ھەولێر بووە ئەندامی رێکخراوی نێودەوڵەتی شارەکانی فرانکوفون

‎رووداو-هەولێر

ئەمرۆ لە 89هەمین کونگرەی رێکخراوی نێودەوڵەتی شارەکانی فرانکوفون لە شاری کیگالی پایتەختی رواندا بەکۆی دەنگ ھەولێر بە ئەندامی رێکخراوەکە پەسەندکرا. 


ئان ھیدالگو، سەرۆکی رێکخراوی نێودەوڵەتی شارەکانی فرانکوفون سوپاسی شاندی حکومەتی ھەریمی کوردستانی کرد کە بۆ یەکەمینجار بەشداریی کونگرەکە دەکەن و زۆر بەپێویستی زانی کە شاری ھەولێر ببێتە ئەندام بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەل شارەکانی دیکەی جیھان.

نەوزاد ھادی، پارێزگاری هەولێر سوپاسی سەرۆک و ئەندامانی رێکخراوەکەی کرد بۆ وەرگرتنی ھەولێر وەکو ئەندام لە رێکخراوەکە و  کورتە باسێکی لەسەر شاری ھەولێر و کوردستان کرد. لەلایەن ئامادەبووانی رێوڕەسمەکەیشەوە پیروزبایی لێکرا بەبۆنەی بە ئەندامبوونی ھەولیر لە رێکخراوی نێودەوڵەتی شارەکانی فرانکوفون.



نەوزاد ھادی پارێزگاری ھەولێر و علی دۆڵەمەڕی نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بە فەرمی بۆ کونگرەکە داوەتکرابوون.


رێکخراوەکە لە 194 شار لە 51 وڵاتی جیھانەوە پێکهاتوون و ئامانجیان یارمەتیدانی یەکدیە لە ھەموو بوارەکانی ژیان لەنێوان شارەکانی ئەندام. بارەگای سەرەکی رێکخراوەکەش لە شاری پاریسە.