راوێژکاری پێشووی میانمار لە لایەن دەسەڵاتی سەربازییەوە بە سێ ساڵ زیندانیکردن سزادرا

03-09-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو - هەولێر

دادگەیەکی سەربە دەسەڵاتی سەربازیی میانمار سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ئانگ سان سوچی، سەرکردەی لەکارلادراوی میانماردا سەپاند، ئەوەش بە تۆمەتی ئەنجامدانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020دا کە پارتەکەی بە جیاوازییەکی گەورە سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
ئەمە یەکەمین جار نییە راوێژکاری پێشووی میانمار سزای بۆ دەردەکرێت و ئەم سێ ساڵەی کە ئێستا بۆی دیاریکراوە، کۆی گشتیی ساڵەکانی زیندانیکردنی دەگەیێنێتە 20 ساڵ. سزاکەی ئەمجارە بریتییە لە سێ ساڵ زیندانیکردن لەگەڵ کاری قورس. 
 
سوچی تەمەنی 77 ساڵە و لە کاتی دادگاییکردنەکەیدا بە تەندروستییەکی باشەوە دەرکەوت.  
 
لە دوای کودەتاکەی ساڵی رابردووەوە، سوچی دەستبەسەرە. پێشتر لە لایەن دادگەی داخراوی دەسەڵاتە سەربازییەکەوە بە تۆمەتی گەندەڵی و کۆمەڵێک تۆمەتی دیکە سزای 17 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو.
 
وین مینت، سەرۆکی پێشووی میانمار کە بە هەمان تۆمەت دادگایی دەکرا، سزای زیندانیکردنی سێ ساڵی بەسەردا سەپێندرا.
 
سوپاکە گومانی هەیە ساختەکاری بەربڵاو لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی 2020ـدا ئەنجامدرابێت، کە کۆمەڵەی نیشتمانی بۆ دیموکراسی (NLD)ی سوچی بە جیاوازییەکی گەورە سەرکەوتنی تێدا بەدەستهێنا، هەرچەندە چاودێرانی نێودەوڵەتی دەڵێن، دەنگدانەکە تا رادەیەکی زۆر ئازاد و دادپەروەرانە بوو.
 
مانگی رابردوو، مین ئاونگ هلاینگ، سەرۆکی دەسەڵاتی سەربازی رایگەیاند، سوپا "نەرمی" بەرامبەر سوچی دەنوێنێت و دەکرا "رێوشوێنی جیددیتر" بەرامبەری بگرێتەبەر.
 
میانمار (یان بۆرما) ساڵی رابردوو و دوای دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لە لایەن سوپای وڵاتەوە تووشی قەیران بوو؛ بەهۆی شەڕەوە بەشێک لە وڵاتەکەی وێران بوو و ئابوورییەکەی لە داڕمانی بەردەوامدایە.
 
بەپێی راپۆرتی گرووپێکی چاودێریی نێوخۆیی، لە سەرکوتکردنی ناڕازییەکانی دژی سوپای ئەو وڵاتەدا زیاتر لە دوو هەزار و 200 کەس کوژراون و 15 هەزار کەسیش دەستگیرکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.