانیان هەیە لە بەرژەوەندی بایدندا ساختەکاری کرابێت.
 
گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتیشی، ئەوان پێیانوایە ئەگەر هەژماردنی دەنگەکانی ویلایەتی پێنسلڤانیا "دادپەروەرانە و شەفافانە" بکرێت، ئەوا دۆناڵد ترەمپ بە جیاوازی 40 هەزار دەنگ بە پێش بایدن دەکەوێت.  
 
هەروەها مکێنانی باسی لەوەش کرد، ئەوان گومانیان لە دەنگەکانی ویلایەتی میشیگنیش هەیە، چونکە بەهۆی نەبوونی چاودێرەوە، نازانن دەنگە ساختەکان پوچەڵکراونەتەوە یان هەژمارکراون. 
 
لە بارەی ویلایەتی ئەریزۆنا، کە هێشتا 25%ـی دەنگەکانی ماوە جیابکرێنەوە، و ترەمپ بە کەمتر لە 8000 دەنگ لەدوای بایدنەوەیە، مکێنانی گەشبینە کە دەنگەکانی ترەمپ لە دەنگەکانی بایدن زیاتر دەبن.
 

 

زیاتر بخوێنەوە

04:56

دیموکراتەکان زۆرینەیان لە ئەنجوومەنی نوێنەران لەدەستدا

 
جیاکردنەوەی دەنگەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنە وەرزییەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا بەردەوامە و تاوەکو ئێستا دیموکراتەکان بەرگرییان لە پێگەی خۆیان وەک خاوەن زۆرینەی نێو ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە. بەڵام زۆرینەی رەهایان لەدەستداوە.
 
رۆژی سێشەممە، لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا، هەڵبژاردنی وەرزی تایبەت بە هەڵبژاردنی هەر 435 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران و 35 ئەندامی ئەنجوومەنی پیران بەڕێوەچوو.
 
تاوەکو ئێستا داتاکانی ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس تایبەت بە جیاکردنەوەی دەنگەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشانیدەدات، دیموکراتەکان زۆرینەی رەهایان لەدەستداوە و لەکۆی 232 کورسییەکەی کە هەیانبوو تاوەکو ئێستا براوەی 204 کورسی ئەنجوومەنەکەن، ئەوەش دوای لەدەستدانی 5 کورسی.
 
لەبەرامبەردا کۆمارییەکان کە خاوەن 197 کورسی نێو ئەنجوومەنی نوێنەران بوون، لەم هەڵبژاردنەدا تاوەکو ئێستا 5 کورسییان بردووەتەوە و بوونەتە خاوەنی 190 کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران.
 
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پیرانیش تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی 35 ئەندامی ئەنجوومەنەکە و کۆمارییەکان کە خاوەن 53 کورسی نێو ئەنجوومەنەکە بوون تاوەکو ئێستا 48 کورسییان بەدەستهێناوەتەوە، جیاکردنەوەی دەنگەکان بەردەوامە و چاوەڕێ دەکرێت بەربژێرەکەیان لە کارۆلاینای باکوور، جۆرجیا و ئەلاسکاش براوە بن. 
 
لەبەرامبەردا دیموکراتەکان کە خاوەن 45 کورسی نێو ئەنجوومەنی پیران بوون توانیویانە 45 کورسییەکە بەدەستبهێننەوە، بەڵام چاوەڕێش دەکرێت بەربژێرەکەیان لە میشیگن بیباتەوە.
زیاتر بخوێنەوە

04:18

زیاتر لە 100 هەزار تووشبووی نوێی کۆرۆنا لە ئەمریکا تۆمارکران

زیاتر لە 100 هەزار تووشبووی نوێی کۆرۆنا لە ئەمریکا تۆمارکران
 
لەکاتێکدا ئەمریکا چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانە، پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکانیش لە ویلایەتەکان بەردەوامن، رۆژی چوارشەممە لە ئەمریکا زیاتر لە 100 هەزار تووشبووی کۆرۆنا لە ئەمریکا تۆمارکران. 
 
ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا بە نزیکەیی لە هەموو ویلایەتەکان لە بەرزەوەبووندایە، ئەوەش چەکی دەستی دیموکراتەکان بوو لە بانگەشەی هەڵبژاردن دژی ترەمپ بەوەی کە شکستیهێناوە لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە و گیانی ئەوانەی بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، دەخەنە ئەستۆی ترەمپ. 
 
بەپێی ئامارەکانی وۆڵد مێتەر، رۆژی چوارشەممە 106 هەزار و 95 تووشبووی نوێ تۆمارکراون و هەزار و 192 تووشبووش گیانیان لەدەستدا. 
 
تاوەکو ئێستا نۆ ملیۆن و 799 هەزار و 61 تووشبووی کۆرۆنا لە ئەمریکا تۆمارکراون کە 239 هەزار تووشبوویان گیانیان لەدەستداوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

02:49

ترەمپ: کارلەکار ترازاوە

 
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، بێگەردیی سیستەمی هەڵبژاردنەکان و خودی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا شێوێندراوە و پێویستە گفتوگۆ لەبارەی ئەو پرسەوە بکرێت. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاند، پارێزەرەکانی ویستویانە سەریری داتاکان لە میشیگن،  ویسکنسن و پێنسلڤانیا بکەن و داوا دەکەن "داتای پێویست" لەبارەی دەنگدانەکە بەردەست بێت. بەڵام ترەمپ پێی وایە "تازە کار لەکار ترازاوە" و سیستەمەکە شێوێندراوە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکانی ئەمریکا و رکابەری ترەمپ، زۆرینەی دەنگەکانی ویلایەتی میشیگنی بەدەستهێنا و ئێستا تەنیا شەش کورسی ماوە بۆ بوونە سەرۆکی ئەمریکا کە پێویستی بە 270 کورسییە.

 

 

زیاتر بخوێنەوە

01:41

پارێزەرەکەی ترەمپ: لەوانەیە خودی جۆ بایدن 50 هەزار جار دەنگی دابێت

پارێزەرەکەی ترەمپ: لەوانەیە خودی جۆ بایدن 50 هەزار جار دەنگی دابێت
 
روودی جوولیانی، پارێزەری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، فیلادێلفیا کە گەورەترین شاری پێنسلڤانیایە مێژوویەکی دێرینی هەیە لە ساختەکاری و "کارتی دەنگدان بەناوی ئەوانەوە پڕدەکرێتەوە کە مردوون". دەشڵێت، لەوانەیە خودی بایدن، "50 هەزار جار دەنگی دابێت". 
 
روودی جوولیانی دەڵێت، لە فیلادێلفیا رێگری لە دەنگدانی خەڵک کراوە و "بەڵام ئەمجارە ئیدی زۆر سنوور بەزێن بووە. ئەم ساختەکارییە تەنیا لێرە رووینەداوە، بەڵکو لە ویسکنسنیش روویداوە". 
 
تیمی هەڵبژاردنی بایدن رایانگەیاندووە، چاوەڕوان دەکەن ویلایەتی میشیگن ببەنەوە، لەکاتێکدا فۆکس نیوز رایگەیاندووە، ئەو ویلایەتە بۆ بایدن یەکلایی بووەتەوە، بەڵام هێشتا داتاکانی رووداو کە پشت بە ئاژانسی رۆیتەرز دەبەستێت، پشتڕاستی نەکردووەتەوە. 
 
هێشتا پرۆسەی جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەردەوامە، بەپێی داتاکانی ئاژانسی فرانس پرێس، بایدن 248 کورسی مسۆگەرکردووە و دۆناڵد ترەمپیش 214 کورسی، رکابەرییەکی تووندیش لەسەر ویلایەتەکانی میشیگن، پێنسلڤانیا، نۆرس کارۆلاینا، ئالاسکا و جۆرجیا تووندن. 
 
ترەمپ لە دوو بۆنەی جیاوازدا ئاماژەی بەوە کردووە دەنگەکانی "دزراون" و بەشێوەیەکی "جادوویی" دیارنەماون، بەڕێوەبەری کامپەینی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپیش دەڵێت، سەرۆک داوای "دەستبەجێ" هەژمارکردنەوەی دەنگەکانی ویلایەتی وێسکنسن دەکات. 
 
روودی جوولیانی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و باسی لەوە کرد، لە ویسکنسن لە کاژێر 04:00 یان 03:00ـی بەرەبەیانی رۆژی هەڵبژاردنەکان زیاتر لە 120 هەزار پۆستی دەنگدان گەیشتوون، دەپرسێت "باشە ئەمانە لە کوێوە هاتن؟ کەس نازانێت و ئێمەش نازانین ئایا ئەوانە پۆستەی دەنگدانی راست و دروست بوون یان نا".
 
زیاتر بخوێنەوە

01:00

جۆ بایدن: دڵنیاین سەرکەوتوو بووین

جۆ بایدن: دڵنیاین سەرکەوتوو بووین
 
بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە تاوەکو ئێستا بەپێی دەنگی ئەو ویلایەتانەی جیاکراونەتەوە لەپێش دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان و سەرۆکی ئەمریکایە دەڵێت، سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەستهێناوە. 
 
جۆ بایدن دەڵێت، سەرکەوتن راناگەیێنێت، بەڵام دەڵێت، "دڵنیاین سەرکەوتن بەدەستدەهێنین". کە سەرکەوتنیش بەدەستدەهێنێت، واتە "هەموو ئەمریکا سەرکەوتوون". 
 
بایدن کە جەخت دەکاتەوە کە خۆی و کامالا هاریسی جێگری بەردەوامن لە بردنەوەی دەنگەکان بەشێوەیەک کە هیچ بەربژێرێکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ئەوەندە دەنگی نەبردبێتەوە. 
 
هێشتا پرۆسەی جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەردەوامە، بەپێی داتاکانی ئاژانسی فرانس پرێس، بایدن 248 کورسی مسۆگەرکردووە و دۆناڵد ترەمپیش 214 کورسی، رکابەرییەکی تووندیش لەسەر ویلایەتەکانی میشیگن، پێنسلڤانیا، نۆرس کارۆلاینا، ئالاسکا و جۆرجیا تووندن. 
 
بایدن لە گوتارەکەیدا بەڵێنی دا کە "ویلایەتی سوور و شین" نامێنێت لە وڵات، کە ئاماژەیە بۆ جیاوازیی کۆماری و دیموکراتەکان، دەڵێت، دەبێتە سەرۆکی هەموو ئەمریکا و بەتەنیا "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەمێنێت". 
 
بایدن جەختی کردەوە کە دەبێت هەموو دەنگەکان هەژمار بکرێن، ئەوکات سەرکەوتن رادەگەیێنێت، کە بە بڕوای خۆی "سەرکەوتوو دەبن کاتێک هەژمارکردنی دەنگەکان کۆتایی دێت". دەشڵێت، خۆیان بەدەستەوە نادەن. 
 
تیمی هەڵبژاردنی بایدن رایانگەیاندووە، چاوەڕوان دەکەن ویلایەتی میشیگن ببەنەوە، لەکاتێکدا فۆکس نیوز رایگەیاندووە، ئەو ویلایەتە بۆ بایدن یەکلایی بووەتەوە، بەڵام هێشتا داتاکانی رووداو کە پشت بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس دەبەستێت، پشتڕاستی نەکردووەتەوە. 
 
ترەمپ لە دوو بۆنەی جیاوازدا ئاماژەی بەوە کردووە دەنگەکانی "دزراون" و بەشێوەیەکی "جادوویی" دیارنەماون، بەڕێوەبەری کامپەینی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپیش دەڵێت، سەرۆک داوای "دەستبەجێ" هەژمارکردنەوەی دەنگەکانی ویلایەتی وێسکنسن دەکات. 
زیاتر بخوێنەوە

22:24

جۆ بایدن لە ویسکەنسن سەرکەوتنی بەدەستهێنا و کورسییەکانی بوون بە 248

ژماردنی دەنگەکان لە ویلایەتی ویسکەنسن
 
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، جۆ بایدن، بەربژێری پارتی دیموکرات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ویلایەتی ویسکەنسن سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و ژمارەی کورسییەکانی بۆ 248 کورسی زیادیکرد.
 
ویلایەتی ویسکەنسن 10 کورسیی هەیە و جۆ بایدن سەرجەمیانی بەدەستهێناوە.
 
ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشتر تیمی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ رایانگەیاند، داوادەکەن دووبارە دەنگەکانی ویلایەتی ویسکەنسن بژمێردرێنەوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

22:16

تیمی هەڵبژاردنی بایدن: زیاتر لە 50%ی دەنگەکانمان بەدەستهێناوە

ژمارەیەک لە لایەنگرانی جۆ بایدن
 
جۆ بایدن چەند داتایەکی تیمی هەڵبژاردنەکەیی بڵاوکردەوە کە باس لەوە دەکات، بایدن لە مێژووی ئەمریکادا زۆرترین دەنگی بەراورد بە بەربژێرەکانی دیکە بەدەستهێناوە.
 
هەروەها تیمەکەی بایدن ئاماژە بەوە دەکەن، بەربژێرەکەیان زیاتر لە 50%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و "بەراورد بە ساڵی 2016ش سێ ویلایەت زیاتریان بەدەستهێناوە".
 
ئەمەش لەکاتێکدایە بەپێی دوایین داتاکان، جۆ بایدن 50.2%ی کۆی گشتیی دەنگەکانی بەدەستهێناوە کە زیاتر لە 70 ملیۆن و 258 هەزار دەنگە، هەروەها دۆناڵد ترەمپ 48.2%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە کە زیاتر لە 67 ملیۆن و 459 هەزار دەنگە.
 
زیاتر بخوێنەوە

21:44

حاکمی چەند ویلایەتێک وەڵامی ترەمپ دەدەنەوە: ساختەکاری نەکراوە

جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ویلایەتی جۆرجیا. وێنە: AFP
 
بەرپرس و حاکمی هەرسێ ویلایەتی جۆرجیا، پەنسلڤانیا و میشیگن قسەیان بۆ میدیاکان کرد و رایانگەیاند، پرۆسەی هەڵبژاردن لە ویلایەتەکانیان بەبێ کێشە بەڕێوەچوو، ساختەکارییش ئەنجامنەدراوە. پێشبینیش دەکەن ئەنجامی ئەو دەنگانەی کە لەڕێگەی پۆستەوە دراون پێش رۆژی هەینی رابگەیێندرێن.
 
تۆم وۆڵف، حاکمی پەنسلڤانیا گوتی، هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە لە ویلایەتەکەیان بەڕێوەچوو، دووربوو لە دەستی دەرەکی، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان بە تووندی بەرگری لە دەنگی ویلایەتەکەیان دەکەن ئەگەر هاتوو هێرشی کرایە سەر؛ سەبارەت بە دواکەوتنی هەژمارکردنی دەنگەکانیش باسی لەوە کرد کە ئەوە "نیشانەی ئەوەیە کە ئەم سیستەمە کاری خۆی دەکات".
 
لیزا ماری، بەرپرسی کۆمیسیۆنی فیلادلفیا دڵنیایی دا لەوەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بەبێ کێشە بەڕێوەدەچن، بەڵام کاتی کۆتاییهاتنی جیاکردنەوەی دەنگەکان کاتی دەوێت.
 
سەبارەت بەوەی کە ترەمپ دەڵێت شەڕی درەنگکەوتنی جیاکردنەوەی ئەو دەنگانەی بە پۆستە دراون دەبەنە دادگای باڵا، میچ مکۆنێل، سەرۆکی زۆرینە کۆمارییەکانی ئەنجوومەنی پیران گوتی "دادگا بڕیار لەسەر پرسە جێناکۆکەکان دەدات، لەم وڵاتەدا بەم شێوەیە کێشەکان چارەسەردەکرێن".
 
میچ مکۆنێل لەوەدا دۆناڵد ترەمپ بە هەڵە دەزانێت کە زووتر لەکاتی خۆی سەرکەوتنی راگەیاند، دانی بەوەشدا نا کە کاتی دەوێت تاوەکو هەموو ویلایەتەکان هەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان تەواودەکەن.
 
جۆسیلین بینسن، وەزیری دەرەوەی ویلایەتی میشیگن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا جەختی لەوە کردەوە کە هەموو دەنگێک دەژمێرن و هەژماریشی دەکەن "گەشبینم کە تا درەنگانی ئەمڕۆ زۆربەی دەنگەکان جیاکراونەتەوە".
 
دروستبوونی ئەو هەموو کار و کاردانەوانە دوای ئەوە دێن کە جۆ بایدن بە درێژایی 12 کاژێری رابردوو لە هەرسێ ویلایەتی میشیگن، ویسکەنسن و نێڤادا پێش ترەمپ کەوتەوە، ئەمەش لەکاتێکدا، بەبێ ئەو سێ ویلایەتە، دەنگی نوێنەرانی بایدن 238 دەنگ بوون، دەنگی نوێنەرانی ترەمپ 213 دەنگ بوون. ئەگەر هەرسێ ویلایەتەکە یەکلاییکرانەوە و لە بەرژەوەندیی بایدن بوون، کە پێشبینی دەکرێت لە چەند کاژێری داهاتوودا ئەنجامەکان یەکلاببنەوە، ئەوا دەنگی بایدن 270 دەنگی نوێنەران تێدەپەڕێنێت کە زۆرینەیە بۆئەوەی ببێت بە سەرۆکی ئەمریکا.
 
لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا نزیکەی 100 ملیۆن کەس تەنیا لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا دەنگیاندا، ئەمەش نزیکەی 70%ی کۆی دەنگەکانی هەڵبژاردنی 2016یە، زیاتر لە نیوەی ئەو ژمارەیە لەڕێگەی پۆستەوە دەنگیانداوە، ترەمپ دژی ئەم جۆرە دەنگدانە بوو، چونکە گەڕاندنەوەی دەنگەکان بۆ مەبەستی ژماردن و جیاکردنەوە پێویستی بە کاتە و ترەمپیش ترسی هەیە لەو ماوەیەدا ساختەکاری بکرێت.
 
دۆناڵد ترەمپ رۆژێک دوای هەڵبژاردن لە گومانەکانی لە پرۆسەی جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکانی بەردەوام بوو، ترەمپ لە تویتەر گوتی خەریکن لە هەموو شوێنێک دەنگ بۆ بایدن کۆدەکەنەوە، ترەمپ دەڵێت لە پەنسلڤانیا، ویسکەنسن و میشیگن دەنگ بۆ بایدن کۆدەکرێتەوە، دەشڵێت "ئەمە بۆ وڵاتەکەمان زۆر خراپە".
 
وۆلفی میگان، بەرپرسی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی ویسکەنسن دوای ئەم تۆمەتەی ترەمپ هاتە سەر هێڵ و گوتی "بە هیچ شێوەیەک ساختەکاری لە ویسکەنسن ئەنجامنەدراوە".
 
زیاتر بخوێنەوە

21:42

تیمی هەڵبژاردنی ترەمپ داوای ژماردنەوەی دەنگەکانی ویلایەتی ویسکەنسن دەکەن

جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ویلایەتی ویسکەنسن. وێنە: AFP
 
تیمی هەڵبژاردنی ترەمپ لە راگەیێندراوێکدا داوای ژماردنەوەی دەنگەکانی ویلایەتی ویسکەنسن دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن، چەند راپۆرتێک باس لە هەندێک ناڕێکی دەکەن لە ناوچەکانی ویسکەنسن و ئەوەش "نیگەرانیی جیددی لەبارەی ئەنجامەکان دروستدەکەن".
 
بیڵ ستیپین، بەڕێوەبەری کەمپەینی هەڵبژاردنی ترەمپ رایگەیاندووە "سەرەڕای بەکارهێنانی راپرسییە هیچەکان وەکو تاکتیکێکی سەرکوتکردن"، بەڵام کێبڕکێکە لە ویسکەنسن زۆر لێکنزیک بووە.
 
زیاتر بخوێنەوە

20:09

دۆناڵد ترەمپ: دەیانەوێت لە پەنسلڤانیا نیو ملیۆن دەنگم شوێنبزر بکەن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاند، رکابەرەکانی کار لەسەر ئەوە دەکەن هەرچی زووە زیاتر لە نیو ملیۆن دەنگی شوێنبزرکەن.
 
سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکی دیکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە هەموو شوێنێک دەنگ بۆ بایدن دەدۆزنەوە، لە پەنسلڤانیا، ویسکۆنسن و میشیگن، دەشڵێت "ئەمە زۆر خراپە بۆ وڵاتەکەمان".
 
زیاتر بخوێنەوە

19:15

جۆن بۆڵتن: راگەیاندنی سەرکەوتن لەلایەن ترەمپەوە شتێکی ناشرین بوو

جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی. وێنە: AFP
 
جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، "ئەو رەفتارەی ئەم بەیانییە ترەمپ کردی کە پێش راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن سەرکەوتنی راگەیاند، شتێکی ناشرین بوو، هیچ سەرۆکێک لە مێژووی ئەمریکا شتی وای نەکردووە".
 
راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا کە لە 10ی ئەیلوولی 2019 لەلایەن ترەمپ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، ترەمپ تەنانەت گومانی لەو دەنگانەی خۆشی هەیە کە هێشتا جیانەکراونەتەوە.
 
جۆن بۆڵتن لەماوەی رابردوودا کتێبێکی لەسەر سەرۆکی ئەمریکا نووسیوە و هەندێک زانیاریی کۆشکی سپی تێدا باسکردبوو، دەڵێت "ئەگەر ترەمپ ئەم هەڵبژاردنە نەباتەوە بۆ چەندین هەفتە نایبڕێنێتەوە".
 
راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا باسی لەوەش کردووە "ئەمانە ئەوەمان پێدەڵێن کە بۆچی ئەو بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا ناشێت. ئەو وەکو سەرۆک بەرپرسیارێتییەکی هەیە، ئەوە بەلایەک کە هاوکات بەربژێریشە تاوەکو متمانە بداتە خەڵکەکەی کە دەنگەکانیان پارێزراو دەبن".
 
زیاتر بخوێنەوە

18:55

ترەمپ: لەو شوێنانەی دیموکراتەکان باڵادەستن، دەنگەکانم بەشێوەیەکی جادوویی نەماون

دۆناڵد ترەمپ و مێلانیای هاوژینی. وێنە: AFP
 
سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، لەو ویلایەتانەی پارتی دیموکرات باڵادەستن، دەنگەکانی دەستکاریکراون. ئەمەش لەکاتێکدایە، جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان لەپێش دۆناڵد ترەمپەوەیە. جۆ بایدنیش دەڵێت، پشوو نادەن تاوەکو هەموو دەنگەکان هەژماردەکرێن.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین تویتیدا دەڵێت "شەوی رابردوو من لەپێشەوە بووم، زۆرجار بەشێوەیەکی جێگیر، لە ژمارەیەکی بەرچاو لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکان، بەنزیکەیی لە هەموو دۆخێکدا لەو ویلایەتانەی کە دیموکراتەکان بەڕێوەیدەبەن و باڵادەستن. دواتر یەک بە یەک، بەشێوەیەکی جادوویی دەنگەکانم دیارنەمان کاتێک دەنگی لابەلا هەژمارکران".
 
سەرۆکی ئەمریکا دۆخی ئەو چەند ویلایەتە بە "زۆر سەیر" ناودەبات و دەڵێت، سەنتەرەکانی راپرسی هەڵە بوون، هەروەک پێشووتریش وابوون.
 
دۆناڵد ترەمپ پرسیویەتی، چۆنە کە هەرجارێک دەنگی پۆستە هەژماردەکەن راستەوخۆ باڵانس و رێژەی دەنگدانەکە بەو شێوە فراوانە دەگۆڕێت؟
 
هاوکات جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە "پشوو نادەین هەتاوەکو دەنگی هەمووان هەژماردەکرێت".
 
تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی جۆ بایدن رایانگەیاندووە، لەو باوەڕەدان کە "بەرەو سەرکەوتنێکی روون" هەنگاو دەنێن. ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئاشکراکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی چەند ویلایەتێکی یەکلاکەرەوە ماون، لەوانەش، جۆرجیا، میشیگن و پەنسلڤانیا.
 
بۆب باوەر، راوێژکاری هەڵمەتی هەڵبژاردنی بایدن رایگەیاند، ئەمریکا دەبێت "باوەڕی بە پرۆسەی دەنگدان هەبێت" و ژماردنی دەنگەکانیش بەردەوامبێت تاوەکو هەموو دەنگەکان جیادەکرێنەوە. هاوکات دۆناڵد ترەمپی بەوە تۆمەتبارکرد کە "گەنگەشەی گوماناوی" دەکات و گوتیشی "ئێمە بەرگری لە دەنگەکان دەکەین".
 
هێشتا ژماردنی دەنگی ملیۆنان دەنگدەری ئەمریکی ماون و هیچ بەربژێرێکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ناتوانێت بە رەهایی سەرکەوتن رابگەیێنێت.
 
پێشتر دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و سووربوونی خۆی لەسەر ئەوە راگەیاند کە پرسەکە دەباتە دادگای باڵای وڵاتەکەی، هەروەها باسی لەوە کرد کە ساختەکاری کراوە، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو.
 
رۆژی 3ی تشرینی دووەمی 2020 هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بەڕێوەچوون، کە بە هەڵبژاردنێکی مێژوویی لە ئەمریکا ناوبرا.
 
زیاتر بخوێنەوە

17:28

جۆ بایدن لە ویلایەتی میشیگن پێشکەوت

جیاکردنەوەی دەنگەکان لە میشیگن. وێنە: AFP
 
94%ی دەنگەکانی ویلایەتی میشیگن کە 16 کورسی ئەنجوومەنی هەڵبژاردنی هەیە جیاکراوەتەوە و تاوەکو ئێستا جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان 49.4%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و دۆناڵد ترەمپ 49.1% دەنگەکانی بەدەستهێناوە و وا دەردەکەوێت ئەو ویلایەتە لە بەرژەوەندیی جۆ بایدن یەکلایی ببێتەوە، بەوەش بایدن نزیکدەبێتەوە لە مسۆگەرکردنی کورسی سەرۆکایەتی لە کۆشکی سپی.
 
لەو رێژەیەی دەنگەکان کە جیاکراوەتەوە دەنگەکان بەمشێوەیە دابەشبوون:
 
بایدن: 2 ملیۆن و 518 هەزار و 923 دەنگی هێناوە
ترەمپ: 2 ملیۆن و 500 هەزار و 843 دەنگی هێناوە
 
زیاتر بخوێنەوە

16:21

ئەو شارەی ئەمریکا کە 60 ساڵە بەربژێری سەرۆکایەتی یەکلایی دەکاتەوە

جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ. وێنە: AFP
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، شاری ڤیگۆ لە ویلایەتی ئیندیانا ماوەی 60 ساڵە بەربژێری براوەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دیاریدەکات، دواجار ساڵی 2016 بوو کە دۆناڵد ترەمپ تێیدا بردییەوە.
 
بەپێی دوایین راپرسییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەو شارە کە رۆژی 1ی تشرینی دووەمی 2020 لەلایەن کۆلێژی ئێمێرسۆن بڵاوکراوەتەوە، دیموکرات و کۆمارییەکان هەریەکەیان 48%ی دەنگەکان بەدەستدەهێنن.
 
لە ساڵی 2016 دۆناڵد ترەمپ توانی بە بەدەستهێنانی 14 خاڵ لەو شارە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ساڵی 2008 و 2012 دەنگدەرانی ئەو شارە دەنگیان بە باراک ئۆباما دا و پۆستی سەرۆکایەتیی بەدەستهێنا.
 
لە ساڵی 1888یشەوە دەنگدەرانی ئەو شارە دەنگیان بە هەر بەربژێرێک دابێت، ئەو بەربژێرە بردوویەتییەوە، جگە لە دوو ساڵ نەبێت کە ساڵەکانی 1908 و 1952 بوون.
 
شارەکە زێدی هەریەکە لە مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و ئەیمی بارێت، ئەندامی تازە دەستبەکاربووی دادگای باڵای ئەمریکایە، بۆیە پێشبینی دەکرێت شارەکە دەنگیان بۆ کۆمارییەکان بێت.
 
ئەمەش لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا براوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ ساڵی 2020 یەکلایی نەبووەتەوە و کێبڕکێیەکی تووند لەنێوان هەردوو بەربژێری سەرەکیی دیموکرات و کۆمارییەکان هەیە.
 
زیاتر بخوێنەوە

16:06

راگەیاندنی سەرکەوتن لەلایەن ترەمپەوە بازاڕەکانی ئەوروپای دابەزاند

ترەمپ ئەم بەیانییە رایگەیاند، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکای بردووەتەوە، بەهۆی ئەم بانگەشەیەوە بازاڕەکانی ئەوروپا دابەزینێکی بەرچاویان بەخۆوە بینی.
 
لە ئەڵمانیا بۆرسەی جێرمان داکس لە یەکەم کاژێرەکانی دوای راگەیاندنی سەرکەوتن لەلایەن ترەمپەوە بە 11 هەزارو 848 خاڵ دابەزی. بۆرسەی CAC 40ی فەرەنسا 159 خاڵی لەدەستدا، یۆرۆنێکست 100 بۆرسەی ئەوروپییەو تاوەکو ئێستا 27 خاڵی لەدەستداوە، بەڵام هێشتا کاریگەری بۆرسەکانی بەریتانیا و سویسرا دیار نییە.
 
ئیدارەی ترەمپ تووندە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی، بەتایبەتی لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانی و رێککەوتننامانەی بەیەکەوە هەیانە، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی ناتۆدا، ترەمپ گوشاری تووندی خستووەتە سەر ئەڵمانیا، داوای لێدەکات بودجەی بەرگریی زیادبکات کە ناتۆ دەیەوێت لەدژی رووسیا بەرگرییەکەی پێ بەهێز بکات، بەڵام ئەڵمانیا تاوەکو ئێستا ئامانجەکانی ئەمریکای بەجێنەهێناوە.
 
زیادبوونی ناکۆکییەکان لەنێوان واشنتن و بەرلین بووە هۆی ئەوەی ئەمریکا 12 هەزار سەرباز لە ئەڵمانیا بکشێنێتەوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

08:20

ترەمپ سێ ویلایەتی جۆلانەیی یەکلاییکردنەوە

ترەمپ سێ ویلایەتی جۆلانەیی یەکلاییکردنەوە
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، لە ژمارەیەک لە ویلایەتە جۆلانەییەکان پێش جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان کەوتووەو لە سێ ویلایەتیش سەرکەوتنی مسۆگەر کردووە.
 
هەرچەندە بەپێی دەنگی گشتیی تاوەکو ئێستا جۆ بایدن پێش دۆناڵد ترەمپ کەوتووە، بەڵام بەهۆی سەرکەوتنی ترەمپ لە ویلایەتە جۆلانەییەکاندا،  سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ ئەگەرێکی زیاترە.
 
لە فلۆردیا، کە یەکێکە لە ویلایەتە گرنگەکان و  هەمیشە کاریگەریی لەسەر براوەی هەڵبژاردن دەبێت، دوای جیاکردنەوەی زیاتر لە ٪99ی دەنگەکان، دۆناڵد ترەمپ 51.2%ی بەدەستهێناوە و لەبەرامبەردا جۆ بایدن 47.9%ی بەدەستهێناوە، بەمەش ترەمپ هەر 29 کورسییەکەی فلۆریدای بردووەتەوە.
 
لە ویلایەتی نۆرت کارۆلینا، ٪99ی دەنگەکان جیاکراونەتەوە و لەوێش ترەمپ بە جیاوازی 2 خاڵ سەرکەوتنی بەسەر بایدندا تۆمار کردووە. هەروەها لە ئۆهایۆش بەربژێرەکەی کۆمارییەکان بە جیاوازییەکی زۆر  پێش بەربژێری دیموکراتەکان کەوتووە.
 
زیاتر بخوێنەوە

06:46

ئەگەر ئێستا لەخەو هەستاوی؛ ئەم هەواڵە لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بخوێنەوە

ئەگەر ئێستا لەخەو هەستاوی؛ ئەم هەواڵە لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بخوێنەوە
 
ئەگەر دوێنێشەو بەخەبەربوویت و ئاگاداری گۆڕانکارییەکانیت، پێویست ناکات ئەم هەواڵە بخوێنیتەوە، بەڵام زۆرن ئەوانەی بە هۆکاری جیاواز کاتیان نەبووە دوایین هەواڵ و زانیارییەکان لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ببینن. بەکورتی ئەمانە گرنگترین رووداوەکانی هەڵبژاردنەکانن. 
 
رۆژی سێشەممە 3-11-2020 لە سەرجەم ویلایەتەکانی ئەمریکا هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی سەرۆکی ئەمریکا و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران بەڕێوەچوو. بنکەکانی هەڵبژاردن لە زۆربەی ویلایەتەکان بەراورد بە ساڵی 2016 چۆڵبوون، چونکە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیاتر لە 90 ملیۆن کەس بەشدارییان لە دەنگدانی پێشوەختە کردبوو. 
 
دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن بەردەوام بوون لە هاندانی خەڵک بۆ دەنگدان، ترەمپ لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی فۆکس ئاند فرێندزی فۆکس نیوز رایگەیاند، ئەمجارە زیاتر لە ساڵی 2016 دەنگ بەدەستدەهێنن، کە لەو ساڵەدا کۆمارییەکان 306 ئەندامی ئەنجوومەنی هەڵبژاردنیان بەدەستهێنا، هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە گردبوونەوەی کەمپەینەکانی قەرەباڵخ بوون. گوتی، ئەگەر بایدن بیباتەوە وڵاتەکەیان "هەرگیز وەکو خۆی نامێنێتەوە".
 
بایدن لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ لایەنگرانی لە فیلادلفیا قسەی کرد. لایەنگرانی بە "مام جۆ" ناویاندەبرد و دەیانگوت "خۆشمان دەوێیت"، ئەویش پێی گوتن "ئەمساڵ لە مێژووی ئەمریکادا زۆرترین خەڵک دەنگ دەدەن"، ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشبینی دەکات زیاتر لە 150 ملیۆن دەنگدەری ئەمریکی دەنگ بدەن.
 
بایدن کە وادەردەکەوت پشتئەستوور بێت بە راپرسییەکانی پێش هەڵبژاردن کە لە بەرژەوەندی ئەو بوون، بە متمانە بە خۆبوونەوە قسەی دەکرد و گوتی، ترەمپ رێزی پێگە و رۆڵی ئەمریکا ناگرێت، ئەگەر ئەوان بچنە دەسەڵات، ئەمریکا دەخەنەوە سەر رێچکەی خۆی. 
 
کاژێر 2:00ـی بەرەبەیان بەکاتی هەرێمی کوردستان، بنکەکانی دەنگدان لە ئیندیانا و کنتاکی داخران، ئەنجامە بەراییەکانی بەشێک لە ویلایەتەکان راگەیێندرا و لە بەشێک لە ویلایەتەکانیش هێشتا جیاکردنەوەی دەنگەکان بەردەوامە. لەو ویلایەتانەی یەکلابوونەتەوە، بایدن لەپێش دۆناڵد ترەمپە: 
 
 
ترەمپ و بایدن رکابەرییەکی تووند دەکەن لەسەر ویلایەتە جۆلانەییەکانی وەکو تێکساس، ئۆهایۆ و میشیگن.
 
دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن هەردووکیان رایانگەیاندووە کە پێش یەکلاییبوونەوەی ئەنجامەکان، سەرکەوتنی پێشوەختە راناگەیێنن. 
 
زیاتر بخوێنەوە

06:22

لینزی گراهام جارێکی دیکە بۆ ئەنجوومەنی پیران هەڵبژێردرایەوە

لینزی گراهام جارێکی دیکە بۆ ئەنجوومەنی پیران هەڵبژێردرایەوە
 
لینزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکا و ئەندامی پارتی کۆمارییەکان، جارێکی دیکە بە سیناتۆری ئەمریکا هەڵبژێردرایەوە و بەسەر جەیمی هاریسن، رکابەرە دیموکراتەکەی لە ویلایەتی ساوس کارۆلاینا سەرکەوت. 
 
لینزی گراهام سیناتۆرێکی ناسراوی کۆمارییەکانە، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو کاتێک لەگەڵ بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان‌ له‌ ئه‌مریکا کۆبووەوە، گفتوگۆیان دەربارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کرد. بەیان سامی عەبدولڕەحمان رایگەیاند، گراهام پشتگیری بەردەوامی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو سیناتۆرەی بە "دۆستی دێرینی گەلی کورد" ناوبرد. هاوکات لەکاتی هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان لە ئۆکتۆبەری 2019، ئەو سیناتۆرە پاڵپشتیی کوردی کرد.

 

 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

04:24

ترەمپ و بایدن کێبڕکێیەکی تووند لەسەر فلۆریدا دەکەن

ترەمپ و بایدن کێبڕکێیەکی تووند لەسەر فلۆریدا دەکەن
 
بەپێی ئەنجامی بەرایی 88%ـی دەنگە جیاکراوەکانی ویلایەتی فلۆریدا کە خاوەنی 29 کورسییە، دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن کێبڕکێیەکی تووند دەکەن و دەنگەکانیان جیاوازییەکی کەمیان هەیە. ترەمپ بە بەدەستهێنانی 50.8%ـی دەنگەکان لەپێش بایدنەوەیە. 
 
بەپێی ئەو ئەنجامە بەراییانە کە لەلایەن ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسەوە بڵاوکراونەتەوە، جۆ بایدن 48.3%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. 
 
 
زیاتر بخوێنەوە

03:07

ئەنجامی بەرایی؛ دۆناڵد ترەمپ لە ویلایەتی کێنتاکی براوەبوو

ئەنجامی بەرایی؛ دۆناڵد ترەمپ لە ویلایەتی کێنتاکی براوەبوو
 
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان کە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس بڵاویکردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ویلایەتی کێنتاکی زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا و براوەبوو. بەو پێیە هەشت کورسی لەو ویلایەتە بەدەستهێناوە. 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

02:25

ئەنجامی بەرایی دەنگدان لە ویلایەتی کنتاکی؛ بایدن لەپێشە

 
 
بەپێی ئەنجامی بەرایی 10%ـی جیاکراوەی دەنگەکانی ویلایەتی کێنتاکی، جۆ بایدن لەپێش دۆناڵد ترەمپەوەیە و 53.2%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و دۆناڵد ترەمپ 45.3%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

02:19

یەکەم تویتی ترەمپ دوای داخستنی بەشێک لە بنکەکانی دەنگدان

 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاند، دۆخیان لە هەموو وڵاتەکە زۆر باشە. سوپاسی دەنگدەرانیشی دەکات.
 
زیاتر بخوێنەوە

01:42

نانسی پیلۆسی: متمانەی تەواوم هەیە کە بایدن هەڵبژاردن دەباتەوە

نانسی پیلۆسی: متمانەی تەواوم هەیە کە بایدن هەڵبژاردن دەباتەوە
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێت، دڵنیایە لەوەی دیموکراتەکان دەنگی زۆرینە بەدەستدەهێنن و هەڵبژاردنەکەش دەبێتە گەڕاندنەوەی رووحییەت بۆ ئەمریکییەکان.
 
نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند، متمانەی تەواوی بەوە هەیە کە جۆ بایدن بەربژێری دیموکراتەکان دەنگی زۆرینە بەدەستدەهێنێت و بەسەر دۆناڵد ترەمپ سەردەکەوێت.
 
پیلۆسی ئەو هەڵبژاردنە بە چارەنووسساز ناودەبات و پێیوایە خەڵکی ئەمریکا دەنگ بۆ تەندروستی و گۆڕانکاری دەدەن. 
زیاتر بخوێنەوە

00:32

لە بەشێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە داوا لە خەڵک دەکرێت لە ماڵەوە بمێننەوە

بنکەیەکی دەنگدان لە نیڤادا

رووداو دیجیتاڵ

لە بەشێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا پەیوەندی بە خەڵکەوە دەکرێت و داوایان لێدەکرێت لە ماڵەکانیان بمێننەوە، ئێف بی ئای ـش دەڵێت، لێکۆڵینەوە دەکەن. 
 
بەرپرسێکی باڵای ئاسایشی ئینتەرنێتی لە ئەمریکا ئەو تەلەفۆنانە بە "تاکتیک بۆ سەرکوتکردن و ترساندنی دەنگدەران ناودەبات". بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکاش دەڵێن، لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییانە هەن. 
 
لێتیتا جەیمس، دادوەری گشتیی نیویۆرک رایگەیاند، نووسینگەکەی بەشێوەیەکی چالاکانە لێکۆڵینەوە لەو رووداوە دەکات. دەشڵێت، "دەنگدان بنچینەی دیموکراسیمانە" ئەو کارانەش بە پێشێلکردنی مافی دەنگدەران دەزانێت و دەڵێت "نایاسایی و بێزارکەرە" شتێکی واش "قبووڵ ناکرێت".
 
دانا نێسێل، دادوەری گشتیی میشیگن ـیش لە تویتێکدا دەڵێت، راپۆرتی پێگەیشتووە کە لە تەلەفۆنەکاندا بە خەڵکیان گوتووە، سبەی خەڵکی دەنگ دەدەن بەهۆی قەرەباڵخی و دوورودرێژی ریزی دەنگدانەوە. 

 

زیاتر بخوێنەوە

23:55

"مام جۆ" بۆ لایەنگرانی: دەبێت ترەمپ بزانێت ئێمە لە ئەمریکا دەژین

جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا. وێنە: AFP
 
جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە فیلادلفیا قسەی کرد. لایەنگرانی بە "مام جۆ" ناویاندەبرد و دەیانگوت "خۆشمان دەوێیت"، ئەویش پێی گوتن "ئەمساڵ لە مێژووی ئەمریکادا زۆرترین خەڵک دەنگ دەدەن"، ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشبینی دەکات زیاتر لە 150 ملیۆن دەنگدەری ئەمریکی دەنگ بدەن.
 
بە گوتەی بەربژێری دیموکراتەکان، ئەو دەنگدەرانەی تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 30 ساڵە، زۆرترین رێژەی بەشدارییان هەیە و تاوەکو ئێستاش 54%ی دەنگدەران ئافرەتانن.
 
بایدن رەخنەی لە سەرۆکی ئەمریکا گرت و گوتی "سەرۆک زۆر شتی بەرەو دواوە گەڕاندەوە، یەکێک لەوانەش ئەوەیە کە ئەو پێیوایە دەتوانێت بڕیار لەسەر ئەوە بدات کێ دەنگبدات. باشە، ئێوە بڵێن چی؟ خەڵک بڕیار لەوە دەدات کە کێ دەبێت بە سەرۆک!"
 
بەربژێرەکەی دیموکراتەکان ئاماژەی بەوەش کرد "دەبێت لەبیرمانبێت کە ئێمە لەکوێین.. ئێرە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە!"
 
نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پێشتر بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای راگەیاند، ئەمریکا نە تورکیایە، نە کۆریای باکوورە و نە چین.
 
زیاتر بخوێنەوە

22:48

ژمارەی بەشداربووانی ئاهەنگی هەڵبژاردنی کۆشکی سپی کەمدەکرێنەوە

کۆشکی سپی. وێنە: AFP
 
ئاهەنگی شەوی هەڵبژاردن لە کۆشکی سپی ئەمساڵ بە ژمارەیەکی کەمتری بەشداربووان بەڕێوەدەچێت.
 
بەپێی سەرچاوە میدییاییەکانی نزیک لە کۆشکی سپی، ئاهەنگی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە بەبۆنەی رۆژی هەڵبژاردنەوە، کە بە "ئاهەنگی شەوی هەڵبژاردنی کۆشکی سپی" ناودەبرێت بە بەشداریی 250 کەس ئەنجامدەدرێت. لەکاتێکدا پێشووتر ئاماژە بەوە دەکرا نزیکەی 400 کەس لەو ئاهەنگەدا بەشداریدەکەن.
 
پێش دەستپێکردنی ئاهەنگەکەش، هەموو ئەوانەی دەیانەوێت لە کۆشکی سپی بەشداربن پێویستە پێشوەختە پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆ بکرێت.
 
ئەو ئاهەنگە بە بەشداریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ژمارەیەک بەرپرس و میوانی تایبەت کە لەلایەن کۆشکی سپییەوە بانگهێشتدەکرێن لە ژووری رۆژهەڵاتی کۆشکی سپی بەڕێوەدەچێت، کە گەورەترین ژووری ناو کۆشکی سپییە و بۆ ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە ژمارەی میوانەکان سنووردارە و تەنیا 250 کەس بەشداریی تێدا دەکەن.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا پلانەکە وابوو کە ئاهەنگەکە لە هۆتێلی نێودەوڵەتیی ترەمپ لە واشنتن بەڕێوەبچێت، بەڵام دواتر دۆناڵد ترەمپ پلانەکەی گۆڕیوە و بڕیاریداوە ئەو ئاهەنگە هەر لە کۆشکی سپی ئەنجامبدات.
 
زیاتر بخوێنەوە

21:54

تیمی هەڵبژاردنی بایدن: رکابەرایەتییەکی تووند لە چوار ویلایەتی گرنگ هەیە

ژمارەیەک دەنگدەری ئەمریکی لە ریزدا وەستاون بۆئەوەی دەنگ بدەن. وێنە: AFP
 
جێنیفەر دیلۆن، بەرپرسی تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی جۆ بایدن دەڵێت، دەکرێت لە ویلایەتەکانی پێنسلڤانیا، فلۆریدا، ئۆهایۆ و تەکساسیش بدۆڕێن و سەرەڕای ئەوەش براوەبن.
 
بەرپرسی تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی جۆ بایدن ئاماژەی بەوەش کرد، رکابەرایەتییەکی تووند لە ویلایەتەکانی پێنسلڤانیا، فلۆریدا، ئۆهایۆ و تەکساس هەیە.
 
هاوکات بۆب باوەر، راوێژکاری بایدن بۆ کاروباری هەڵبژاردن گوتی، پرۆسەی هەڵبژاردنەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت و کەمترین کێشە روویداوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

21:25

ترەمپ: دەزانم ئەمشەو شەوێکی خۆشمان دەبێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
 
سەرۆکی ئەمریکا لەمیانی سەردانی بۆ نووسینگەکانی لیژنەی نیشتمانیی کۆمارییەکان رایگەیاند، دەزانێت ئەمشەو شەوێکی خۆشیان دەبێت.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی گوتی "بیستوومە لە فلۆریدا، ئەریزۆنا، تەکساس دۆخمان زۆر باشە، پێموایە و بیستوومە کە لە هەموو ئەمریکا دۆخمان باشە"، ئاماژەی بەوەش کرد "پێموایە ئەمشەو شەوێکی خۆشمان دەبێت".
 
سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی گوت "زۆر هەست بە باشی دەکەم"، پەیامیشی بۆ ئەمریکا ئەوەبوو "هەمووان دەبێت یەکبگرن".
 
دۆناڵد ترەمپ گوتیشی، بیری لە دۆڕان یان قبووڵکردنی ئەنجامەکە نەکردووەتەوە و "بردنەوە ئاسان و دۆڕاندن هەرگیز ئاسان نییە، بۆ من ئاسان نییە".

سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت، خۆشەویستی و یەکگرتووییەکی راستەقینە لە وڵاتەکەیدا هەیە.
 
زیاتر بخوێنەوە

19:48

لە هەڵەبجە ترەمپ و بایدن یەکسان بوون

دانانی سندووقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە هەڵەبجە. وێنە: AFP
 
گەنجێکی شاری ھەڵەبجە بەناوی موختار نووری، سندووقی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا داناوە. لەماوەی دوو کاژێری دەنگدان 62 کەس دەنگیان داوە. هەر یەک لە ترەمپ و بایدن 31 دەنگیان هێناوە و لە ئەنجامدا یەکسان بوون.
 

 

_

 

 

هاوکات محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیستی کوردستان "مژدەی سەرکەوتنی جۆ بایدن"ی راگەیاندووە  ""مژدەی سەرکەوتنی بایدنتان ئەدەمێ، چونکە ترەمپ سەبەبی زیاتر لە 200,000 هەزار قوربانی و 9,000,000 ملیۆن تووشبووی کۆرۆنایە لە ئەمریکادا. قوربانییەکانی داگیرکردنی کوردستانی رۆژئاوا و کەرکووک و بەشێکی زۆری کوردستانی باشوور".

زیاتر بخوێنەوە

19:16

خانمی یەکەمی ئەمریکا لە فلۆریدا دەنگی دا

مێلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا. وێنە: AFP
 
مێلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا لە فلۆریدا دەنگی دا و لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە بۆچی لەگەڵ هاوژینەکەی هەفتەی رابردوو نەچووە بۆ دەنگدان، گوتی "رۆژی هەڵبژاردنە، ویستم بێم و دەنگ بدەم".
 
خانمی یەکەم دوای ئەو لێدوانەی بۆ رۆژنامەڤانان، چەند وێنەیەکیشی گرت.
 
زیاتر بخوێنەوە

18:52

هەموو شتێک لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا

هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا - گرافیک: ئەحمەد بەهرام - رووداو
 
ئەمریکا بەسەر دوو پارتی سیاسیی سەرەکیدا دابەشبووە، کاتێکیش سەرۆک هەڵدەبژێردرێت، بێگومان سەر بە یەکێک لەو دوو پارتە سیاسییە دەبێت، ئەوانیش کۆماری و دیموکراتەکانن.
 
ئەمڕۆ 3ـی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، ئەو کەسەی لە پۆستی سەرۆکی ئەمریکا دادەنیشێت، کاریگەریی لەسەر خەڵکی ئەمریکا و خەڵکی زۆربەی وڵاتانی دیکەش دەبێت، بۆیە خەڵکی جیهان چاویان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانە.
 
 
زیاتر بخوێنەوە

18:40

جۆ بایدن: ئەمریکا لەلایەن چینی مامناوەندی خەڵک بونیاتنراوە

جۆ بایدن لە شاری سکرانتۆن لە ویلایەتی پەنسلڤانیا. وێنە: AFP
 
جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان لە سکرانتۆن لە ویلایەتی پەنسلڤانیا بە ژمارەیەک لە لایەنگرانیی راگەیاند "خۆشحاڵم بە هاتنەوەم بۆ زێدەکەم".
 
بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا سەبارەت بە سەردانی بۆ سکرانتۆن جەختی لەوە کردەوە، هەموو هاوینێک هاتووەتە شاری سکرانتۆن، تەنانەت دوای ئەوەی کە بە منداڵییش لێی دوورکەوتووەتەوە، باسی لەوەش کرد کە یەکەمین ئاهەنگی هاوژینیی لەوێ بووە.
 
جۆ بایدن بە لایەنگرانیی گوت "ئەم وڵاتە چینی مامناوەندی خەڵک بونیاتیان ناوە نەک وۆڵ ستریت".
 
لە سەردانەکەیدا بۆ زێدی خۆی، جۆ بایدن سەردانی گۆڕی نەیلیا، هاوژینی پێشووی و نۆمیی کچی کرد کە لە ساڵی 1972 لە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستدا، ئەوەش ماوەیەکی کەم دوای هەڵبژاردنی بایدن بوو وەکو سیناتۆر. هاوکات سەردانی گۆڕی بیۆ بایدنی کوڕیشی کرد کە لە ساڵی 2015 بە شێرپەنجەی مێشک گیانی لەدەستدا.
 
ویلایەتی پەنسلڤانیا یەکێکە لە ویلایەتە سەرەکییەکان و جۆ بایدن لە راپرسییەکاندا بەربژێری لەپێشینەیە، لە ساڵی 2016 ترەمپ لەو ویلایەتە 0.7% لەپێش هیلاری کلینتن-ی رکابەرییەوە بوو.
 
زیاتر بخوێنەوە

17:56

لە سێ ویلایەتی یەکلاکەرەوە ترەمپ و بایدن بە پۆینت لە پێش یەکدییەوەن

دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان و جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا
 
رۆژی 3ی تشرینی یەکەمی 2020 هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە گوندێکی ئەو وڵاتەوە دەستیپێکرد کە ژمارەی دانیشتووانەکەی تەنیا 12 کەس بوون.
 
دەنگدەرانی دیکسفیل نۆچ، کە گوندێکی بچووکە و ژمارەی دانیشتووانەکەی تەنیا 12 کەسە و دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکەم کەسبوون لە رۆژی دەنگدانی گشتیدا، دەنگەکانی خۆیان خستە ناو سندووقەکانی هەڵبژاردنەکان.
 
ئەو گوندە کە دەکەوێتە ناوجەرگەی دارستانەکانی نیوهامشێر لە نزیک سنووری کەنەدا، لە ساڵی 1960ەوە بوونەتە خاوەنی ئەو تایبەتمەندییە و لە هەموو هەڵبژاردنێکدا، بەر لە هەمووان دەنگدەدەن و نازناوی "یەکەم لەسەر ئاستی وڵات"یان پێدراوە.
 
دوای ئەو گوندە، هاوسێکەیان کە گوندی میلسفیلدە، بە هەمانشێوە لە شەودا دەست بە دەنگدان دەکەن، لەکاتێکدا زۆرینەی بنکەکانی دەنگدان لەسەر کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە کاژێر شەش یان حەوتی بەیانییەوە، بە کاتی ناوخۆیی، دەرگاکانیان دەکەنەوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا بەڕێوەدەچێت و رکابەریی سەرەکی بۆ پۆستی چوار ساڵی داهاتووی ئەمریکا، لە نێوان جۆ بایدن، بەربژێری پارتی دیموکرات و دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری پارتی کۆماریدایە.
 
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100 ملیۆن دەنگدەر لەڕێگەی دەنگدانی پێشوەختە، یان دەنگدان لەڕێگەی پۆستەوە دەنگیان داوە. ئەو ژمارەیە، زۆر زیاترە لە ژمارەی دەنگدەرانی پێشوەخت و پۆست کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا بە هەمان شێواز بەشدارییان کرد و ژمارەیان گەیشتە 58.8 ملیۆن کەس.
 
پێشبینیدەکرێت، ژمارەی زۆری دەنگدانی پێشوەختە، ببێتە هۆکاری دواکەوتنی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، چونکە جیاکردنەوەی ئەو دەنگانەی بە پۆستە دراون، پێویستیان بە کاتی زیاترە بۆ جیاکردنەوەی کارتی دەنگدانەکان. چەند ویلایەتێکیش یاسا ناوخۆییەکانی خۆیان لەبارەی هەڵبژاردنەوە، بەو هۆیەوە گۆڕیوە.
 
لە دوا لێدوانەکانیان بەر لە دەستپێکردنی دەنگدانی گشتی، دۆناڵد ترەمپ، متمانەی بە دەرچوونەوەی خۆی لە هەڵبژاردنەکاندا ئاشکرا کرد. لەکاتێکدا جۆ بایدن گوتی، چوار ساڵی سەرۆکایەتیی ترەمپ، ئەمریکای دووچاری بێسەروبەرەیی کردووە و گوتی "ئێستا کاتی ئەوەیە ترەمپ جانتاکانی کۆبکاتەوە و کۆشکی سپی بەجێبهێڵێت.
 
ترەمپ و بایدن هەریەکەیان لە شارۆچکەیەکی نیوهامشێر براوەن
 
جۆ بایدن یەکەم بردنەوەی خۆی لە هەڵبژاردنی ئەمریکا لە شارۆچکەیەکی پێنج کەسی بەدەستهێنا، لە هەمان کاتدا ترەمپ لە شارۆچکەیەکی دیکەدا 16 بە 5 لە بایدنی بردەوە.
 
جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان هەر پێنج دەنگی شارۆچکەی دیکسڤیڵی لە ویلایەتی نیوهامشێر بردەوە. شارۆچکەکە دەکەوێتە سەر سنووری ئەمریکا و کەنەدا، ماوەی 60 ساڵە دیکسڤیڵ لە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن پێشەنگە.
 
لە بەشێکی دیکەی ویلایەتی نیوهامشێر لە شارۆچکەی میڵزفیڵد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا 16 دەنگی بەرامبەر بە 5 دەنگی بایدن بەدەستهێناوە، کە ئەوەش دەبێتە یەکەم سەرکەوتنی ترەمپ بەسەر بایدندا.
 
بەشێک لە چاودێرانی هەڵبژاردنی ئەمریکا بردنەوەی بەربژێرەکان بە دەستپێکی سەرکەوتنێکی گەورەتر دادەنێن، بەڵام ئەوە ناکرێتە پێوەر، چونکە لە هەڵبژاردنی 2016دا هیلاری کلینتن، بەربژێری ئەوکاتەی دیموکراتەکان شارۆچکەی دیکسڤیڵی بردەوە، بەڵام لە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان دۆڕا.
 
نیو هامشێر یەکەم ویلایەتە لە ئەمریکا وەک نەریتێک، لە نیوەشەوی هەڵبژاردندا خەڵک بەلێشاو دەنگ دەدەن، بەشێک لە میدیاکانی ئەمریکاش رووماڵی دەنگدانی ئەو ویلایەتەیان دەکرد، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی پەتای کۆرۆنا و رێگری لە دروستبوونی قەرەباڵخی ئەو نەریتە شکێنرا.
 
دەنگدان لە ویلایەتەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکە کە هەر ویلایەتێک دابەشکراوە بەسەر چەند ئەنجوومەنێکی هەڵبژاردن، لە هەموو ویلایەتەکانی ئەمریکا دەنگ بۆ 538 ئەندامی ئەنجوومەنی هەڵبژێردراو دەدەرێت، سەرۆکی براوەش دەبێت 270 کورسی یان زیاتر بباتەوە. دابەشکردنی ئەنجوومەنی هەڵبژاردن بۆ ویلایەتەکان بەپێی ژمارەی دانیشتووانە. ئەوەش مانای ئەوەیە کە دەنگدەران بڕیار دەدەن لەسەر ئاستی ویلایەتەکان پێشبڕکێ بکەن نەک لەسەر ئاستی نیشتمانی کە هەموو ئەمریکا دەگرێتەوە. ئەوەش وا دەکات کە ئەگەر بەربژێرێک زۆرینەی دەنگەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی بباتەوە، وەکو هیلاری کلینتن لە ساڵی 2016، بەڵام هێشتا بدۆڕێت، ئەوەش بەهۆی ئەنجوومەنی هەڵبژاردن کە لەسەر ئاستی ویلایەتەکان بڕیار دەدەن.
 
ترەمپ: زیاتر لە خولی پێشوو دەنگ دەهێنین
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمجارە زیاتر لە ساڵی 2016 دەنگ بەدەستدەهێنن، کە لەو ساڵەدا کۆمارییەکان 306 ئەندامی ئەنجوومەنی هەڵبژاردنیان بەدەستهێنا، هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە گردبوونەوەی کەمپەینەکانی قەرەباڵخ بوون. دەشڵێت، ئەگەر بایدن بیباتەوە وڵاتەکەیان "هەرگیز وەکو خۆی نامێنێتەوە".
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی فۆکس ئاند فرێندس-ی کەناڵی فۆکس نیوز ئاماژەی بەوە کرد، گەورەترین جیاوازی لەم "وەرزەدا" بەراورد بە چوار ساڵی رابردوو رووماڵی فۆکس نیوزە بۆ ئەو و باراک ئۆباما و دەڵێت "فۆکس زۆر گۆڕاوە. کەسێک لێی پرسیم گەورەترین جیاوازی لەنێوان ئێستا و چوار ساڵ پێش ئێستا چییە، منیش گوتم، فۆکسە".
 
سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە ئەگەر جۆ بایدن سەرکەوتن بەدەستبهێنێت "زۆر لە پۆستەکەیدا نامێنێتەوە و ئەمریکا دەبێتە وڵاتێکی سۆشیالیستی".
 
دۆناڵد ترەمپ، وەکو خۆی دەڵێت، هەست بە باشی دەکات و پەیامێکیشی ئاراستەی ئەو دەنگدەرانە کرد کە هێشتا بڕیاریان نەداوە و تیشکی خستە سەر گەشەسەندنی ئابووریی وڵاتەکە پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و گوتی "گەورەترین ئابووریی جیهانمان بونیاتنا، بەڵام بەشێوەیەکی ترسناک لەلایەن شتێکەوە وەستێنرا کە نەدەبوو هەرگیز روویدابا".
 
پێشتر سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، چوار ساڵی دیکەش لە کۆشکی سپی دەمێنێتەوە، هاوکات جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا گوتی، ئەگەر چوار ساڵی دیکە بدەنەوە بە ترەمپ "هەسارەکەمان هەرگیز چاکنابێتەوە".
 
لەمیانی سەردانێکیدا بۆ 'زە فیلدچز' کە گەورەترین کۆمەڵگەی خانەنشینەکانە لە فلۆریدا، ترەمپ باسی لە ئەگەرێکی دیکە کرد، کە کامڵانەتر هاتە بەرچاو. ئەو لەوێدا گوتی "دەگوازمەوە بۆ زە فیلدچز. ئەوە بیرۆکەیەکی خراپ نییە، بەڵکو من زۆر حەزی لێدەکەم".
 
زیاتر بخوێنەوە