یەکەمین هەڵبژاردنی گشتیی بەریتانیا دوای پێنج ساڵ؛ هەموو شتێک لەبارەیەوە بزانە

03-07-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا سبەی هەڵبژاردنی گشتی دەکرێت. راپرسییەکان پێشانی دەدەن، لە بەرامبەر جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانی، بەریتانییەکان بە دەنگی خۆیان، ئەو پارتە سزا دەدەن کە ماوەی 14 ساڵە لەدەسەڵاتدایە. 
 
پارتی پارێزگاران کە پارتێکی راستڕۆی میانڕۆیە، لەکاتی قووڵبوونەوەی قەیرانی دارایی جیهانیدا دەسەڵاتی گرتە دەست و، لەو کاتەوە سێ هەڵبژاردنی دیکەی بردووەتەوە. بەڵام لە ماوەی ئەو ساڵانەدا، بەریتانیا ئابوورییەکی داتەپیو، خراپبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ژمارەیەک ئابڕووچوونی بەخۆیەوە بینی، کە وایانکرد، پارتی پارێزگاران ببێتە نێچیرێکی ئاسان بۆ رەخنەی راستڕۆ و چەپەکان. 
 
پارتی کار، کە مەیلەو چەپە، لە زۆربەی راپرسییەکان لە پێشەوەیە. پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنیدا، سەرنجی خستووەتە سەر یەک وشە: 'گۆڕان.'
 
بەڵام ئەوە تاکە سەرئێشەی پارتی پارێزگاران، واتە پارتەکەی سەرۆکوەزیران ریشی سووناک نییە. پارتی ریفۆرم، کە پارتێکی نوێیە، خەریکە دەنگی بەشێک لە جەماوەری راستڕۆی پارێزگاران بۆ خۆی دەبات، ئەوەش دوای ئەوەی رەخنەی لە سەرکردایەتیی پارتی پارێزگاران گرت بەوەی نەیتوانیوە لێشاوی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ وڵاتەکەیان کۆنترۆڵ بکات. 
 

هەڵبژاردنەکە چۆن دەکرێت؟
 
خەڵکی سەرانسەری شانشینی یەکگرتوو، واتە ئینگلاند، سکۆتلاند وێڵز و ئایرلاندی باکوور، 650 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵدەبژێرێن. 
لە هەر بازنەیەک، تەنیا یەک بەربژێر دەیباتەوە. 
 
هەڵبژاردنەکە تەنیا بە یەک گەڕ و لە رۆژی (پێنجشەممە، 4ـی تەممووزی 2024) دەکرێت. 
 
لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، ئەو بەربژێرەی زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت، بازنەکە دەباتەوە، تەنانەت ئەگەر 50٪ـش تێنەپەڕێنێت. ئەمەش وایکردووە دوو پارتی هەرە گەورەی وڵاتەکە، واتە پارێزگاران و کار، لە هەموو هەڵبژاردنێکدا باڵادەست بن، چونکە بۆ پارتە بچووکەکانی دیکە، زەحمەتە کورسی بەدەستبێنن، مەگەر لە شوێنێکی دیاریکراو نەبێت کە جەماوەرەکەیان تێدا چڕبووبێتەوە. 
 

سەرۆکوەزیران چۆن هەڵدەبژێردرێت؟
 
ئەو پارتە یان هاوپەیمانییەی کە زۆترین کورسییان لە ئەنجوومەنی نوێنەران هەیە، حکومەتی نوێ پێکدێنێت و سەرکردەکەیشی دەبێتە سەرۆکوەزیران. 
 
واتە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، ئاراستەی سیاسیی حکومەت دیاریدەکات، کە لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا، لە ژێر جڵەوی پارتی پارێزگارانی راستڕۆی میانڕۆدا بووە. 
 
پارتی چەپڕۆی میانڕۆی کار، بە بەهێزترین ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە دادەنرێت. 
 
کێ خۆی بەربژێر کردووە؟
 
ریشی سووناک، وەزیری پێشووی گەنجینەی بەریتانیا، کە لە ساڵی 2022ـەوە بووەتە سەرۆکوەزیران، لەم هەڵبژاردنەدا سەرکردایەتیی پارتەکەی دەکات. رکابەرە سەرەکییەکەی، کەیر ستارمەرە، کە پێشتر بەڕێوەبەری نووسینگەی داواکارانی گشتیی ئینگلاند بووە و، لە نیسانی 2020ـەوە بووەتە سەرکردەی پارتی پارێزگاران. 
 
بەڵام ئەگەر هیچکام لەو دوو پارتە سەرەکییە، زۆرینەی رەها بەدەستنەهێنن، دەکرێت پارتە بچووکەکانی دیکە رۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە دروستکردنی حکومەتێکی هاوپەیمانیدا هەبێت.
 
پارتی نیشتمانیی سکۆتلاند، کە بانگەشە بۆ سەربەخۆیی سکۆتلاند دەکات، پارتی لیبراڵە دیموکراتەکان و پارتی یەکێتیی دیموکرات، لەم کاتەدا لە دوای پارێزگاران و کار، گەورەترین سێ پارتی پەرلەمانی بەریتانیان. زۆر لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، پارتی ریفۆرم بەشێکی دەنگی پارێزگاران بۆ خۆی دەبات. 
 

بۆچی پارێزگاران لەژێر گوشاردان؟
 
لەو کاتەوەی لە ساڵی 2010ـەوە دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، ئاڵنگاری دوای ئاڵنگاری رووی لە پارێزگاران کردووە. سەرەتا گیرۆدەی کاریگەریی قەیرانی دارایی جیهانی بوون، کە لە ئەنجامیدا قەرزەکانی بەریتانیا زیادبوون و پارێزگاران ناچاربوون چەند ساڵێک سیاسەتی سکهەڵگوشین پەیڕەو بکەن بۆ ئەوەی هاوسەنگی لە بودجەدا دروستبکەن.
 
دوای ئەوە سەرکردایەتیی چوونەدەرەوەی بەریتانیایان لە یەکێتیی ئەوروپادا کرد،  پاشان پەتای کۆرۆنای بەسەردا هات کە لە سەر ئاستی رۆژئاوای ئەورووپا، زۆرترین کەسی لەوێ کوشت. دوای ئەوەش، جەنگی ئۆکراینا و رووسیا هەڵئاوسانی بەرزکردەوە. 
 
بێ رەچاوکردنی ئەوەی بارودۆخ چۆن بووە، ژمارەیەکی زۆری دەنگدەران کێشەکانی بەریتانیا دەخەنە ئەستۆی پارێزگاران، لە شکانی ئاوەڕۆکانەوە بگرە، تاوەکو دەگاتە هێڵە ماندووەکانی شەمەندەفەر و زیادبوونی گرانی، تاوان و لێشاوی ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەمی چووپ بە نۆکەندی ئینگلیزدا دەڕۆن. 
 
لەسەرووی هەموو ئەوانەشەوە، ناوبانگی پارتەکە بەهۆی ئابڕووچوونی چەند بەرپرس و وەزیرێک، لەکەدار بووە.
 
دیارترین ئابڕووچوون ئەوەی بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی پێشووتر بوو، کە لە ماوەی قەدەخەی گشتیدا لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لە نووسینگەی خۆی ئاهەنگی سازکردبوو. بەهۆی ئەو ئابڕووچوونە، جۆنسن لە پۆستی سەرۆکوەزیران دوورخرایەوە. دواتریش دەرکەوت درۆی لەگەڵ پەرلەمانتاران کردووە، لە پەرلەمانیش دەرکرا. دوای ئەو، لیز ترەیس بووە سەرۆکوەزیران، کە بەهۆی شکستهێنانی لە دانانی نەخشەیەکی روون بۆ ئابووری، تەنیا 45 رۆژ لە پۆستەکەدا مایەوە و دەستی لە کارکێشایەوە. 

 

 
کێشە گەورەکان چین؟
 
ئابووری: 
 
بەریتانیا بەدەست هەڵاوسان و خاوبوونەوەی گەشەی ئابوورییەوە دەناڵێنێت. ئەو دوو کێشە ئابوورییە، وایان کردووە زۆربەی خەڵکی وڵاتەکە هەست بکەن هەژارتر بوون. پارێزگاران سەرکەوتووبوون لە کەمکردنەوەی هەڵاوسان، بەجۆرێک لەئایاری ئەمساڵ گەیشتە 2٪، دوای ئەوەی لە ئۆکتۆبەری 2022 گەیشتبووە بەرزترین ئاستی خۆی کە 11.1٪ بوو. بەڵام گەشەی ئابووری بە خاوی ماوەتەوە، ئەوەش گومانی لەسەر سیاسەتە ئابوورییەکانی حکومەت دروستکردووە. 
 
کۆچبەران:
 
لەم چەند ساڵەی رابردوودا، هەزاران کۆچبەری نایاسایی بە بەلەمی چووپ  بە نۆکەندی ئینگلزدا خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا. خەڵک دەڵێن، حکومەت جڵەوی سنوورەکانی بەریتانیای لەدەستداوە. سیاسەتی پارێزگاران بۆ وەستاندنی ئەو بەلەمانە ئەوەیە؛ بەشێکی کۆچبەرانی نایاسایی رەوانەی رواندا بکەن. رەخنەگران دەڵێن، ئەو پلانە یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکات، نامرۆڤانەیە و هیچ سوودێکی بۆ وەستاندنی ئەو خەڵەکە نابێت، کە لەبەر جەنگ، نائارامی و برسیێتی هەڵدێن. 
 
چاودێریی تەندروستی:
 
فەرمانگەی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا (NHS) کە بێبەرامبەر خزمەتگوزاری چاودێریی تەندروستی بۆ هەمووان دابیندەکات، بەدەست ژمارەیەک کێشەوە دەناڵێنێت، لیستێکی دوورودرێژی خەڵکی لەپێشە بۆ ئەوەی چارەسەریان بۆ دابین بکات، لە چارەسەری ددانەوە بگرە تاوەکو دەگاتە شێرپەنجە. 
 
رۆژنامەکانی بەریتانیا پڕن لە چیرۆکی ئەوانەی نەخۆشیی قورسیان هەیە، بۆ نموونە، بۆ گەیشتنی ئەمبیوڵانسێک، دەبێت چەند کاژێرێک چاوەڕوان بکەن و پاشانیش ماوەیەکی زیاتر لە چاوەڕوانیی دەستکەوتنی قەرەوێڵەیەکی نەخۆشخانەدا بمێننەوە. 
 
ژینگە: 
 
سووناک پشتی لە ژمارەیەک بەڵێنی پەیوەست بە ژینگە کردووە، وادەی کۆتاییهێنان بە فرۆشتنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە بەنزین و گازوایل کاردەکەن، پاشخستووە و مۆڵەتی داوە بیری نوێی نەوت لە دەریای باکوور لێ بدرێت. رەخنەگران دەڵێن، ئەم سیاسەتانە هەڵەن، لە کاتێکدا جیهان هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دەدات.
 
بۆچی ئێستا هەڵبژاردنەکە دەکرێت؟
 
شەش هەفتە لەمەوبەر، سووناک رەخنەگران و پەرلەمانتارەکانی پارتەکەشی تووشی سەرسووڕمان کرد، کاتێک 4ـی تەممووزی بە رۆژی هەڵبژاردن دەستنیشانکرد، سێ مانگ زووتر لەوەی چاوەڕواندەکرا. 
 
لە کاتێکدا زۆربەی چاودێران پێیانوابوو هەڵبژاردنەکە لە پاییزدا دەکرێت، سووناک بڕیاریدا لە هاوین بکرێن، بەو هیوایەی هەندێ هەواڵی خۆشی ئابووری، بڕوای ئەوە لای دەنگدەران دروستبکەن کە سیاسەتەکانی پارێزگاران خەریکە سەردەگرن. 
 
ئەم خولەی پەرلەمانی بەریتانیا لە نێوەڕاستی کانوونی یەکەم تەواودەبێت. پەرلەمانی بەریتانیا بۆ پێنج ساڵ هەڵدەبژێردرێت و سەرۆکوەزیران دەتوانێت لە هەر کاتێکدا پێی باش بوو، داوای هەڵبژاردن بکات. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا و سەرۆکی پارتی کرێکارانی ئەو وڵاتە دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەگەڵ هاوژینەکەی بەنێو ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکەیاندا دەڕۆن. وێنە: Stefan Rousseau / AFP

بوومەلەرزە سیاسییەکەی بەریتانیا بە قازانجی ئەو کۆچبەرانەیە هەڕەشەی ناردنیان بۆ رواندا لەسەر بوو

لە بەریتانیا بوومەلەرزەیەکی سیاسی روویدا لە قازانجی کۆچبەران، بەتایبەتی ئەو کۆچبەرانەی هەڕەشەی ناردنیان بۆ رواندا لەسەر بوو