رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، عێراق لە ئازادیی راگەیاندندا لە ریزبەندی خراپترینەکانی جیهان و لە پلەی 11 دایە. نەرویج باشترین و ئەریتریاش خراپترینی جیهانن لەو بوارەدا.
رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور، راپۆرتی ساڵی 2024ی تایبەت بە ئازادی راگەیاندن بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەهۆی گوشارە سیاسییەکان، ئازادییەکانی رۆژنامەڤانان "خنکێندراوە".
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات لە ساڵی 2024دا، ئازادیی رۆژنامەڤانی لە زۆربەی وڵاتان پاشەکشەی کردووە. رێکخراوەکە دەڵێت: "دەسەڵاتداران بە چەندین رێگە بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی راگەیاندن و میدیاکاران، لەوانە: تووندوتیژی، دەستبەسەرکردن، یاسا و سزا تووندەکان، گوشارە داراییەکان، گوشارە کۆمەڵایەتییەکان". لە هەمانکاتدا "سەرجەم تاوان و تووندوتیژییەکان دژ بە رۆژنامەڤانان بێ سزا تێدەپەڕێت"، ئەمە بەپێی پەیامنێرانی بێسنوور.
پەیامنێرانی بێسنوور، رایگەیاندووە، ئەمساڵ رووماڵکردنی جەنگ گەورەترین زیانی بە رۆژنامەڤانان گەیاندووە. بەتایبەتی جەنگی غەززە کە "رۆژنامەڤانان باجێکی قورسیان داوە". ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە دەڵێت لە سەرەتای ئەو جەنگەوە، سوپای ئیسرائیل زیاتر لە 100 رۆژنامەڤانی کوشتووە. لە هەمانکاتیشدا ئیسرائیلییەکان کۆنترۆڵی هەموو زانیارییەکیان کردووە کە لەنێو ئەو کەرتەوە بۆ جیهان بڵاودەبێتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئەمساڵ، ئیسرائیل لە پلەی 101ـەمینی جیهان دێت و بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیووە، پێشەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بۆ قەتەر لەدەستداوە کە ئێستا ئەو وڵاتە عەرەبییە باشترینی وڵاتانی ناوچەکەیە بۆ ئازادی راگەیاندن و لە پلەی 84مین دێت.
بەگوێرەی ئەو پۆلێنکارییە، سووریا دووەم خراپترین وڵاتە لە جیهاندا بۆ ئازادی راگەیاندن و لە پلەی 179دایە. بەراورد بە ساڵی رابردوو، چوار پلەی دیکە چووەتە دواوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هێشتا ئەو وڵاتە بە یەکێک لە خراپترن و ناسەلامەتترین وڵاتانی جیهان بۆ رۆژنامەڤانان و میدیاکاران هەژمار دەکرێت.
ئەمە بێجگە لەوەی ئەو رۆژنامەڤانە سووریایانەی بەهۆی قەیرانی 13 ساڵەی وڵاتەکەوە، سووریایان بەجێهێشتووە و روویان لە وڵاتانی دراوسێ کردووە و لە وڵاتانی لوبنان، تورکیا و ئوردن، هەڕەشەیان لێدەکرێت بەوەی دیپۆرتیان دەکەنەوە.
ئان بۆکاندی، بەرپرسی بۆردی رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور رایگەیاند: "رێکخراوەکە نیگەرانە لە دابەزینی ئاستی پاڵپشتی و رێز بەرامبەر بە راگەیاندنی سەربەخۆ و زیادبوونی گوشارەکان لەلایەن دەوڵەتان و ئاکتەرە سیاسییەکان. وڵاتان و هێزە سیاسییەکان بەردەوامن لەوەی رۆڵیان کەم ببێتەوە لە پاراستنی ئازادی رۆژنامەگەری".
لە درێژەی راپۆرتەکەی پەیامنێرانی بێ سنوور (RSF)، چوار گەورەترین وڵاتان بۆ زیندانیکردنی رۆژنامەڤانان لە جیهاندا، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن. لە پلەی یەکەم ئیسرائیلە کە زۆرترین رۆژنامەڤای فەلەستینی زیندانی کردووە، لە دوای ئەویش سعودیە لە پلەی 166ـەمین، پاشان سووریا و ئێرانیش لە پلەی 176ـەمین دێن، کە زۆرترین رۆژنامەڤانیان دەستگیر کردووە.
رێکخراوەکە، سەرجەم وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی تۆمەتبار کردووە بەوەی گوشاری سیاسیی بەکاردەهێنن بۆ سنووردارکردنی ئازادیی رۆژنامەڤانی و بەتایبەتیش لە عێراق و تونس.
عێراق ئەمساڵ دوو پلە دابەزیوە، دوای ئەوەی ساڵی رابردوو، لە پلەی 167ـەمینی جیهان بووە.
بەگوێرەی ئاماری راپۆرتەکە لە سەرەتای ساڵەوە، 12 رۆژنامەڤان لە سەرانسەری جیهان کوژراون، ئەمەش لەکاتێکدایە، 544 رۆژنامەڤان و 26 میدیاکار لە جیهاندا دەستگیر کراون.
رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور ئاماژە بەوە دەکات، ئەمریکاش لەڕووی ئازادی رۆژنامەڤانان، پاشەکشەی کردووە لە پلەی 55ـەمینی جیهانە لەدوای ئەوەی ساڵی رابردوو، لە پلەی 45ـەمین بوو، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی هێرشی بەرپرسان بۆ سەر رۆژنامەڤانان لەنێویشیان داواکاری بۆ زیندانیکردنی رۆژنامەڤانان.
لە ئەوروپا، رووسیا لە پلەی 162ـەمینە و خراپترینی کیشوەرەکەیە، ئەمەش بەهۆی جەنگی ئۆکراینا و فراوانبوونی گوشارەکان بۆ سەر رۆژنامەڤانان. بەگوێرەی پەیامنێرانی بێسنوور لە سەرەتای ئەو جەنگەوە، زیاتر لە هەزار و 500 رۆژنامەڤان لە رووسیا هەڵاتوون.
10 باشترین وڵات بۆ ئازادیی راگەیاندن:
1- نەرویج
2- دانیمارک
3- سوێد
4- هۆڵەندا
5- فینلاند
6- ئیستۆنیا
7- پۆرتوگال
8- ئیرلاند
9- سویسرا
10- ئەڵمانیا
10 خراپترین وڵات بۆ ئازادیی راگەیاندن:
1- ئەریتریا
2- سووریا
3- ئەفغانستان
4- کۆریای باکوور
5- ئێران
6- تورکمانستان
7- ڤێتنام
8- بەحرێن
9- چین
10- میانمار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ