رووداو دیجیتاڵ
لە لیستی ئەو وڵات و ناوچانەی حکومەتی ئەمریکا پێناسی گومرگی خستوونەتە سەر، دوورگەی هێرد و دوورگەی ماکدۆناڵد هەن کە سەر بە ئوسترالیان و تەنیا پەنگوینیان تێدا دەژی.
رۆژی چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێناسی گومرگی بەسەر هەموو کاڵایەکدا سەپاند کە هاوردەی ئەمریکا دەکرێت و رایگەیاند، چیدیکە رێگە بە وڵاتان دیکە نادەن لەسەر حسابی ئەمریکا خۆیان دەوڵەمەند بکەن.
ترەمپ بە رێژەی 10٪ پێناسی گومرگی خستووەتە سەر ئەو کاڵایانەی دوورگەکە هەناردەی ئەمریکایان دەکەن، ئەوە لەکاتێکدایە هەردوو دوورگەکە ناوچەی بەستەڵەکین و کەس تێیاندا ناژیت.
دوو دوورگەکە بە دوورترین شوێنی سەر زەوی دادەندرێن و تەنیا دەتواندرێت لە کەناراوەکانی رۆژئاوای ئوسترالیاوە بە کەشتی گەشتیان بۆ بکرێت و گەشتەکەش دوو هەفتە دەخایێنێت.
دوورگەی هێرد و دوورگەی ماکدۆناڵدز چوار هەزار و 100 کیلۆمەتر لە باشووری ئوسترالیاوە دوورن.
هەرچەندە دوورگەکان شوێنی تایبەت بە ماسیگرتنیان تێدایە، بەڵام هیچ باڵەخانە و شوێنێکی نیشتەجێبوونیان تێدا نییە.
جگە لەو دوو دوورگەیە، ئەمریکا پێناسی گومرگی خستووەتە سەر دوورگەیەکی دیکەی ئوسترالیاش کە بە دوورگەی نۆرفۆک ناودەبرێت و ژمارەی دانیشتووانەکەی دوو هەزار و 188 کەسە.
دوورگەکە لە ساڵی 2023 بەبەهای 655 هەزار دۆلار کاڵای هەناردەی ئەمریکا کردووە و بەرهەمی سەرەکی دوورگەکە چەرمی پێڵاوە.
ئەنتۆنی ئەلبەنیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا لەبارەی پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا گوتی: "دوورگەی نۆرفۆک 29٪ پێناسی گومرگی خراوەتە سەر. دڵنیا نیم لەوەی کە دوورگەکە کێبڕکێکاری بازرگانی ئابوورییە زەبەلاحەکەی ئەمریکا بێت، بەڵام ئەمەش ئەوە دەردەخات کە هیچ شوێنێکی سەرزەوی لەدەست پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا سەلامەت نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ