بەهۆی دانانی پێنج تابووت لە نزیک بورجی ئیفڵ، سێ کەس دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی فەرەنسا سێ کەس دەستگیردەکات کە پێنج تابووتیان لە نزیک بورجی ئیفڵ لە پاریس داناوە. تابووتەکان بە ئاڵای فەرەنسا داپۆشرابوون و لەسەریان نووسرابوو 'سەربازانی فەرەنسا لە ئۆکراینا.'
رۆژی یەکشەممە (02-06-2024) چەند سەرچاوەیەک لە پۆلیسی پاریس رایانگەیاند، لەسەر ئەو دۆسییەیە، سێ کەسی بیانی بەتۆمەتی دانانی تابووتەکان دەستگیرکراون. "پۆلیس گومان دەکات ئەوە دەستوەردانی دەرەکی بێت."
پۆلیس سەرەتا شۆفێری ئەو بارهەڵگرەی دەستگیرکردووە، کە تابووتەکانی گواستووەتەوە. شۆفێرەکە بە پۆلیسی گوتووە دوو کەس 40 یۆرۆیان پێداوە بۆ ئەوەی ئەوان و تابووتەکان بباتە نزیک بورجەکەی پاریس.
دوای کۆکردنەوەی زانیاری، سەرچاوەکان دەڵێن: پۆلیس توانی دوو کەسەکە لە تێرمیناڵی پاسەکانی بێرسی لە فەرەنسا دەستگیر بکەن، کاتێک ویستوویانە بچنە ئەڵمانیا.
سەرچاوەکان باس لەوەش دەکەن، سێ کەسەکە خەڵکی بولگاریا، ئەڵمانیا و ئۆکراینان.
مانگی رابردوو، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند "پرسی ناردنی سەربازی رۆژئاوا و ئەورووپا بۆ ئۆکراینا رەوایە، ئەگەر رووسیا بەرەی پێشەوەی ئۆکراینا بشکێنێت و کیێڤیش داوای سەرباز بکات."
لێدوانەکانی ماکرۆن کاردانەوە و دڵەڕاوکێی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، رووسیاش ئەو لێدوانەی بە "مەترسیدار" ناوبرد.
لە رووداوێکی هاوشێوەدا، مانگی رابردوو مۆنیومێنتی هۆڵۆکۆست لە فەرەنسا وێنەی دەستی سووری لەسەر نەخشێندرا و پۆلیس رایگەیاند، سێ کەس گومانلێکراون و لە فەرەنسا رایانکردووە.