لە بەرازیل 29 کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی بەرازیل رایدەگەیێنن، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لە باشووری وڵاتەکە دیواری بەنداوێک رووخاوە و لانیکەم 29 کەس گیانیان لەدەستداوە. حکومەتیش دۆخی نائاسایی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کارەساتی سرووشتی راگەیاندووە و داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە. 
 
رۆژی هەینی، 3ـی ئایاری 2024، بەرگریی شارستانی هەرێمی ریۆ گراندێ دۆ لە بەرازیل رایگەیاند، بەهۆی بارانی بەخوڕ و بەردەوام بەنداوێک رووخاوە و بەوهۆیەوە لانیکەم 60 کەس بێسەروشوێن بوون و 10,242 کەس لە 154 ناوچە ئاوارە بوون. 
 
بارانبارین لە رۆژی دووشەممەوە دەستیپێکردووە و زیاتر لە 150 میلیمەتر باران باریوە. 
 
زانایانی کەشناسی پێشبینی دەکەن، تاوەکو کۆتایی هەفتەی داهاتوو بارانەکە بەردەوام بێت و هۆشداری دەدەن ئاستی ئاو زیاتر بەرزدەبێتەوە. 
 
ئیدواردۆ لیێت، حاکمی هەرێمی ریۆ گراندێ دۆ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لافاوەکەی بە "مەترسیدارترین لە مێژوو" ناوبرد و گوتی: "ئەوەی روودەدات تەنیا کەیسێکی مەترسیدار نییە، بەڵکو مەترسیدارترین کەیسە کە تاوەکو ئێستا لە مێژوودا تۆمار کرابێت".
 
لافاوەکە بووەتە هۆی ئەوەی کارەبای بەشێک لە ناوچەکانی بەرازیل ببڕێت و بەرپرسان ئاماژە بەوە دەکەن، تاوەکو ئێستا کارەبای 300 هەزار ماڵ بڕاوە. 
 
لە چەند ساڵی رابردوودا ناوە ناوە کارەساتی سرووشتی لە بەڕازیل روودەدات، دوایینیان ساڵی رابردوو بوو کە زیاتر لە 50 کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستدا.