لە ئێرلەندا کچێکی کورد بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئێرلەندا کچێکی کورد، کە دەیویست لەگەڵ هاوڕێیەکی ئێرلەندی بەشداریی ئاهەنگی دەرچوونی خوشکەکەی بکات، لە رێگەی چوونیان بەرەو شوێنی ئاهەنگەکە تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون، بەهۆیەوە خۆی و هاوڕێ ئێرلەندییەکەی گیانیان لەدەستدا و خوشکەکەشی بریندار بوو.
 
رووداوەکە رۆژی سێشەممە 01-08-2023 لە شاری کلۆنیسی ئێرلەندا روویداوە، کچەکە ناوی دڵاڤا محەممەدە و تەمەنی 16 ساڵە، خەڵکی شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە.
 
جەلال رەشید، کە مامی دڵاڤا محەممەدە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دڵاڤا لەگەڵ ئەڤین محەممەدی خوشکی و هاوڕێیەکیدا لە رێگەدا بوون بۆئەوەی لە ئاهەنگی دەرچوونی ئەڤینی خوشکیدا بەشدار بن، بەڵام تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون.
 
ئەو مامەی دڵاڤا گوتیشی، لە ئەنجامی رووداوەکەدا دڵاڤا و هاوڕێ ئێرلەندییەکەی گیانیان لەدەستداوە و ئەڤینیش بریندار بووە.
 
جەلال رەشید باسی لەوەش کرد، خێزانەکەی دڵاڤا خەڵکی گوندی دەلا سەرێی سەر بە ناحیەی ماباتای عەفرینن و لە شاری کلۆنیسی ئێرلاند پەنابەرن.