خوێندکارانی کورد ناتوانن بۆ خوێندن بگەڕێنەوە رووسیا

رووداو مۆسکۆ 

ساڵی نوێی خوێندن لە رووسیا بە جێبەجێکردنی کۆمەڵێك رێکاری تەندروستی دەستیپێکردەوە، بەڵام ئەو خوێندکارە کوردانەی لە رووسیا دەخوێنن و پێشتر بەهۆی مەترسی کۆرۆنا گەڕابوونەوە، ناتوانن بگەڕێنەوە رووسیا و لە خوێندن بەردەوام بن .
 
ئیبراهیم تەحسین خوێندکارێکی کوردە لە بەشی پزیشکیی زانکۆی شاری نیژنی نۆڤگۆرەدی رووسیا دەخوێنێت، لە کۆتایی ساڵی رابردوو  گەڕاوەتەوە کوردستان ، ئێستا ناتوانێت بگەڕیتەوە سەر خوێندنەکەی لە رووسیا بەهۆی کێشەی نەبوونی گەشتی فڕۆکە و هەروەها ئەو دۆخە ناهەموارەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستی کردووە .
 
دوای کرانەوەی سنورەکان و ئاسایی بوونەوەی تەواوی گەشتە نێودەوڵەتیەکان، هەموو خوێندکارانی بیانی رێگەیان پێدەدرێت بگەڕینەوە سەر خوێندن لە رووسیا بەمەرجی ئەوەی دەبێت پێشتر پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەن و هەروەها لە رووسیا دوو هەفتە کەرەنتین بکرێن .
 
باڵیۆزخانەکان لە رووسیا  هاوکاریی خوێندکارانی وڵاتەکانیان دەکەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر کەشی ئاسایی خوێندن ، ئەوەی پەیوەستە بە خوێندکارانی کوردەوە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مۆسکۆ ئەگەرچی هیچ ئۆفیس و شوێنێکی نیە، بەڵام دانەر ئەبوبەکر، کاربەڕێکەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم دەڵێت کە ئەوان ئامادەن هەموو هاوکارییەکیان بکەن .
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای رووسیا ، ساڵی پار ژمارەی ئەو خوێندکارە بیانیانەی لە رووسیا لە خوێندن بەردەوام بوون لە 300 هەزار قوتابی زیاتر بووە ، چاوەڕێ دەکرا ئەمساڵ ئەو ژمارەیە بێت ، بەڵام ڤایرۆسی کۆرۆنا لەمپەڕێکی گەورەی دروستکردووە.
 
تەنانەت ئەو خوێندکارە بیانیانەش کە ئەمساڵ وەرگیراون هەر بەئۆنلاین دەست بەخوێندن دەکەن، ئەوە لەکاتێکدایە پرۆسەی خوێندن لە رووسیا ئەمساڵیش وەک ساڵانی رابردوو لە دۆخی ئاسایی خۆیدایە.