کرێملین: شکستمان بە هەوڵێکی تیرۆرکردنی پووتین هێنا

03-05-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مۆسکۆ دەڵێت، دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئۆکراینایان خستووەتە خوارەوە کە هەوڵیانداوە بۆ تیرۆرکردنی ڤیلادیمیر پووتین کۆشکی کرێملین بکەنە ئامانج.
 
کۆشکی کرێملین لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، شەوی رابردوو هەواڵگریی رووسیا و سوپاکەیان هەردوو فڕۆکەکەیان بە ئاسمانی کرێملین تەقاندووەتەوە و دووپاتیشی دەکاتەوە ڤیلادیمیر پووتین لەو هێرشەدا هیچ زەرەر و زیانێکی بەرنەکەوتووە.
 
کرێملین بەرپرسیاریێتیی هێرشەکە دەخاتە ئەستۆی ئۆکراینا و دەڵێت، "رووسیا بە مافی خۆی دەزانێت لە کات و شوێنی گونجاو وەڵامبداتەوە."
 
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی رووسیا، هێرشەکە شەوی رابردوو بە دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆسەر کۆشکی کرێملین کراوە، بەڵام ئەوکاتەی هێرشەکە کراوە، ڤیلادیمیر پووتین لە ئۆفیسی خۆی نەبووە. دەشڵێت، بەهۆی ‌هێرشەکەوە پووتین خشتەی کارەکانی نەگۆڕیوە و لەسەر پلان و بەرنامەکانی بەردەوامدەبێت.
 
ئەم پەرەسەندنە هەستیار و مەترسیدارە لەکاتێدایە، زیاتر لە ساڵێک بەسەر هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا تێدەپەڕێت و بەگوێرەی میدیای بەریتانی، 17٪ـی خاکی ئۆکراینا ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی رووسیا دایە.
 
لە ماوەی شەڕ و پێکدادانەکاندا چەندین جار بە مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و بۆمبی تەوقیتکراو هێرشکراوەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی رووسیا، بەتایبەتی ناوچە سنوورییەکان، بەڵام ئۆکراینا بەرپرسیاریێتیی زۆربەی هێرشەکانی رەتکردووەتەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-05-2023، لە هێرشێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەواندا کۆگەیەکی نەوت لە نزیک گوندی ڤۆلنا لەسەر دەریای رەش تەقێندرایەوە کە تەنیا 10 کیلۆمەتر لە پردی کێرچەوە دوورە کە ڤیلادیمیر پووتین بۆ بەیەکەوە لکاندنی رووسیا بە هەرێمی کرێمیا درووستیکردووە.
 
لە یەک و دووی ئایاری ئەمساڵ دوو شەمەندەفەری گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی بریانسک لە نزیک سنووری ئۆکراینا تەقێندرانەوە و پەڵە دووکەڵێکی رەشی بە ئاسمانی ناوچەکە بڵاوکردەوە، رووسیا گرووپەکانی نزیک لە ئۆکراینای بە هێرشەکە تۆمەتبارکرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە