سەرۆکوەزیرانی نیوزلاند هاوسەرگیری لەگەڵ باوکی منداڵەکەیدا کرد

03-05-2019
نوێنەر فاتيح @NwenarFatih
نیشانەکردن نیوزلاند
A+ A-

رووداو-هەولێر

سەرۆکوەزیرانی نیوزلاند، جاسیندا ئاردیرن، ئەڵقەی دەستگیرانیی لەگەڵ کلارک گەیفۆردی دۆستی گۆڕییەوە، کە ماوەیەکی زۆرە پەیوەندیان پێکەوە هەیە و باوکی منداڵەکەشیەتی.


گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی نیوزلاند رایگەیاند، ئاردیرن و گەیفۆرد لە پشووی جەژنی هەستانەوە لە شارۆچکەی ماهیا دەستگیراندارییان ئاشکراکرد و وردەکاری زیاتر لە چەند رۆژی داهاتوودا لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە بۆ میدیاکان بڵاودەکرێتەوە.

گەیفۆرد پێشکەشکاری بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنییە کە تایبەتە بە راوکردن، ئاردیرنیش دووەم سەرکردەی هەڵبژێردراوی جیهانە لە مێژوودا کە لەکاتی سەرۆکایەتیدا منداڵی دەبێت. سەرۆکوەزیرانی نیوزلاند و گەیفۆرد منداڵێکی کچیان هەیە بەناوی ئیڤ، تەمەنی 10 مانگە.

ئاردیرنی تەمەن 38 ساڵ بووە جێی بایەخی جیهان بەهۆی شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ رووداوی هێرشی سەر دوو مزگەوتەکەی کرایست چێرچ لە 15ی ئاداری رابردوو، کە لە ئەنجامیدا 51 کەس کوژران. لەو کاتەوە ئاردیرن رۆڵی هەبوو لە سنووردارکردنی فرۆشتنی چەک لە وڵاتەکەی.

مانگی رابردوو، گۆڤاری تایمزی ئەمریکی جاسیندا ئاردیرنی لە لیستی 100 کاریگەرترین کەسایەتی ساڵی 2019 دانا، سەرۆکی شارەوانی لەندەنیش بۆ گۆڤاری تایمز دوا و گوتی" سەرکردایەتی ئاردیرن لەپاش هێرشەکە ئیلهامبەخشبوو و پەیامێکی بەهێزی نارد کە ناوەڕۆکەکەی ئەوەبوو، ئەوانەی هەوڵدەدەن دابەشمان بکەن هەرگیز سەرکەوتوو نابن".

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە