لە ئەمریکا ساڵانە بەهۆی نەبوونی کرێی خانوو داوا لە 3.6 ملیۆن کەس دەکرێت ماڵەکانیان چۆڵ بکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی نەبوونی پارەی کرێی خانوو، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی ئەمریکا لە ماڵەکانیان دەردەکرێن. ئەلێکس کە هاووڵاتییەکی ویلایەتی ئەریزۆنایە، پارەی کرێی ماڵەکەی نییە و ناچار بووە کەلوپەلەکانی کۆکردووەتەوە و شوێنەکەی جێدەهێڵێت.
 
ئەلێکس، هاووڵاتیی ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمریکا دەڵێت، "دوو کارم هەیە و هێشتاش بەش ناکات. کرێکەی زۆرە، خواردن گرانە و سووتەمەنی گرانە. کرێکەی بە پێداویستییەکانی دیکەوە دەگاتە 3000 دۆلار. نازانم چی بڵێم. زۆر ناخۆشە."
 
لین مکلۆسکی پۆلیسێکی شارەکەیە و رۆژانە لە دەرگای ئەو ماڵانە دەدات کە کرێی مانگانەیان نەداوە؛ ئاگادارییان دەکاتەوە پارەکەیان بدەن، ئەگەرنا لەو خانوو و شوقانە دەردەکرێن. مانگانە لەو ناوچەیەی ئەمریکا 3000 کەس لە ماڵەکانیان دەردەکرێن.
 
لینی مکلۆسکی، پۆلیسی شاری سیۆنێکس لە ئەریزۆنا دەڵێت، "کاتێک یەکەمجار دەستم بە کار کرد، مانگانە سەردانی 150 ماڵم دەکرد، بەڵام ئێستا سەردانی 200 ماڵ دەکەم."
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی ئیڤێکشن لابی ئەمریکی، ساڵانە داوا لە سێ ملیۆن و 600 هەزار کەس دەکرێت ماڵەکانیان چۆڵ کەن؛ ئەمەش بەراورد بە پێش کۆرۆنا دوو هێندە زیاترە. هاووڵاتییانی وڵاتەکەش هۆکارەکەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان و هەڵاوسان دەگەڕێننەوە.