دلاوەر ئاژگەی: یەکێتی ئەوروپا لەسەر قەیرانی کۆچبەران کۆدەبێتەوە
رووداو - هەولێر
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا سبەی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە شاری لۆکسمبۆرگ ئەنجامدەدەن کە تایبەتە بە قەیرانی کۆچبەران و دۆسیەی ئەتۆمی ئێران.
دلاوەر ئاژگەیی لەکاتی بەشداریکردنی لەگەشتی هەواڵەکانی کاژێر 8 (تۆڕی میدیایی رووداو) راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەزیرانی بەرگری یەکێتی ئەوروپا کە لە لۆکسمبۆرگ بەڕێوەچوو، سەبارەت بە کۆچبەرە نایاساییەکان و کۆبوونەوەی سبەی کە وەزیرانی دەرەوە بەشداردەبن تێیدا تەواوکەری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دەبێت، بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەیەک بۆ کۆچبەران و چۆنییەتی دابەشکردنیان لە نێوانیاندا.
ئاژگەیی گوتی "وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئەوە دەبێت کە سیاسەتی خۆیان بەرامبەر کۆچبەران بکەن"، سەبارەت بە وێنەکەی ئالان عەبدوڵڵا کوردی گوتیشی "وێنەکە هەموو جیهانی هەژاندووە و وا دەکات فشار بخرێتە سەر وڵاتان بۆ ئەوەی سیاسەتی خۆیان بەرامبەر پەنابەران بگۆڕن و زۆربەی سیاسییە بەناوبانگەکانی ئەوروپاش لەسەر ئەو کارەساتە قسەیان کردووە و هاوخەمی خۆیان دەربڕیوە. وڵاتانی ئەوروپا ئێستا بوونەتە دووبەش، بەشێکیان کاریگەری راستەوخۆی پەنابارانیان لەسەرە وەکو هەنگاریا و یۆنان، هەندێ وڵاتی دیکەش دوورن لە لێشاوەی پەنابەران، بۆیە دەبێت پەنابەران بەشێوەیەکی یەکسان دابەشبکرێن لە نێوان خۆیاندا".
نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بە هەڵوێستی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی وڵاتانی ئەوروپا کرد و رایگەیاند، هەندێ پارتی ئۆپۆزسیۆن و راستڕەو کاردەکەن بۆ ئەوەی پشتگیری هاتنی پەنابەران بکرێت و رێگایان بۆ بکرێتەوە. بەڵام لە بەرامبەریشدا هەندێ پارتی دیکە هەن بە پێچەوانەوە قسە دەکەن و دەڵێن نابێت بەو لێشاوە پەنابەران روو لە ئەوروپا بکەن و لە داهاتوودا دەبنە گرفت بۆ سەرجەم وڵاتان.