رووداو دیجیتاڵ
دەزگای هەواڵگریی رۆمانیا رایگەیاند، هێزەکانی دژەتیرۆر کەسێکیان دەستگیر کردووە، کە بە مۆلۆتۆڤ هێرشی کردووەتە سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە بوخارێستی پایتەختی ئەو وڵاتە.
رۆژی دووشەممە 3ی حوزەیرانی 2024 گوتەبێژێک بەناوی دەزگای هەواڵگریی رۆمانیا رایگەیاند، هێزەکانی دژە تیرۆری رۆمانیا کەسێکی 34 ساڵیان دەستگیر کردووە کە "هەڕەشەی کردووە ئاگر لە خۆی بەربدات و بە مۆلۆتۆڤ هێرشی کردووەتە سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل."
میدیای رۆمانیا ئاماژەی بەوە کردووە، تۆمەتبارەکە هاووڵاتییەکی سووری بووە و لەلایەن دەزگای دژە تیرۆری رۆمانیاوە دەستگیر کراوە.
جۆرجیان دراگان، گوتەبێژی پۆلیسی رۆمانیا بە میدیای وڵاتەکەی گوتووە، تائێستا ئەوەی لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە، ئەوەیە کە هۆکاری هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەکە پەیوەندیی بە جەنگی غەززەوە نەبووە.
دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، زۆربەی وڵاتان هۆشدارییان لە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە وڵاتەکەیان داوە و ئاستی ئامادەیی هێزە ئەمنییەکانیان لەنزیک باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل زیاتر کردووە.
مانگی رابردوو لە نزیک باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ستۆکهۆڵم دەنگی تەقە بیسترا؛ لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵیش پۆلیسی ستۆکهۆڵم بۆمبێکی چێندراویان لە نزیک باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە شارەکە پووچەڵ کردەوە.
لە ئاداری ئەم ساڵ، پۆلیسی هۆڵەندا کەسێکیان بە تۆمەتی پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە شاری لاهای دەستگیر کرد.
جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری رابردوو دەستیپێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ناوچە سنوورییەکانی ئیسرائیل و زیاتر لە 1200 کەسی کوشت و چەندین کەسی دیکەشی بە بارمتە گرت.
لە بەرامبەردا ئیسرائیل هێرشی زەوینیی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد، بەو هۆیەوە لانیکەم 36 هەزار 479 کەسی کوشت، کە زۆربەیان ژن و منداڵ و هاووڵاتییانی سیڤیل بوون، تاوەکو ئێستاش گفتوگۆکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست نەگەیشتوونەتە ئەنجام.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ