رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی خزمەتگوزاریی کەشناسیی بەریتانیا رایگەیاند، لەو کاتەوەی پلەی گەرما لەو وڵاتە تۆمار کراوە، مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ گەمترین مانگ بووە.
رۆژی دووشەممە، 3ی حوزەیرانی 2023، نووسینگەی خزمەتگوزاریی کەشناسیی بەریتانیا کە بە "مێت ئۆفیس" ناسراوە رایگەیاند، پلەی گەرمی لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا، بەرزترین پلەی تۆمار کردووە، لەو کاتەی بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1884 پلەی گەرمی لەو وڵاتە تۆمار کراوە.
تێکڕای پلەی گەرمی بۆ مانگی رابردوو لە بەریتانیا 15.8 پلەی سیلیزی بووە و بە جیاوازی 0.9 پلە ریکۆردی پێشووی شکاندووە، کە 14.9 پلەی سیلیزی بوو و لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 1940 تۆمار کرابوو.
هەروەها نووسینگەی کەشناسیی بەریتانیا ئاشکراشی کردووە، مانگی رابردوو گەرمترین مانگی حوزەیران بووە لە ئینگلتەرا، سکۆتلەندا، وێڵز و ئێرلەندای باکوور.
لەو بارەیەوە، مارک مەککارتی، لە نووسینگەی کەشناسیی بەریتانیا رایگەیاند: "مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ گەرمترین مانگی حوزەیران بووە لەوەتەی پلەی گەرمی تۆمار دەکرێت".
هەروەها ئەو بەرپرسەی کەشناسیی بەریتانیا دەڵێت، "سەرەتای مانگی حوزەیران پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و بەرزترین پلەش لە مانگی حوزەیراندا تۆمار کرابێت 32.2 پلەی سیلیزی بووە و زۆربەی رۆژەکانی ئەو مانگەش پلەکانی گەرما لەناوەڕاستی بیستەکان و سەرەتای سییەکان بووە".
نووسینگەی کەشناسیی بەریتانیا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆی 12 مانگی ساڵدا، هەشتیان ژمارەی پێوانەییان شکاندووە بەوەی لەساڵی 2006وە بەرزترین پلەی گەرمیان تێدا تۆمار کراوە.
پوڵ دەیڤس، بەرپرسی نووسینگەی کەشناسیی بەریتانیا، دەڵێت: "گەرمبوونی گۆی زەوی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا هۆکاری سەرەکین لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی".
هەروەها بەرپرسی کەشناسیی بەریتانیا هۆشداری دەدات تاوەکو ساڵی 2050، ئەگەرێکی گەورە هەیە کە ژمارە پێوانەیییە نوێیەکەش بشکێنرێت و بەرزترین پلەی گەرمی تۆمار بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ