سەربڕەکەی نیس تووشی کۆرۆنا بووە

 
رووداو دیجیتاڵ
 
ئیبراهیم عویساوی، ئەنجامدەری هێرشەکەی شاری نیسی فەرەنسا، دوای ئەوەی پشکنینی کۆرۆنای بۆ کراوە دەرکەوتووە تووشی کۆرۆنا بووە.
 
ئیبراهیم عویساوی، تەمەن 21 ساڵ،  بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە بە رێگەی قاچاخ گەیشتە شاری نیسی فەرەنسا. دوای چەند کاژێرێک پۆلیسی فەڕەنسا رایگەیاند، گەنجێکی تونسی چووەتە ناو کەنیسەیەکەوە لە شاری نیس، دوو کەسی کوشتووە و  ژنێکی سەربڕیوە. پۆلیس هێرشکارەکەی ناو کەنیسەکەی دەستگیرکرد، پاش ئەوەی هێرشیکردە سەری و بەبرینداری و لە دۆخێکی خراپدا، گواستییەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
سەرچاوە دادوەرییەکانی فەرەنسا ئاشکرایان کردووە تەندروستیی عویساوی هێشتا لەبار نییە بۆ ئەوەی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت و ئێستاش جگە لەوەی کە بریندارە و بە تەواوی چاکنەبووەتەوە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆناش بووە.
 
دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا ئاشکرایانکردووە، عویساوی رۆژی 20ی ئەیلوول گەیشتووەتە دوورگەی لامپیدۆسای ئیتاڵی.
 
زانیارییەکانی دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا ئاشکرایانکردووە، ئیبراهیم لەدوای گەیشتنیەوە بەسەر خاکی دوورگەکە، کەرەنتینە کراوە بەهۆی کۆرۆناوە، دوای تەواوبوونی ماوەی کەرەنتینەکەی، ئاگادارکراوەتەوە لەوەی پێویستە خاکی ئیتاڵیا بەجێبهێڵێت.
 
 تائێستاش شەش کەس بە تۆمەتی هاوکاریکردنی عویساوی بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەر کەنیسەکەی شاری نیس، دەستگیرکراون.
 
ئەنجامدەری تاوانەکە، کەسوکارەکەی لە تونس نیشتەجێن، ئەوان لەدوای ئاشکراکردنی ناسنامەی هێرشەکەی نیسەوە، تیشکێکی زۆری میدیاییان کەوتووەتە سەر، هەمووان باسیان دەکەن و بە وردی سەرنج لە هەڵسوکەوتیان دەدەن.
 
ئاژانسی دەنگوباسی تونس لە زاری موحسین دالی، گوتەبێژی دادگای بەرایی تونسی گواستەوە، عویساوی ساڵی 2017 بەهۆی کاری تووندوتیژی و ئاژاوەوە دەستگیرکراوە ئەوکاتە مێردمنداڵێکی سەرەڕۆ بوو. گوتەبێژەکە ئاشکرایکردووە ئەوکات تۆمەتبارەکە لەشەڕێکی ناوچەکەی خۆیەوە گلاوە و لەو شەڕەدا چەقۆی بەکارهێناوە.
 
لە دوای رووداوەکەوە، پۆلیس و دەزگا ئاسایشییەکانی فەڕەنسا، لێکۆڵینەوەیان بۆ گەیشتنە بنجوبناوانی رووداوەکە دەستپێکرد. داواکاری گشتیی فەڕەنسا گوتی، عویساوی بەرەبەیانی پێنجشەممە گەیشتووەتە شاری نیس، نزیکەی کاژێر و نیوێک لە وێستگەی شەمەندەفەر ماوەتەوە، دواتر پێڵاوێکی نوێی لەپێکردووە و هێرشەکەی ئەنجامداوە.