سێ هەفتە شەڕی نێوخۆ و 'قۆرخکاریی بازرگانان' نرخی خۆراکیان لە سوودان بەرزکردووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

لە بازاڕی ئومدورمان لە نزیک خەرتوومی پایتەختی سوودان کاڵا و شمەکە سەرەکییەکان گران بوون؛ هۆکارەکەش بە گوتەی بەشێك لە هاووڵاتییان؛ شەڕی نێوخۆیی و قۆرخکاریی بازرگانانە.
 
محەممەد ئیسماعیل، هاووڵاتیی سوودانییە و دەڵێت: "نرخی کاڵاکان بەرزبوونەتەوە و ناتوانین شمەکە سەرەکییەکان بکڕین. بازرگانەکان بازاڕیان قۆرخ کردووە، کاڵاکان ئەمبار دەکەن بۆ ئەوەی بە گران بیان فرۆشن."
 
شەڕ پێی ناوەتە حەفتەی سێیەم و تاوەکو دێت گرانی زیاتر دەبێت؛ نرخی بەشێک لە کاڵاکان بە رێژەی 70٪ بەرزبوونەتەوە؛ بۆ نموونە ئارد؛ پێش شەڕ نرخی یەک کیلۆ بە دۆلارێکی ئەمریکی بوو؛ ئێستا بۆ نزیکەی دۆلارێك و 70 سەنت بەرزبووەتەوە.
 
موسعەب عورابی، هاووڵاتیی سوودانە و دەڵێت: "دوو حەفتە لەمەوبەر نرخەکان ئاسایی بوون؛ بەڵام ئێستا بەرزبوونەتەوە. خەڵک لە ترس و نیگەرانیدا دەژین. بازرگانان بارودۆخەکە دەقۆزنەوە و بازاڕیان شێواندووە."
 
هۆکاری دیکەی بەرزبوونەوەی نرخەکان ناسەقامگیریی ئەمنی و گرانیی سووتەمەنییە کە گواستنەوەی کاڵاکانی قورس کردووە و بازاڕەکانی تووشی قەیرانی کەمیی خۆراک و شمەکە سەرەکییەکان کردووە.
 
موستەفا حەموودە، فرۆشیارە و دەڵێت: بەهۆی شەڕەوە ناتوانین شمەک بکڕین. هەموو شتێك گران بووە، خەڵکیش ناتوانن پێداویستییە سەرەکییەکانیان بکڕن.
 
تاوەکو ئێستا 7 ئاگربەست راگەیێندراون؛ بەڵام چەندین جار لە لایەن سوپا و هێزی پشتیوانییەوە پێشێلکراون؛ بۆیە تادێت نیگەرانییە ئەمنییەکانی خەڵکی زیاتر و نرخەکانیش گرانتر دەبن.