رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی فەرەنسا بە رووداوی راگەیاند، پێویستە حکومەتی نوێی سووریا کار بۆ دابینکردنی پێداویستی خەڵکی وڵاتەکەی بکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هیواخوازن دیالۆگی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا بەردەوام بێت.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی فەرەنسا لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی سووریاوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێویستە ئێستا حکومەتی نوێ ئەو پابەندییانە جێبەجێ بکات کە لەلایەن بەرپرسانی دەسەڵاتی راگوزەری سووریاوە دراون"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە حکومەتەکە لە ئاست "چاوەڕوانی و پێداویستییەکانی خەڵکی سووریا" دابێت.
29ی ئاداری 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا حکومەتی نوێی وڵاتەکەی راگەیاند. حکومەتەکە لە 23 وەزارەت پێکدێت و بەشێکی پێکهاتەکانی وڵاتەکە، لەوانە کورد و دروزەکان تێیدا بەشدار نین.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکەی فەرەنسا گوتیشی: "هیواخوازین ئەو دیالۆگەی رۆژی 10ی ئادار لەنێوان دەسەڵاتی راگوزەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەسیپێکرد، بەردەوام بێت".
رۆژی 10ـی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر رێککەوتنێکیان واژۆ کرد.
رێککەوتنەکە لە 8 خاڵ پێکدێت. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێکی دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا.
لە رێککەوتنەکە دا هاتووە: "کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتیی مافی هاووڵاتیبوونی دەکات و هەموو مافە دەستوورییەکانی بۆ دابین دەکات."
سەرچاوە دیپلۆماسییە فەرەنسیەکە ئاماژەی بەوەش کرد: "فەرەنسا پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێکردنی قۆناخێکی راگوزەری سیاسیی گشتگیر و ئاشتییانە کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووری بکات و گەرەنتی مافەکان و پاراستنی هەموو سووریاییەکان بێ رەچاوکردنی ئایین، نەتەوە و رەگەز بکات دووپاتدەکاتەوە"؛ جەختی لەوەش کردەوە، فەرەنسا "ئامادەیە بۆ پاڵپشتیکردنی دەسەڵاتی سووریا لەو هەوڵەدا".
8ـی کانوونی یەکەمی 2024، گرووپە چەکدارەکانی ئەو کاتی سووریا کە دیارترینیان دەستەی تەحریری شام بوو دەسەڵاتی ئەسەدیان رووخاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ