پۆلیسی سوێد مۆڵەتی سووتاندنی قورئانی پیرۆزی بە ئافرەتێک دا

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی پۆلیسی سوێد ئەمڕۆ (پێنجشەممە) ئافرەتێک لە سوێد قورئانی پیرۆز دەسووتێنێت و پاساوەکەشی ئەوەبوو گوایە "ئیسلام زۆر کەسی کوشتووە و ئاینەکە سیاسییە."
 
 ئەوە لەکاتێکدایە سەلوان مۆمیکا، پەناخوازە عێراقییەکەی سوێد رایگەیاندووە لەم مانگەدا سێ جار قورئانی پیرۆز دەسووتێنێت.
 
پۆلیسی سوێد مۆڵەتی سووتاندنی قورئانی پیرۆزی بە ئافرەتەکە داوە، کە بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3-8-2023 لە گەڕەکی (Angbybadet)ـی ناوچەی (Bromma) لە رۆژئاوای شاری ستۆکهۆڵم، بیسووتێنێت.
 
ئەو ئافرەتە بە رۆژنامەی (Svenska Dagbladet)ـی سوێدیی گوتووە "ئومێددەکەم هەموو جیهان گوێی لەو پەیامەم بێت، چونکە پێویستە تێبگەین کە ئایین سیاسییە."
 
ئافرەتەکە رەتیکردووەتەوە ئایینی خۆی ئاشکرا بکات، بەڵام گوتوویەتی "پەیڕەوی لە قسەکانی مەسیح و دە راسپاردەکەی کتێبی پیرۆز دەکەم."
 
بەهۆی سووتاندن و سووکایەتیکردنی چەندبارەبووەوە  بە قورئانی پیرۆز لە سوێد، ماوەی چەند هەفتەیەکە پۆلیسی ئەو وڵاتە ئامادەباشییەکانی زیاتر کردووە، ئەوە لەکاتێکدایە، سەلوان مۆمیکا رۆژی سێشەممەی رابردوو، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا باسی پلانەکانی داهاتووی بۆ سووتاندنی قورئانی پیرۆز کرد و گوتی "سێ داواکارییم بۆ سووتاندنی قورئان پێشکێشکردووە، ئەوانیش لە رۆژانی 3ـی ئاب، 10ـی ئاب و 18ـی ئابی ئەمساڵ."
 
سەلوان مۆمیکا پێشتر لە عێراق سەرۆکایەتیی میلیشیایەکی چەکداریی کریستیانی کردووە و بەهۆی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانییەوە وەکو بانگەشەی بۆ کردووە، داوای مافی پەنابەریێتیی لە سوێد کردووە، بۆ یەکەمجار لە رۆژی 28ـی حوزەیرانی 2023 کە یەکەمی رۆژی جەژنی قوربان بوو، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند. 
 
دووبارە لە رۆژی 20-7-2023، سەلوان مۆمیکا، لە سوێد لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم هەوڵی سووتاندنی قورئانی پیرۆز، ئاڵای عێراق و وێنەی موقتەدا سەدر و عەلی خامنەیی دا، دوای بێڕێزیکردن بە بەشێک لەوانە، نەیسووتاندن و بەردەم باڵیۆزخانەی جێهێشت. ئەمەش کاردانەوەی عێراقییەکانی لێکەوتەوە. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراقی لە ستۆکهۆڵم کشاندەوە و داوای لە باڵیۆزی سوێد لە بەغدا کرد، عێراق جێبهێڵێت.
 
رەفتارەکانی ئەو پەناخوازە کریستیانە لە سوێد، بوونەتە جێی نیگەرانیی موسڵمانان و بەهۆیەوە لایەنگرانی سەدر چوونە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە عێراق و سووتاندیان.
 
رۆژی چوارشەممە، 26ـی تەممووزی 2023، ئۆڵف کریستێرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سووتاندنی قورئان لە وڵاتەکەی دەستی دەرەکی لەپشتە و گوتی، "سوێد رووبەڕووی کەمپەینێک بووەتەوە کە لەلایەن وڵاتانەوە پشتگیری لێدەکرێت و ئامانجەکەش ئەوەیە، زیان بە سوێد و بەرژەوەندییەکانی بگەیێنن."
 
سوێد، بەگوتەی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، "لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات کاردەکات بۆ ئەوەی رێگە لەو وێنە ناڕاستە بگرێت کە لەبارەیەوە نیشاندەدرێت."