ئەمریکا لە هێرشە درۆنییەکەی سەر کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا بەگومانە
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوی هێرشە درۆنییەکە بۆ سەر کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کریملین) لە مۆسکۆ، رووسیا هەر زوو ئۆکراینییەکانی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد و رایگەیاند ئامانجەکە پووتین بووە، لەبەرامبەردا ئەمریکا بەگومانە و دەڵێ جارێ راستییەکان دیار نین.
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیا گوتی "دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کریملینیان کردە ئامانج، بەڵام لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی هێزە تایبەتەکانمان لە رێگەی سیستمی راداری جەنگییەوە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان تێکشکێندران. سەرۆک پووتین لە کاتی هێرشە درۆنییەکەی ئۆکراینا، لەنێو کریملین نەبوو، ئەو سەرقاڵی کاری رۆژانەی بوو لە ماڵەکەی خۆیدا لەناوچەی نۆڤۆ ئۆگریاڤۆ لە نزیک مۆسکۆ".
رووسەکان دەڵێن هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. لە دوای رووداوەکەش فڕینی درۆن لە ئاسمانی مۆسکۆ قەدەخەکرا.
ئۆکرایناش رەتیدەکاتەوە هێرشەکە لەلایەن ئەوانەوە ئەنجامدرابێت. میخائیلۆ پۆدۆلیاک، راوێژکاری سەرۆکایەتیی ئۆکراینا گوتی "سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکەی سەر کریملین، هەموو شتەکان روونن، بەڵام من هەرچۆنێک بێت روونکردنەوە دەدەم؛ بێگومان ئۆکراینا هیچ پەیوەندی بەو هێرشەوە نییە، لەبەرئەوەی هیچ بەهایەکی سەربازی لەو جۆرە هەنگاوانەدا نییە".
هەر زوو رووسەکان هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەیان کرد، بەڵام ئەمریکییەکان بە گومانەوە دەڕواننە هێرشەکە.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند "راپۆرتەکانم بینیوە و ناتوانم پشتڕاستیان بکەمەوە و بەڕاستی هیچی لەبارەوە نازانین. دووەم خاڵیش ئەوەیە هەر شتێک لە کریملینەوە بێت، دەبێ بەگومانەوە تەماشای بکەین، با چاوەڕێ بکەین و بزانین راستییەکان چین و زەحمەتە قسە لەسەر ئەو رووداوە بکەین، بێ ئەوەی راستییەکان بزانین".
کۆشکی کریملین ئاشکرای کرد سەرەڕای هەوڵی کوشتنی، بەڵام پووتین لە پلانیدایە بەشداری لە رێوڕەسمی نمایشی سەربازیی رۆژی سەرکەوتن بکات، کە بڕیارە نۆی ئەم مانگە لە مۆسکۆ بەڕێوەبچێت.