لاپتۆپی پارێزەرە عێراقییەکەی ترەمپ هەرا دەنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەدرێژایی 10 مانگی ئەم ساڵ، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا سێ جار دادگایی کراوە و چاوەڕێش دەکرێت سەردانەکانی ترەمپ بۆ بەردەم دادوەر لە ساڵی داهاتووش درێژە بکێشێت. لە بەشێک لەو دۆسێیانەدا پارێزەرێکی عێراقی بەرگری لە ترەمپ دەکات کە لاپتۆپەکەی بووەتە جێگەی باسوخواس.
رۆژی 2ـی تشرینی یەکەمی 2023، دۆناڵد ترەمپ لەسەر تۆمەتی ساختەکردن و فێڵکردن لە بواری موڵکداری و کڕینی خانووبەرە لە ویلایەتی نیویۆرک، دادگاییکرا.
لەو کەیسەدا، یەکێک لە پارێزەرەکانی دۆناڵد ترەمپ، ئەلینا حەبەیە. ئەو پارێزەرە ئافرەتەی بە رەچەڵەک عێراقییە و دایکوباوکی لە سەرەتای ساڵانی 1980کان لە عێراق هەڵهاتوون و روویان لە ئەمریکا کردووە.
لە یەکەم رۆژی دادگاییکردنی ترەمپدا، کاتێک رۆژنامەڤانان و وێنەگران رێگەیان پێدرا بچنە نێو هۆڵی دادگەوە، ئەوەی سەرنجی زۆر لە میدیاکانی راکێشا، لاپتۆپەکەی ئەلینای تەمەن 39 ساڵ بووە کە تایبەتە بە یارییە ئەلیکترۆنییەکان و بەدەگمەن بۆ کاری پارێزەری بەکاردەهێنرێت.
لەکاتی دانیشتنی دادگەدا رەنگی لۆگۆی لاپتۆپەکەی ئەلینا دەگۆڕا. لاپتۆپەکەی وا دەردەکەوێت لە جۆری ROG Strix G17 G712 model بێت کە لە ساڵی 2021 خراوەتە بازاڕەوە و ئێستا نرخەکەی لە دەوروبەری 1700 دۆلاردایە.
ئەلینا تاوەکو ئێستا لێدوانی نەداوە لەبارەی جۆری لاپتۆپەکەی، چەندێک بۆ یاریکردن بەکاریدەهێنێت، یان ئەوەی کە ئایا ترەمپ هیچ کات سەیریکردووە کە یاری لەسەر لاپتۆپەکەی کردبێت.
ئەلینا بە یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ترەمپ و هەواداری بەهێزی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ناسراوە، لە کاتی دادگاییکردنەکەشی لە تەنیشت ترەمپەوە دادەنیشێت. لە سەرەتای ئەم ساڵیش ترەمپ بەشداری لە ئاهەنگی لەدایکبوونی ئەلینا کردووە.
پێش دەستپێکردنی دادگاییکردنەکە، ئەلینا حەبە بە میدیاکانی راگەیاند "دادگاییکردنی ترەمپ تەنیا سیاسییە و دەستوەردانە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی."
ئەلینا لە شاری سەمەت، لە ویلایەتی نیوجێرسیی ئەمریکا لەدایکبووە و باوکی کە ناوی سەعدە، پزیشکی بواری کۆئەندامی هەرسکردنە.
ئەلینا لە ساڵی 2005، بەشی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی لیهای لە ویلایەتی پێنسلڤێنیا تەواوکردووە و دواتر لە زانکۆی وایدنەر کە زانکۆیەکی تایبەت بە بواری یاساییە، خوێندوویەتی تاوەکو ببێتە پارێزەر و لە ساڵی 2010ـەوە مۆڵەتی پارێزەری لە سێ ویلایەتی ئەمریکا وەرگرتووە.
لەنێوان ساڵانی 2005 بۆ 2007، لە بەشی مارکێتینگ و بەڕێوەبەرێتیدا لە بواری فاشن کاری کردووە، پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ خوێندن و بواری پارێزەری.
ئەلینا ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی نیوجێرسی، نیویۆرک و ئەمریکاشە.
لە ساڵی 2019ـەوە ئەلینا کار لەگەڵ تیمی یاسایی ترەمپ دەکات و کۆمپانیایەکی راوێژکاریی یاساییشی بەناوی مادایۆ و هاوبەشەکانی هەیە کە لەگەڵ چەند پارێزەرێکی دیکە بە هاوبەشی بەڕێوەی دەبەن.
لە مانگی ئەیلوولی 2021، ئەلینا پارێزەری ترەمپ بوو لە کەیسی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە دژی ماری، خوشکەزای ترەمپ و سێ لە رۆژنامەڤانی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لەسەر ئەوەی کتێبێکیان لەدژی ترەمپ بڵاوکردبووەوە.
هەروەها ئەلینا ئەندامی تیمی یاسایی ترەمپە لە کەیسی تۆمەتی شاردنەوەی بەڵگەنامەی هەستیاری حکومەتی ئەمریکای سەردەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ لەنێو ڤێلاکەی لە مار ئا لاگۆ لە ویلایەتی فلۆریدا.
ئەلینا دوو جار شووی کردووە و دوو منداڵیشی هەیە.