رووداو دیجیتاڵ
پەیمانگەی توێژینەوەی جەنگی رایدەگەیێنێت، لە مانگی ئابی ئەم ساڵ رووسیا 477 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە ئۆکراینا کۆنترۆڵکردووە، ئەوەش زۆرترین ناوچەی ئۆکراینایە رووسیا لە دەستپێکی جەنگەکەوە کۆنتڕۆلی کردبێت.
رۆژی دووشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2024، پەیمانگەی توێژینەوەی جەنگی کە بارەگاکەی لە واشنتنی ئەمریکایە، نوێترین داتای لە بارەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی کە پەیمانگەی توێژینەوەی جەنگیی واشنتن بڵاویکردوونەتەوە، لە مانگی ئابی ئەم ساڵ سوپای رووسیا رۆژانە 15 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لەنێو ئۆکراینا کۆنتڕۆڵکردووە و زۆربەشیان لە رۆژئاوای هەرێمی دۆنێتسک بووە.
دواینجار کە مۆسکۆ لەماوەی مانگێکدا ئەو مەودایەی خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵ کردبێت لە ئۆکتۆبەری 2022 بوو کاتێک کە هێرشیکردە سەر باکووری رۆژئاوای شاری خارکێڤ.
پەیمانگەی توێژینەوەی جەنگی ئاماژە بەوەش دەکات، لە سەرەتای ساڵی 2024 مۆسکۆ هەزار و 730 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە ئۆکراینا کۆنتڕۆڵکردووە کە دەکاتە سێ هێندەی ساڵی پار.
لەبارەی ئەو ناوچەیەی کە سوپای ئۆکرایش لەنێو رووسیا کۆنترۆڵیکردووە، پەیمانگی جەنگی دەڵێت: تاوەکو ئێستا سوپای ئۆکراینا لە هەرێمی کۆرسکی رووسیا هەزار و 100 کیلۆمەتر چوارگۆشەی کۆنترۆڵکردووە.
کۆی گشتی ئەو خاکەشی کە رووسیا لەنێو ئۆکراینا کۆنترۆڵیکردووە، پەیمانگەی توێژینەوەی جەنگی بە 66 هەزار و 266 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خەملاندووە.
سوپای رووسیا پێگەی خۆی لە هەرێمەکانی خێرسۆن، زاپۆرۆژییا، دۆنێتسک و لوهانسک دا جێگیرکردووە. سەرچاوەکانیش باس لە پلانی رووسیا دەکەن بۆ دروستکردنی پشتێنەیەک لە دەوروبەری خارکێڤ بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر تاوەکو رێگری لە تۆپبارانی ئۆکراینا بکات بۆ نێو رووسیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ