گوتەبێژی پێنتاگۆن بۆ رووداو: رۆڵی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نەگۆڕاوە

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پێنتاگۆن بە رووداوی راگەیاند، رۆڵی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نەگۆڕاوە. ئاماژەی بەوەش کرد، "هێزە ئەمنییەکانی عێراق کاری زۆر باشیان لەبارەی دیاریکردنی هەڕەشەی داعش کردووە."
 
رۆژی سێشەممە 3ی ئەیلوولی 2024 جەنەڕاڵ پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا – پێنتاگۆن لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن لەبارەی هەڕەشەکانی داعش بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت، "پێموایە داعش شتێکە دەبێت چاومان لەسەری بێت و دڵنیابینەوە لەوەی ناگەڕێتەوە ئەو ئاستەی ساڵی 2014 هەیبوو."
 
داعش کە کورتکراوەی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام"ـە، لە ساڵی 2014 شاڵاوێکی گەورەی پڕ لە کوشتوبڕی دەستپێکرد و لە لووتکەی بەهێزیی خۆیدا، رووبەرێکی فراوانی عێراق و سووریای کۆنترۆڵ کردبوو، کە هێندەی نیوەی رووبەری شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا بوو.
 
پات رایدەر گوتیشی، "هێزە ئەمنییەکانی عێراق کاری زۆر باشیان لەبارەی دیاریکردنی هەڕەشەی داعش کردووە. لە شوێنێکی وەکو سووریا کە 9000 زیندانیکراوی داعشی تێدایە و دەبێت ئەوە بە جیدی وەربگیرێت. ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکانمان و هاوبەشەکانی دیکە بۆ دیاریکردنی ئەو هەڕەشانە."
 
گوتەبێژی پێنتاگۆن رەتیکردەوە رۆڵی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق گۆڕابێت و گوتی، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشەکان و هاوپەیمانەکانی لە جیهاندا کار دەکات، ئەگەر دروستبوونی مەترسیش بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و ئەمنییەتی هاوپەیمانەکانمان هەبێت، بەیەکەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان کار دەکەین بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو هەڕەشانە."
 
ئەو گوتانەی پات رایدەر لە کاتێکدایە، لایەنە سیاسییەکانی عێراق سەرقاڵی گفتوگۆن لەسەر داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەیان.
 
نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن.