رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا بە رێژەی 39٪ پێناسی گومرگی بەسەر بەرهەمە عێراقییەکاندا سەپاند. راوێژکاری ئابووری و دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، ئەو بڕیارە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر عێراق نابێت، چونکە عێراق هیچ کاڵایەکی هەناردەکراوی بۆ ئەمریکا نییە تاوەکو پێناسی گومرگی بەسەردا بسەپێندرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ـی نیسان، د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی و ئابووری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا نەوت و گاز ناگرێتەوە، ئەمەش بەو مانایە دێت کە کاریگەری ئەو هەنگاوە بۆ سەر عێراق سفر دەبێت، چونکە عێراق هیچ کاڵایەکی دیکەی هەناردەکراوی بۆ ئەمریکا نییە تاوەکو پێناسی گومرگی بەسەردا بسەپێندرێت".
بە گوتەی ئەو راوێژکارەی سوودانی، "هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق بۆ ئەمریکا ساڵانە 5 ملیار دۆلار تێناپەڕێنێت، بازاڕی ئەمریکاش بۆ عێراق لاوەکییە بەراورد بە بازاڕەکانی چین و هیندستان، کە نزیکەی 70٪ـی نەوتی عێراقی بۆ ئەو دوو وڵاتە هەناردە دەکرێت."
لەبارەی هاوردەکردنی کاڵا ئەمریکییەکانەوە بۆ عێراق، د. مەزهەر محەممەد ساڵح ئاماژەی بەوە کرد: "عێراق 90٪ـی کاڵا و پێداویستییە مەدەنییەکانی لە تورکیا، هیندستان، چین، ئیمارات و بەشێکی وڵاتانی ئەورووپا هاوردە دەکات. ئەمریکا وەک هاوبەشێکی زۆر لاوەکییە بەراورد بە هاوبەشە ئاسیایی و ئەوروپییەکان، لە هاوردە و هەناردەدا."
ئەو راوێژکارەی سوودانی دەڵێت، ئەو رێککەوتنە ستراتیژییەی لە ساڵی 2008 لەنێوان عێراق و ئەمریکادا کراوە وایکردووە هەمیشە عێراق سەلامەت بێت لە سزا قورسەکانی ئەمریکا.
رۆژی چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ، پێناسی گومرگی بەڕێژەی 10٪ بەسەر هەموو کاڵایەک سەپاند کە هاوردەی ئەمریکا دەکرێت.
بەپێی ئەو داتایەی دۆناڵد ترەمپ لە دەستیدابوو و بڵاوی کردەوە، عێراق 78٪ پێناسی گومرگی لەسەر کاڵا و کەلوپەلی ئەمریکی داناوە بۆیە ئەمریکاش پێناسی گومرگی بۆ 39٪ بەرزکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ