رووداو دیجیتاڵ
هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا رایگەیاند، هێرشێكی درۆنی رووسیایان بۆ سەر باشووری بەندەری ئۆدێسا تێکشکاندووە و 22 درۆنی رووسیایان خستووەنەتە خوارەوە.
رۆژی یەکشەممە، 3ی ئەیلوولی 2023، هێزی ئاسمانی ئۆکراینا لە تێلیگرام بڵاویکردەوە، "شەوی 3ی ئەیلوول لە باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەوە رووسیا ژمارەیەک هێرشی درۆنی بە درۆنی شاهید 136/131 کردووە."
بەگوێرەی هێزی ئاسمانی ئۆکراینا، رووسیا بە 25 درۆنی ئێرانی هێرشەکەیان کردووە، بەڵام ئەوان توانیویانە لەو ژمارەیەش 22 درۆن لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئۆکرایناوە بخەنە خوارەوە.
دوای کۆتاییهاتنی رێککەوتنی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکراینا لە 17ی تەممووزی ئەمساڵ هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا بۆ سەر بەندەر و شاری ئۆدێسا لە باشووری ئۆکراینا زیادیانکردووە.
رۆژی 16ی ئاب، هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا بڵاویکردەوە هێرشێکی ئاسمانی رووسیایان بۆ سەر بەندەری ئۆدێسا تێکشکاندووە و 13 درۆنیان لەو هێرشەدا خستوونەتە خوارەوە.
24ی شوباتی ساڵی رابردوو شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد. لە دەستپێکی شەڕی ئۆکراینا و رووسیاوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ نۆ هەزار و 511 کەس گیانیان لەدەستداوە و 17 هەزار و 511 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ