رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەنگاریا دەڵێت، چیدیکە ئەندامی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان نییە، ئەوەش دوای سەردانەکەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دێت بۆ ئەو وڵاتە کە لەلایەن دادگەکەوە داواکراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 3ـی نیسانی 2025، ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسی: "هەنگاریا لە دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان دەچێتە دەرەوە. حکومەت رۆژی پێنجشەممە بەگوێرەی یاسا دەستوورییەکان، رێکارەکانی کشانەوە پێشکێش دەکات."
هەر وڵاتێک بیەوێت لە دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان بکشێتەوە، دەبێت ساڵێک پێش ئەوە بە فەرمی نامەیەکی دەستلەکارکێشانەوە پێشکێشی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات.
بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا دوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ ئەو وڵاتە دێت کە یەکەم سەردانییەتی بۆ ئەورووپا لە ساڵی 2023ـەوە.
لە تشرینی دووەمی رابردوودا دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەریەک لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل؛ یواڤ گاڵانت، وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسماعیل و سێ بەرپرسی باڵای حەماس دەرکرد کە دووانیان ئیسماعیل هەنییە و یەحیا سینوار، سەرۆکانی پێشوو و پێشووتری مەکتەبی سیاسیی حەماس بوون.
دادگەکە بەرپرسە ئیسرائیلییەکانی بەوە تۆمەتبار کرد کە 8ـی ئۆکتۆبەری 2023 تاوەکو 20ـی ئایاری 2024، تاوانی دژی مرۆڤایەتییان ئەنجام داوە.
دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان 124 وڵات تێیدا ئەندامن و لە ئەگەری گەشتکردنی ئەو کەسانەی کە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە بۆ ئەو وڵاتانە، دەتوانن بڕیارەکە جێبەجێ بکەن و داواکراوەکە دەستگیربکەن.
رۆژێک داوای بڕیاری دادگەکە، هەنگاریا بە فەرمی نەتەنیاهووی بانگهێشتی وڵاتەکەی کرد.
سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا دەڵێت، بڕیارەکەی دژی نەتەنیاهوو "دەستوەردانە لە ململانێیەکی بەردەوام.. بۆ مەبەستێکی سیاسی."
جگە لە هەنگاریا، ئەڵمانیاش دڵنیایی داوە لەوەی کە نەتەنیاهوو دەتوانێت سەردانی ئەو وڵاتە بکات و بڕیارەکەی دادگە جێبەجێ ناکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ