ئەمریکا و چین پابەندبوون بە رێککەوتننامەی گۆڕانكاری كەشوهەوا دووپاتدەكەنەوە

رووداو - چین

کۆبوونەوەی سەرکردەکانی "جی 20"، وڵاتانی پیشەسازی جیهان، رۆژی یەكشەممە دەستپێدەكات و ئەمڕۆش كۆبوونەوەی "بی 20" ناسراوە لە شاری هانگژۆی چین بەڕێوەچوو.

B20 گرووپێکی پاڵپشتیکەرە بۆ کۆبوونەوەکانی گرووپی بیست، کە بڕیارە رۆژی یەكشەممە 4-9-2016 بۆ ماوەی دوو رۆژ و بە ئامادەبوونی سەرۆکەکانی 20 وڵاتی زلهێزی ئابووری جیهان بەڕێوەبچێت.

شی جین پینگ، سەرۆکی چین لەمیانەی گوتارێکدا لە کۆبوونەوەی "بی بیست" داوای لە وڵاتانی ئەندام لە گرووپەکە کرد واز لە سیاسەتی پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆ بهێنن کە بە "پرۆتێکشنیسم ناسراوە".

جین پینگ داوایکرد، وڵاتان پابەند بن بە رێککەوتنی پاریس لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا، کە ساڵی رابردوو واژۆکرا.

کۆبوونەوەی "بی بیست" کە تێیدا جگە لە سەرۆکی وڵاتان، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکان و ژوورە بازرگانییەکانی 20 وڵاتی زلهێزی ئابووری جیهان بەشدارن، پرسەکانی پەیوەست بە ئابووری جیهان تاوتوێدەکات.

لە پەراوێزی کۆبوونەوەی B20 ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش هاوشێوەی چین بە فەرمی پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنەکەی پاریس راگەیاند.

باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا گوتی "چین و ئەمریکا پێکەوە بەڕێژەی سەدا 40 هۆکاری پیسکردنی کەشوهەوای جیهانن. ئێمە دوو ئابووری گەورەی جیهانین و بە پەیوەستبوون بەم رێککەوتنامەش، بەرپرسیارییەتی خۆمان لە پیسکردنی کەشوهەوا پیشاندا".

گرووپی جی بیست هەریەکە لە وڵاتانی ئەرجەنتین، ئوسترالیا، بەرازیل، کەنەدا، چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هیندستان، ئیندۆنزیا، ئیتالیا، ژاپۆن، مەکسیک، رووسیا، سعودیە، ئەفریقای باشوور، کۆریای باشوور، تورکیا، ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا لە خۆ دەگرێت.