ئاگرەکەی کالیفۆڕنیا 7,500 کەس ناچاردەکات ماڵەکانیان جێبهێڵن


رووداو-هەولێر

لە ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا و بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە پاوان و دارستانەکان، داوا لە هەزاران کەس دەکرێت ماڵەکانیان جێبهێڵن و لە ماوەی رۆژێکیشدا لانیکەم دوو هەزار و 100 هێکتار پاوان و دارستان سووتاوە. 
 
رۆژی شەممە، 3ـی ئەیلوولی 2022، سوزی برادی، گوتەبێژی ئاژانسی ئاگرکوژاندنەوەی کالیفۆڕنیا رایگەیاند، داوایان لە حەوت هەزار و 500 کەس لە دانیشتووانی سنووری شاری وید لە باکووری کالیفۆڕنیا کردووە بۆ خۆپاراستن لە مەترسیی ئاگرەکە، ماڵەکانیان جێبهێڵن. 
 
برادی گوتیشی، ژمارەیەک هاووڵاتی بەهۆی ئاگرەکەوە برینداربوون و گوێزراونەتەوە نەخۆشخانە و ژمارەیەک خانووش سووتاون، بەڵام تاوەکو ئێستا ئامارەکە بڵاونەکراوەتەوە. 
 
جگە لەوەش، ئاگرەکە کە لە رۆژی چوارشەممەوە کەوتووەتەوە، بووەتە هۆی داخستنی ژمارەیەک رێگەی هاتووچۆی دەرەوەی شارەکان.
 
بەگوێرەی بەرپرسانی ئاگرکوژێنەوەی کالیفۆڕنیا، تەنیا رۆژی هەینی لانیکەم 404 هێکتار پاوان و دارستان سووتاوە و لە رۆژی چوارشەممەشەوە لانیکەم دوو هەزار و 100 هێکتار سووتاوە. 
 
برادی ئاماژەی بەوەش کرد کە خەڵکی لە جێهێشتنی ماڵەکانیان بەردەوامن؛ ئاژانسی ئاگرکوژێنەوەی کالیفۆڕنیاش لانیکەم 200 کارمەندی ئاگرکوژاندنەوەی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە راسپاردووە. 
 
بەگوێرەی کەشناسیی ویلایەتەکەش، لەگەڵ خێرایی با، پلەی گەرما هۆکارێکی دیکەیە بۆ تەشەنەکردنی ئاگرەکە، بەجۆرێک لە ژمارەیەکی زۆری ناوچەکانی کالیفۆڕنیا پلەی گەرما گەیشتووەتە 38 پلەی سیلیزی. 
 
بەگوێرەی ئاژانسی ئاگرکەوتنەوەی کالیفۆڕنیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە پێنج هەزار و 828 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ویلایەتەکە تۆمارکراون و بەهۆیەوە لانیکەم 82 هەزار و 23 هێکتار پاوان و دارستان سووتاوە. هاوکات هەر بەو هۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و 507 خانوو و بیناش سووتاون.