رووداو دیجیتاڵ
لە یەکێک لە نانەواخانە کوردییەکان لە شاری ناشڤێل، زیاتر لە 10 کەس کار دەکەن کە زۆربەیان ژنن. رۆژانە لە کاژێر سێ و چواری بەیانییەوە دەست بەکارکردن دەکەن، هەندێکیان تاوەکو کاژێر دوو و هەندێکیشیان تاوەکو کاژێر چواری ئێوارە دەمێننەوە.
حەمایل ئیبراهیم پێشتر بۆ زیاتر لە 20 ساڵ وەکو بەڕێوەبەر لە مەکدۆناڵدز کاریکردووە، بەڵام دواتر بڕیاریدا بێت لەگەڵ کورددا کاربکات. وەک خۆی دەڵێت، لەگەڵ کوردەکان کەمتر هەست بە غەریبایەتی دەکات.
حەمایل ئیبراهیم، نانەوایەکە لە شاری ناشڤێل و دەڵێت، "ئەم کارە باشە سوپاس بۆ خودا، هەموومان کوردین و بەیەکەوەین، ئەمەش بۆ ئێمە زۆر خۆشە، زۆرم پێمخۆشە هەموومان کوردین. بەیانیان کاژێر چوار دێین، تاوەکو کاژێر دوو یان یەک دەمێنینەوە، کاری زیاتریشمان هەبێت زیاتر دەمێنینەوە، کەم بێت زووتر دەچینەوە، سەموونی کارەبایی دروستدەکەین خواستی خەڵکی لەسەر زۆرە."
نانەواخانەکە کوردییە، بەڵام بێجگە لە نانی کوردی، نانی بەربەری ئێرانی و هەروەها نانی ئەفغانی و چەند جۆرە سەموونێکیش دروستدەکەن، ئەمەش وایکردووە بێجگە لە کورد نەتەوەکانی دیکەش روو لەو نانەوایە بکەن.
سەبڕی ئەحمەد عەبدوڵڵا نانەوایەکی دیکەی شارەکەیە و بە رووداوی گوت، "بەربەری ئێرانی و سەموونی حەجەری و نانی کوردیش دروستدەکەین. سوپاس بۆ خودا خواست لەسەریان باشە، هەموو نەتەوەکان دەیکڕن، زیاتر کوردن و ئەفغانی و پاکستانی و عەرەبن، سۆماڵی و ئەفریقیش دێن، هەروەها ئەمریکی و لاوسی و نەوەتەکانی دیکەش دەیکڕن."
لە ناشڤێل پێنج نانەواخانەی تایبەت بە کورد هەن و نانی کوردیش لەلایەن کۆمەڵگەی کۆچبەری لە شارەکە خواستێکی زۆری لەسەرە. بەگوتەی خاوەنی یەکێک لە نانەواخانەکانیش، "هەرچەند نان هەبێت، دەفرۆشرێت و لەسەریان نامێنێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ