رۆدریگۆ دوتێرتێ؛ ئەو سەرۆکەی بەردەوام جنێو دەدات

03-08-2017
زانا بەهرام
سەرنجی خەڵکی جیهانی بۆ لای خۆی راکێشاوە
سەرنجی خەڵکی جیهانی بۆ لای خۆی راکێشاوە
نیشانەکردن رۆدریگۆ دوتێرتێ
A+ A-

رووداو - هەولێر 

رۆدریگۆ دوتێرتێ، سەرۆکی فلیپین، ئەو پیاوەی بە شێوازە جیاوازەکەی بۆ حکومڕانیکردنی وڵاتەکەی و لێدوانە تووندەکانی بۆ سەر سەرکردەکانی جیهان، سەرنجی خەڵکی جیهانی بۆ لای خۆی راکێشاوە.


دوتێرتێ بەردەوام بە کراس و پانتۆڵێکەوە وەک کەسێکی سادە و خاکی لە زۆبەی کۆڕ و کۆبوونەوەکان هەڵسوکەوت دەکات، کاتێکیش باسی پەیوەندی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی دیکە دەکات یان وەڵامی لێدوانی سەرکردەیەکی جیهان دەداتەوە، ئەوەی لە دڵی دابێت دەریدەخات و دەیڵێت، دوتێرتێ تەنها هێرش ناکاتە سەر سەرکردەکانی جیهان، بەڵکو جنێو بە دایکیشیان دەدات.

دوتێرتێ تاکە سەرکردەیە لەسەر تەلەڤیزیۆن جنێوی بە دوو سەرکردەی دیاری جیهان دابێت، ئەوانیش باراک ئۆبای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و کیم جۆن ئون سەرۆکی کۆریای باکوورە.

لە نوێترین لێدوانیدا رۆدریگۆ دوتێرتی کاتێک هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر بە مەترسییەکانی تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی کۆریای باکوور دەردەبرێت، بە سەرۆکی کۆریای باکوور دەڵێت گەمژە، قەڵەو، بەوەش ناوەسێت دەڵێت دایکیشی سۆزانییە.

رۆدریگۆ دوتێرتێ، سەرۆککی فلیپین دەڵێت "کیم جۆن ئون گەمژەیە، ئەو یارییەکی مەترسیدار دەکات، بەڵام پێموایە ئەو هێشتا ئامادە نییە بۆ ئەوە، ئەو پیاوە شێتە کە باوەڕبەخۆبوون بەدەموچاویەوە دیارە، دەموچاویکی قەڵەو، ئەو دایکی سۆزانییە، هەڵسوکەوتی شەڕانگێزانەیە و ئەگەر هەڵەیەک ئەنجامبدات خاکی وڵاتانی رۆژهەڵاتی دوور وشک دەبێت".

لە کۆتایی ساڵی رابردووشدا، کاتێک ئەمریکا هۆشداری دایە دوتێرتێ بەرامبەر بەو کەمپەینی دەستگیرکردن و کوشتنەی کە لە فلیپین دەستیپێکردووە بەرامبەر بەوانەی مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنن و یان مامەڵەی پێوەدەکەن، دوتێرتێ هێرشیکردە سەر باراک ئۆباما و پێیگوت، دایک سۆزانی.

دووتێرێ کە وڵاتەکەی ئێستا لە شەڕدایە لەگەڵ گرووپێکی سەر بەداعش لە شارێکی باشووری فلیپین و حکومەت و هێزە ئەمنییەکانیش بەردەوامن لە دەستگیرکردن و کوشتنی ئەوانەی کە مامەڵە بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن، بەڵام ئەو  ئامادە نییە هاوکاری و پشتوانی لە هیچ وڵاتێک وەربگرێت و بۆچوونی هیچ وڵاتێکیش بە گرنگ نازانێت بەرامبەر بە بڕیارەکانی خۆی.

لە ماوەی دەستبەرکابوونی دوتێرتێ وەکو سەرۆکی فلیپین، ئەو وڵاتە پەیوەندیی لەگەڵ چەندین وڵات پچڕاوە یان لاواز بووە، لە نێویاندا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیدارەی ترەمپ چەندینجار هەوڵیداوە دووبارە پەرە بەو پەیوەندیانە بداتەوە، تەنانەت ترەمپ بە فەرمی بانگێهشتی دوتێرتێی کرد بۆ کۆشکی سپی، بەڵام ئەو سەرۆکە بێمنەتەی فلیپین لە وەڵامدا گوتی، کاتم نییە بۆ بینینی ترەمپ و ئەرکی گرنگترم هەیە ئەنجامی بدەم.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە