رووداو - برۆکسل
بەڕێوەبەری رێکخراوی چاڤ دەڵێت، دۆخی رۆژئاوای کوردستان پرسێکی سەرەکیی کۆنفرانسی برۆکسل بوو. ئاماژە بەوەش دەکات، نابێت پرسی کورد لە سووریادا تەنیا لە خوێندن بە زمانی کوردی و کۆمەڵێک بابەتی دیکەی وەکو بەڕێوەبردنی شارەکان کورت بکرێتەوە.
رۆژی 30ی نیسانی 2024 هەشتەمین کۆنفرانسی برۆکسل بۆ دۆخی سووریا لە سویسرا بەڕێوەچوو و یەکێک لە بەشداربووانی دەڵێت، دۆخی رۆژئاوای کوردستان و ئاوارەکان لە سووریا بەگشتی دوو تەوەری کۆنفرانسەکە بوون.
فارووق حاجی مستەفا، بەڕێوەبەری رێکخراوی چاڤ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە برۆکسل رایگەیاند، "پرسی سووریا پرسێکی لەپێشینەی یەکێتی ئەورووپایە، بەڵام بەو شێوەیە نییە کە ئەمریکا و رووسیا کاری لەسەر دەکەن، بەگشتی سووریا بەلای ئەورووپاوە پرسێکی سیاسیی گەرم نییە، بەڵکو زیاتر لایەنەکانی مافی مرۆڤ، بزاڤی مەدەنی و مامەڵەکردن لەگەڵ مافی پەنابەرێتی هاووڵاتییانی سووریا جێگەی بایەخی وڵاتانی ئەورووپایە."
فارووق حاجی مستەفا دەڵێت، لە کۆنفرانسی ئەمجارەی برۆکسلدا دۆخی رۆژئاوای کوردستان و پرسی ئاوارەکان لە سووریا بەگشتی لە مژارە گەرمەکان بوون و گوتی، "سەرجەم وڵاتانی رۆژئاوا، رووسیا، وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و تەنانەت دەسەڵاتی سووریاش دەزانن کە پرسی کورد لەو وڵاتەدا پرسێکی سەرەکییە و تاوەکو ئەو پرسە چارەسەر نەکرێت، دیموکراسی بەدی نایەت."
بەڕێوەبەری رێکخراوی چاڤ پێیوایە، ئێستا لای ئەو وڵاتانەی بایەخی زۆر بە دۆخی سووریا دەدەن، کێشەی کورد بووە بە بابەتێکی سەرەکی و دەشڵێت: "گرنگە پرسی کورد تەنیا کورت نەکرێتەوە لە خوێندن بە زمانی دایک و کۆمەڵێک بابەتی وەک بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان، بەڵکو دەبێ کورد لە ناوەندی بڕیاری سووریادا رۆڵی پێ بدرێت."
فارووق حاجی مستەفا باس لەوە دەکات کە پرسی کورد لە کۆنفرانسی برۆکسلدا بەردەوام گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، "بەڵام کێشەکە ئەوەیە بەرپرسیارێتی ئەو کۆنفرانسە تەنیا لەسەر شانی وڵاتێک نییە تاوەکو بڕیاری لەبارەوە بدات، بەڵکو بەرپرسیاریەتییەکە دابەشبووە بەسەر هەموو ئەو وڵاتانەی گرێدراوی پرسی سووریان و تەنانەت رژێمی ئەسەد و خۆشمان بەرپرسیاریەتیمان لە ئەستۆدایە."
لە کانوونی یەکەمی 2015 بڕیاری ژمارە 2254ی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسندکرا کە نەخشەڕێگەی چارەسەریی سیاسی و ئاشتییانەی ململانێی سووریا لەخۆدەگرێت و بڕیارنامەکە داوای ئاگربەست، چارەسەری سیاسی، دەستوورێکی نوێ و هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد بۆ سووریا دەکات.
بە گوتەی بەڕێوەبەری رێکخراوی چاڤ، لە ساڵی 21015ەوە دۆخی سووریا گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە و دەڵێت: "ئێستا رژێم وەکو ئەو کات نەماوە؛ گۆڕانکاری بەسەر ئۆپۆزیسیۆنی سووریاشدا هاتووە؛ هێزی نوێ دروستبوون و سێ حکومەت لە سووریادا هەن؛ بۆیە ئەو بڕیارنامەیە لەگەڵ دۆخی ئێستای سووریا ناگونجێت، بەڵام من بە باشی نازانم بڕیارێکی نوێ دەربچێت."
فارووق حاجی مستەفا دەڵێت: "ئەو بڕیارانەی لەبارەی سووریا دەردەچن، تێیاندا هاوسەنگی لەنێوان هەموو وڵاتانی پەیوەست بە پرسی سووریا دەپارێزرێن، بۆیە وا باشە کار لەسەر بڕیاری 2254 بکرێت، واتە دەستوورێکی نوێ بنووسرێتەوە و هەڵبژاردنێک بەگوێرەی دەستوورە نوێیەکە بکرێت، جگە لەمە پێم وا نییە هەر بڕیارێکی دیکە بدرێت، بتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت."
لە دوو ساڵی رابردوو بەشێک لە وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی سووریا ئاسایی کردوەتەوە، وەک ئیمارات. بە گوتەی فارووق حاجی، "سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا دەدەن، پەیوەندییەکانیان لەسەر بنەمای بڕیاری 2254 رێکخستووە."
بەڕێوەبەری رێکخراوی چاڤ گوتی: "وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران هەوڵ دەدەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەتی سووریا رێکبخەن؛ هاوکات وڵاتانی ئەورووپاش بەجۆرێک لە جۆرەکان پاڵپشتی لەوە دەکەن بۆ ئەوەی تا رادەیەک حکومەتی سووریا لەژێر هەژموونی رووسیا دەربازبکەن و ئەمە بۆ پاشەڕۆژی سووریا بە باش دەزانن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ