یونسکۆ: 70٪ـی ئەو رۆژنامەڤانانەی کار لەسەر ژینگە دەکەن رووبەڕووی هەڕەشە و پەلاماردان دەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە نوێترین راپۆرتیدا یونسکۆ رایدەگەیێنێت، 70٪ـی ئەو رۆژنامەڤانانەی کە لە جیهاندا کار لەسەر ژینگە دەکەن، رووبەڕووی هەڕەشە، پەلاماردان و گوشار دەبنەوە.
رۆژی هەینی، 3ـی ئایاری 2024، رێکخراوی پەروەردە و زانست و کولتووری سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان- یونسکۆ لە راپۆرتێکیدا هۆشداری لە زیادبوونی تووندووتیژی دژ بەو رۆژنامەڤانانە دا، کە لە بواری ژینگە و کەشوهەوادا کار دەکەن.
یونسکۆ لە راپۆرتەکەیدا باس لەوە دەکات، راپرسییەکییان لەنێو زیاتر لە 900 رۆژنامەڤان لە جیهاندا کردووە و لە هەر پێنج رۆژنامەڤانێک دووانییان گوتوویانە رووبەڕووی تووندووتیژی بوونەتەوە.
لەنێوان ساڵی 2009 تاوەکو ساڵی 2023، بەگوێرەی یونسکۆ، لانیکەم 749 رۆژنامەڤان و دامەزراوەی میدیایی کە کاریان لەسەر ژینگە کردووە "رووبەڕووی کوشتن، تووندووتیژی جەستەیی، دەستگیرکردن و هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی بوونەتەوە".
لەو 749 پێشێلکارییەی کە یونسکۆ باسییان لێوە دەکات، زیاتر لە 300ـیان لەنێوان ساڵانی 2019 تاوەکو 2023 روویانداوە.
لەبارەی کوژرانی رۆژنامەڤانانیش، یونسکۆ رایگەیاندووە لە 15 ساڵی رابردوودا لانیکوم 44 رۆژنامەڤان کە کاریان لەسەر ژینگە کردووە، کوژراون.
هەر لە راپرسییەی کە یونسکۆ کردوویەتی، دوو لەسەر سێی رۆژنامەڤانان ئاماژەیان بەوە کردووە، لەکاتی کارکردندا رووبەڕووی سانسۆر بوونەتەوە و رێگرییان لێکراوە بەئازادی کارەکانیان بکەن.
هەروەها 45٪ـی رۆژنامەڤانانیش گوتوویانە لەکاتی کارکردن لەسەر بوارەکانی تایبەت بە ژینگە و کەشوهەوا وایان بەباش زانیوە کە خۆیان سانسۆر بکەن و دەرنەکەون: "ئەوەش بەهۆی ئەوەی ترسیان هەبووە لەوەی هێرشیان بکرێتەسەر".