وەزیری ناوخۆی فەرەنسا: 12 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیز خنکان

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران، 12 کەس گیانیان لەدەستداوە و دووی دیکەش بێسەروشوێن بوون.

رۆژی سێشەممە 3ی ئەیلوولی 2024 جێراد دارمێنیان، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، لە رووداوی ژێرئاوکەوتنی بەرلەمێکی پڕ لە کۆچبەر لە سنوورە ئاوییەکانی باکووری فەرەنسا، تائێستا 12 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و دووی دیکەش بێسەروشوێن بوون و 53ی کۆچبەریش لەلایەن هێزەکانی فەرەنساوە رزگار کراون.

هەروەها وەزیری ناوخۆی فەرەنسا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، پێویستە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا رێککەوتنێکی بەپەلە لەبارەی چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەران بکەن.

ئەو وەزیرە فەرەنسییە رەخنەی تووند لە حکومەتی بەریتانیا دەگرێت، بەوەی پارەیەکی زۆر کەمتر بەراورد بە فەرەنسا دابین دەکات، بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز.

پاسەوانی دەریایی فەرەنسا ئاماژەیان بەوە کردووە، بەلەمەکە لە نزیک کەناراوەکانی بەندەری شاری بۆلۆن سێخ مێخ لە باکووری فەرەنسا ژێرئاو کەوتووە، هەر زوو تیمە فریاگوزارییەکان گەیشتوونەتە شوێنەکە و بە بەلەم و هەلیکۆپتەر دەستیان بە گەڕان بە دوای قوربانییەکاندا کردووە. 

تا ئێستا ناسنامەی کۆچبەرەکان ئاشکرا نەکراون. بەگوێرەی زانیاریی ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسا، بەلەمێکی حکومەتی فەرەنسی بەناوی مینک، یەکەم لایەن بووە بە رووداوەکەی زانیووە و ئەوانیش تیمە فریاگوزارییەکانیان ئاگادار کردووەتەوە.

ئەمە بە گەورەترین رووداوی ئەم ساڵی ژێرئاوکەوتنی بەلەمی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز دادەنرێت. لە نۆ مانگی ئەم ساڵدا، 25 کۆچبەر لەو رێگەیەدا خنکاون، ئەمەش لەدوای ئەوەی پار 12 کۆچبەر خنکابوون.

حکومەتەکانی فەرەنسا و بەریتانیا چەندین ساڵە دەیانەوێت رێگەچارەیەک بۆ چوونی کۆچبەران لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا بدۆزنەوە، بەڵام تائێستا سەرکەوتوو نەبوون.

مانگی رابردوو، کێیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، کاتێک لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆبووەوە بەڵێنی پتەوکردنی هاوئاهەنگییەکانی هەردوو وڵاتی دا بۆ راگرتنی "چوونی بە لێشاوی کۆچبەران بۆ بەریتانیا." 

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، تەنیا رۆژی دووشەممە، 2ی ئەیلوول، 350 کۆچبەر بە بەلەم خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا و بەو کاروانەش، ژمارەی کۆچبەرانی کە لەسەرەتای ساڵەوە چووبێتنە بەریتانیا، گەیشتە 21 هەزار و 615 کۆچبەر. 

یەکێک لە بەرنامەکانی حکومەتی نوێی بەریتانیا، دەستپێکردنەوەی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی نایاساییە بۆ وڵاتانی خۆیان و بۆ ئەو مەبەستەش، حکومەت ناوی یانزدە وڵاتی ئامادە کردووە و لەنێو ئەو وڵاتانەش، عێراقی تێدایە.