گەشتەکەی ناسا بۆ خوولگەی مانگ دووبارە دواخرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە کاتێکدا ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهان چاوەڕوانی هەڵدانی کەشتیی ئارتێمیس یەکی ناسایان بەرەو بۆشایی ئاسمان و لەوێشەوە بەرەو خولگەی مانگ دەکرد، بەڵام بەهۆی دزەکردنی سووتەمەنی لە کەشتییەکەوە کە لەلایەن ئەندازیارانەوە دۆزرایەوە بۆ جارێکی دیکە گەشتەکە دواخرا. 
 
بڕیارە گەشتەکە رۆژی دووشەممە 5-9-2022 ئەنجام بدرێت. کۆی تێچووی ئەم گەشتە تاوەکو ساڵی 2025 بە 93 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت. تەنیا تێچووی گەشتی یەکەمیش کە بە ئارتێمیس یەک ناسراوە چوار ملیار و 100 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.
 
پێشتر رۆژی 29ـی ئابی 2022، وەکو وادەی هەڵدانی کەشتییەکە دیاریکرابوو، بەڵام بەهۆی "کێشەی تەکنیکییەوە" گەشتەکە بۆ ئەمڕۆ دواخرا. 
 
ئەم گەشتەی ناسا تاقیکارییە و ئەگەر سەرکەوتوو بێت، لە ساڵی 2024 دا چوار کەشتیوان دەنێرێتە خولگەی مانگ. لە ساڵی 2025ـیشدا دوو کەس دەنێرێتە سەر رووی مانگ کە لێکۆلێنەوە لە کۆمەڵەی خۆر دەکەن.
 
ئەو مووشەکەی کەشتییەکەی لەسەر جێگیرکراوە بەرزییەکەی 98 مەترە و تیرەکەشی 8.4 مەترە. کۆی کێشی مووشەکەکە دوو هەزار و 866 تۆنە. 
 
ماوەی گەشتەکە لە کاتی هەڵدانییەوە لە زەوییەوە تاوەکو دەگاتەوە سەر زەوی، 37 رۆژ و 23 کاژێر و 53 خولەکە. 
 
نوێدەکرێتەوە..