سەندیکا پیشەییەکانی ئەڵمانیا داوای کەمکردنەوەی کاژێرەکانی کارکردنی کرێکاران دەکەن

03-05-2024
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
کرێکاران داوا دەکەن کاژێرەکانی کارکردن لە هەشت کاژێر کەمتر بێت
کرێکاران داوا دەکەن کاژێرەکانی کارکردن لە هەشت کاژێر کەمتر بێت
A+ A-
 
رووداو - ئەڵمانیا

کرێکارانی ئەڵمانیا داوا دەکەن کاژێرەکانی کارکردن لە هەشت کاژێر کەمتر بکرێنەوە و سەندیکاکانیش هۆشداریی ئەوە دەدەن، ئەگەر داواکارییەکان جێبەجێ نەکرێن، دەست بە مانگرتن و خۆپێشاندان دەکەن.
 
رۆژی 1ی ئایار، لە کانێکی خەڵووز لە رۆژئاوای ئەڵمانیا، رێوڕەسمێک بۆ رێزگرتن لە رۆژی جیهانیی کرێکاران بەڕێوەچوو و تێیدا بەشێک لە رێکخراوە پیشەیی و سەندیکاکانی کرێکاران داوای گۆڕینی یاساکانی کارکردنیان کرد.
 
چیدەم کایا، سکرتێری سەندیکای ڤەردی ئەڵمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "100 ساڵ لەمەوبەر کرێکاران لە رۆژێکدا هەشت کاژێر کاریان دەکرد، ئێستاش یاساکە بە هەمان شێوەیە و دەبێت کرێکاران هەشت کاژێر کار بکەن. نابێت بەو جۆرە بێت و دەبێت بۆ هاوسەنگکردنەوەی کار و ژیان، کاژێرەکانی کارکردن کەم بکرێنەوە."
 
چیدەم کایا دەڵێت، "وەکو سەندیکا داوا لە حکومەتی ئەڵمانیا دەکەین پشتیوانی لە مافی کرێکار و خاوەن پیشەکان بکات."
 
چیدەم کچە چالاکوانێکی کوردی باکووری کوردستانە و لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، "ئەگەر چاکسازی لە یاسای کار و مافی کرێکاران نەکرێت، ناچار دەبین پەنا بۆ مانگرتن و خۆپێشاندان ببەین."
 
هاوکات، ئەلێکساندەر لازاراڤیچ، بەرپرسی کۆڕبەندی سەندیکاکانی ئەڵمانیا لە نیدەراین بە رووداوی گوت، "لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا وەرچەرخانێک لە یاسای کارکردن لە ئەڵمانیا روویدا و ساڵی 1990یش کۆمەڵێک گۆڕانکاریی نوێ کران. ئەگەر بمانەوێت لە داهاتوودا دەرفەتی کاری زیاتر بخوڵقێنین، ئەوا دەبێت بزانین کە کاتی ئەوە هاتووە جارێکی دیکە یاسای کارکردن هەموار بکەینەوە."
 
ئەلێکساندەر لازاراڤیچ پێیوایە "ئێستا بەشێک لە خاوەنکارەکان دەیانەوێت کاژێرەکانی کارکردن لەوەی کە هەیە زیاتر بێت، تەنیا لەپێناو ئەوەی قازانجی زیاتر بکەن."
 
زیاتر لە 160 ساڵە سەندیکا پیشەییەکان لە ئەڵمانیا دامەزراون و لە هەموو قۆناخێکدا هەڵوێست و داخوازییەکانیان خستووەتەڕوو، ئێستا داوا دەکەن، کاژێرەکانی کارکردنی کرێکاران کەمبکرێتەوە و مافەکانیشیان بەگوێرەی گوزەرانی سەردەم بێت بۆ ئەوەی بتوانن کاتیان هەبێت بۆ خێزانەکانیان و بەو داهاتەش بەدەستی دێنن ژیانیان بەڕێوەبەرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە