سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا - ئەفغانستان: تێگەیشتنی تاڵیبان بۆ ئابووری و کەرتی تایبەت زۆر گۆڕاوە

03-09-2022
دیار کوردە @diyarkurda
جێفری گریکۆ، سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا - ئەفغانستان
جێفری گریکۆ، سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا - ئەفغانستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ساڵی رابردوو ئەمریکا بەتەواوەتی لە ئەفغانستان کشایەوە و حکومەتی ئەفغانستان لە لایەن بزووتنەوەی تاڵیبان کۆنترۆڵکرا، بەڵام ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمریکی کە لە بوارەکانی تێلیکۆم و سێکتەری وزە و چەند سێکتەرێکی دیکە کاردەکەن، لەو وڵاتە مانەوە و تاڵیبان ئاسایشی کۆمپانیاکان دەپارێزێت.
 
جێفری گریکۆ، سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا - ئەفغانستان بە رووداوی راگەیاند، لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، زۆربەی کۆمپانیاکانی ئەمریکا لەو وڵاتە کشانەوە، بەڵام ژمارەیەک کۆمپانیا هێشتا لە ئەفغانستان ماونەتەوە، ''بەتایبەتی لە بواری تێلیکۆم، سێکتەری کارەبا، لە بازرگانی مۆبایل و تەلەفۆن و هەروەها چەند بوارێکی دیکەش، بزووتنەوەی تاڵیبان ئاسایشی ئەو بازرگانانە دەپارێزن و رێگەیان دەدەن.''
 
سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا - ئەفغانستان راشیگەیاند، ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانەی لەوێن، ناچارن مامەڵە لەگەڵ حکومەتی تاڵیباندا بکەن، تێگەیشتنی بزووتنەوەی تاڵیبانیش بۆ ئابووری و کەرتی تایبەت زۆر گۆڕاوە و دەزانن پێویستیان بە کاری کۆمپانیا بیانییەکانە، بۆیەش رێگە دەدەن ئەو کۆمپانیانە لەوێ کاربکەن و ئاسیشی کۆمپانیاکانیش دەپارێزن.
 
سەبارەت بە گەڕانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی دیکەش بۆ ئەفغانستان، جێفری گریکۆ ئاماژەی بەوەدا، ئەوان چاوەڕێیی بڕیار و راسپاردەکانی حکومەتی ئەمریکا دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییان لەگەڵ بانکی بازرگانیی ئەفغانستاندا ماوە و هێشتا کار لەگەڵ ئەو بانکەدا دەکەن.
 
دەقی پرسیاری رووداو و، وەڵامی جێفری گریکۆ، سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا - ئەفغانستان:
 
رووداو: ئەگەر پێمبڵێیت، چی بەسەر بازرگانی و وەبەرهێنانەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان داهات، لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان؟
 
جێفری گریکۆ: زۆربەی بازرگانییە سەرەکییەکان و هەروەها وەبەرهێنەرە گەورەکان دەبووایە وڵاتەکە بەجێبهێڵن، ئەمەش بەهۆی مەترسییەکان بۆسەر کارمەندەکانیان و هەروەها سامانەکەیان، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئێمە بازرگانییەکی زۆرمان لە ئەفغانستاندا هێشتووەتەوە، بەتایبەتی لە بواری تێلیکۆم، سێکتەری کارەبا، لە بازرگانی مۆبایل و تەلەفۆن و هەروەها چەند بوارێکی دیکەش، بزووتنەوەی تاڵیبان ئاسایشی ئەو بازرگانییانە دەپارێزن و رێگەدەدەن بەردەوامبن تاوەکو سوود بە خەڵکی ئەفغانستان بگەیێنن.''
 
رووداو: حکومەتی ئەمریکا چۆن دڵنیایی سەلامەتیی بازرگانی و وەبەرهێنان بەو کۆمپانیایانەی دەدات کە تاوەکو ئێستا لە ئەفغانستاندا ماونەتەوە و لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی تاڵیبان دا کاردەکەن؟
 
جێفری گریکۆ: زۆربەی بازرگانییەکان لە نێویاندا بازرگانیی ئەفغانییەکانیش نەک بە تەنیا بازرگانیی ئەمریکییەکان، دەبێت رۆژانە مامەڵە لەگەڵ تاڵیباندابکەن تەنیا بۆ ئەوەی لە کارەکانیاندا بەردەوامبن، دەبێت لەسەر کێشە و ئاریشە و ئەو ئاستەنگانەش کە دێنە پێشیان مامەڵە لەگەڵ تاڵیباندا بکەن، تاوەکو ئێستاش تێگەیشتنی لەم دۆخە زیاترکردووە، چونکە کاتێک سەرەتا لە مانگی ئابدا حکومەتیان گرتە دەست تێگەیشتنیان نەبوو بۆ ئابووریی وڵاتەکە و چۆنییەتی کارکردنی، کێشەیان هەبووە، بەڵام ئێستا تێگەیشتنێکی باشتریان هەیە، بەتایبەتیش لەدوای ئەوەی کەرتی تایبەت داڕووخا، وڵاتەکە رووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی چاوەڕواننەکراو بووەوە. ئەوان قەیرانی خۆراکیشیان هەیە، برسییەتی رووی لە چەند ناوچەیەکی دوورەدەست کردووە کە پشتیوانکارەکانی خۆیان لێیی دەژین و خەریکە متمانەیان بە حکومەتی تاڵیبان نامێنێت، لە ئەنجامی ئەمەشدا وایکردووە بازرگانیی ئێمە هێشتا لەوێ بمێنێت. هاوکات تاڵیبانیش رێگە بە کارکردنمان دەدات، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەمەش کەوتووەتە سەر رۆژ بە رۆژ و وەبەرهێنەرەکان دەبێت رۆژانە بڕیاربدەن کە چی دەکەن و تاوەکو کەی دەتوانن بمێننەوە، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بۆ 2023 بەمشێوەیە بێت کە پێشبینی دەکرێت، رەنگە بازرگانەکان نەتوانن بەردەوامبن لەوێ. بەشێکی زۆر لە بازرگانەکانی ئەفغانییەکانیش وڵاتەکەیان چۆڵکرد، چوونە ئیمارات و تورکیا. من بەیانی بەرەو ئیستەنبووڵ بەڕێدەکەوم کە کۆنفرانسێکی بەخشینی پارە بۆ ئەفغانستان هەیە، بەخشەرەکانیش نیگەرانن، چونکە ناتوانن پارە بۆ ئاستی ئەم پرسە مرۆییە خەرجبکەن تاوەکو دوو بۆ سێ ساڵی دیکە، رەنگە نەتوانن بۆ ئەو ماوە زۆرە پارێزگاری لە ژیانی خەڵک بکەن، بۆیەش ئەگەر وڵاتەکە رووبەڕووی قەیرانێکی تەندروستیش ببێتەوە، خەڵک هەوڵدەدەن لە وڵاتەکە رابکەن، ئەمەش ئەوە نییە کە وڵاتانی دراوسێ قبوڵی بکەن.
 
رووداو: هیچ خواستێک هەیە لە لایەن کۆمپانیاکانی دیکەی ئەمریکا بچنەوە ئەفغانستان لە دوای دامرکانەوەی دۆخەکە؟
 
جێفری گریکۆ: ئێمە سەیری رێنماییەکانی حکومەتەکەمان، حکومەتی ئەمریکا دەکەین کە کەی دەتوانن بگەڕێینەوە و چی رێگەپێدراوە بۆ وەبەرهێنەرە ئەمریکییەکان لەوێ بیکەن، حکومەتی ئەمریکا لەدوای هێرشە درۆنییەکە بڕیاریداوە کە تاڵیبان چیدیکە پابەندی تەواوی رێککەوتنی دۆحە نییە، ئەمەش نمونەیەکی دیکەیە، ئێستاش پەیوەندییەک لەنێوان حکومەتی ئەمریکا و تاڵیبان بوونی نییە، بەڵام ئێمە لەگەڵ بانکی بازرگانیی ئەفغانستان کاردەکەین، چونکە بەشێک لەو قەیرانەی کە هەیە، قەیرانی نەبوونی کاشە لە بانکەکاندا. کێشەی بردن و هێنانی دۆلاریان هەیە لەنێو ئەفغانستاندا، ناتوانن وەک وڵاتێکی ئاسایی ئەم ئاڵوگۆڕە بکەن، بەڵام ئەگەر ئەوان بتوانن ئەم قەیرانە و قەیرانی مرۆییش چارەسەربکەن لەم ماوەیەدا باش دەبێت، بەڵام ئەگەر نەتوانن ئەم قەیرانانە چارەسەربکەن و کێشەی وشکەساڵی و برسییەتی بەردەوامبێت، زۆر قورس دەبێت بۆ هەموومان. ئێمە خۆشمان زۆر نیگەرانین لەوەی روویدا، نیگەرانیی دۆست و هاوپەیمانە ئەفغانییەکانمانین، ئەوەی بەڕێوەیە باش نابێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە کەنار دەریایەکی فەرەنسا دوو وشتر بۆ پاککردنەوەی کەناراوەکە بەکاردێن

وشتر بۆ خاوێنکردنەوەی کەناراوەکانی فەرەنسا بەکاردێت

تیمێکی فەرەنسییە لە کەناری دەریای نێوەڕاست، نزیک لە شاری مارسیلیای باشووری وڵاتەکە؛ بە بەکارهێنانی وشتر، کەناراوەکە لە پلاستیک و پاشماوەکانی دیکە خاوێن دەکەنەوە