کچێکی کورد بۆ پەرلەمانی ئەورووپا بەربژێرە: دەمەوێت پرسی کورد ببەمە ئەو پەرلەمانە
رووداو دیجیتاڵ
دیانا غەفوور کە باوکی کەرکووکی و دایکی ئیلامی-یە، لە سوێد لە دایکبووە. ئێستا ئەو کچە کوردە دەیەوێت ببێتە نوێنەری سۆشیال دیموکراتەکانی سوێد لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا.
دیانا لە ساڵی 1997 لە سوێد لەدایکبووە و لە تەمەنی 11 ساڵییەوە تیكەڵ بە سیاسەت بووە؛ ئەو دەڵێت، نەهامەتییەکانی دایک و باوکی بەهۆی کوردبوونیانەوە لە عێراق و ئێران، وایلێکردووە توخنی سیاسەت بکەوێت و پرسی کورد بگەیێنێتە ناوەندە سیاسییە گرنگەکانی ئەورووپا.
ئەو کچە کوردە لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، باس لە چیرۆکی خێزانەکەی دەکات و دەڵێت، "باوکم خەڵکی شاری کەرکووکە و دایکیشم خەڵکی ئیلامە و کوردی فەیلییە، بەڵام لە تاران گەورە بووە. ئەوان لەکاتی جەنگی ئێران و عێراق لە کۆتایی ساڵانی 1980کان روویان لە سوێد کرد، لە شاری ئۆپسالا یەکدییان ناسی و ژیانی هاوژینییان پێکهێنا."
دیانای تەمەن 27 ساڵ، بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لە زانکۆ تەواو کردووە؛ ئێستا لەسەر لیستی پارتی سۆشیال دیموکراتەکانی سوێد خۆی بەربژێر کردووە بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، کە بڕیارە لە 6 بۆ 9ی حوزەیران بکرێت.
دیانا بە رووداوی گوت، "ئەگەر هەڵبژێردرام، دەمەوێت کار لەسەر مافی کەمینەکان لە ئەورووپا بکەم، لەگەڵ پەیوەندییەکانی دەرەوە؛ ئەوە ئەو دوو بوارەن کە حەز دەکەم کاریان تێدا بکەم."
ئەو کچە کوردە گوتیشی، "ئەگەر بچمە پەرلەمانی ئەورووپا، دەمەوێت پرسی کورد لە پەرلەمان بوروژێنم و زیاتر بە ئەورووپییەکانی ئاشنا بکەم. هیواخوازم بتوانم کار بکەم بۆ پێکهێنانی کۆمەڵەیەکی ئەورووپی – کوردی، تاوەکو بتوانرێت لە رێگە ئەو کۆمەڵەیەوە، پرسی کورد بهێنینە نێو پەرلەمانی ئەورووپاوە."
هەروەها دیانا دەڵێت، لە خوولی داهاتووی پەرلەمانی ئەورووپا، پێویستە ئەورووپا پاڵپشتییەکانی بۆ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مافەکانی ئافرەتان لە هەر چوار پارچەی کوردستان زیاتر بکات، لەگەڵ فراوانکردنی هاوکارییەکانی تایبەت بە گەشەپێدانی ناوچەکە، جگە لەوەش بەردەوام بن لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان بپارێزرێن."
ئەو کچە کوردە باس لەوە دەکات، لە پەرلەمانی ئەورووپا هەوڵدەدات دەنگ کۆبکاتەوە بۆ گوشارخستنە سەر ئێران و تورکیا، "بۆئەوەی چیدی مافەکانی کورد پێشێل نەکەن." دەشڵێت، "دۆخی ناوچە کوردییەکان لە ئێران لە چەند ساڵی رابردوودا، هیچ سەقامگیر و ئارام نییە. بۆیە پێویستە گوشاری زیاتر بخرێتە سەر ئێران. لەو بڕوایەشدام ئەمە خاڵێکە کە یەکێتیی ئەورووپا دەتوانێت رۆڵێکی بەرچاوی هەبێت و کۆدەنگییەک لەسەر ئێران دروست بکرێت."
لەبارەی تورکیاوە، دیانا لەو بڕوایەدایە پێویستە ئەورووپا گوشاری زیاتر بخاتە سەر ئەنقەرە. ئەو دەڵێت، "ئێستا دەبینیت هەر کەسێک هەندێک پاڵپشتی لە پرسی کورد بکات، دەخرێتە زیندانەوە. سەڵاحەددین دەمیرتاش 42 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. دەبێت ئەورووپا داوای ئازادکردنی سەرجەم زیندانییە سیاسییەکان بکات و ئەگەر تورکیا پابەند نەبوو، ئەوا ئەورووپا دەبێت بیر لە راگرتنی مامەڵە بازرگانییەکانی لەگەڵ تورکیا بکاتەوە، چونکە نابێت ئەورووپا مامەڵە لەگەڵ وڵاتێک بکات کە هەمیشە ئاڵنگاری بۆ مافەکانی مرۆڤ و مافی کەمینەکان دروست دەکات."
دیانا هەر لە منداڵییەوە حەزی بە سیاسەت هەبووە و بە قسەی خۆی لە ساڵی 2011وە چووەتە نێو سیاسەت، لە تەمەنی 14 ساڵی بووەتە ئەندام لە گرووپی گەنجانی پارتی سۆشیال دیموکراتی سوێد.
ئەو کچە کوردە – سوێدییە دەڵێت، "ساڵی 2011 کاتێک چوومە نێو سیاسەتەوە، هەر ئەو ساڵەش بوو کە هێرشە تیرۆرستییەکەی نەرویج روویدا و ئاماژەیەکی روون بوو لە بڵاوبوونەوەی هەستی راستڕۆ و تووندڕۆکان لە ئەورووپا. باوک و دایکم کە پەنابەرن، ئەوانیش خاڵێکی دیکەی هاندانم بوون بۆئەوەی بچمە نێو سیاسەتەوە. هەمیشە چیرۆکەکانی ژیانیانم دەبیست کە بۆچی روویان لە سوێد کرد، ئەمانەش هەمیشە کاریگەرییان لەسەر ژیان و بیرکردنەوەم هەبوو. هەروەها پرسی کوردیش یەکێک بوو لەو خاڵانەی هانیدام تێکەڵاوی سیاسەت بم."
پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەورووپا لە هەر 27 وڵاتەکەی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا بەڕێوەدەچێت و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت بۆ دیاریکردنی بەدەستهێنانی 720 کورسی پەرلەمانەکە.
دیانا باس لە یەکێک ئامانجە سەرەکییەکانی دەکات لە ئەگەری سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکان و دەڵێت، "ئامانجم ئەوەیە ببمە دەنگێکی بەهێز بۆ کەمینەکان لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا. ئێستاکە دەبینین شەپۆلی راستڕۆ لە ئەورووپا بە شێوەیەکی بەرچاو بەربڵاوە و ئاڵنگاریی بۆ دیموکراسییەکەمان دروستکردووە. راستڕۆکان بە شێوەیەک کار دەکەن کە ناتوانن کێشە ئاڵۆزەکانی نێو کۆمەڵگە چارەسەر بکەن و هەموو بەرپرسیارێتییەکەیان خستووەتە ئەستۆی کەمینەکان."
یەکێک لە پرسە گەورە و گرنگەکانی هەڵبژاردنی ئەم ساڵ لە ئەورووپا، قەیرانی کۆچبەرانە لەو کیشوەرە. لە مانگی نیسانی ئەم ساڵ، پەرلەمانی ئەورووپا رێککەوتنی کۆچبەرانی پەسند کرد. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، رێکارەکانی وەرگرتن و پێشکێشکردنی داواکاریی مافی پەنابەرێتی تووند دەکرێن.
لەبارەی ئەو رێککەوتنەوە و قەیرانی کۆچبەران لە ئەورووپا، دیانا غەفوور گوتی، "هەندێک تێبینیم لەسەر رێککەوتنی کۆچبەران هەیە، یەکێک لەوانەش شێوازی پێشکێشکردن و وەڵامدانەوەی داواکاریی پەناخوازی. هەروەها ئەو رێککەوتنە، دۆخی ئەو کۆچبەرانە لەبەرچاو ناگرێت کە لەسەر چی هۆکارێک روویان لە وڵاتانی ئەورووپا کردووە و رەنگە ئەو کۆچبەرانە دیپۆرتی وڵاتەکەیان بکرێنەوە، کە رووبەڕووی پێشێلکاری و مەرگ بکرێنەوە. ئێستا ژمارەیەک لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن زیاد کراون، تەنانەت منداڵانیشی تێدەکەن."