گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکانی میانمار گەیشتە زیاتر لە سێ هەزار کەس

03-04-2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دەسەڵاتی سەربازیی میانمار دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی بوومەلەرزە بەهێزەکەی هەفتەی رابردوو گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە سێ هەزار و 85 کەس. ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە چوار هەزار و 715 کەس.
 
زاو مین توو، گوتەبێژی دەسەڵاتی سەربازیی میانمار لە راگەیێندراوێکدا دوایین ئاماری گیانلەدەستدان و بریندارانی بوومەلەرزەکانی هەینیی رابردووی بڵاوکردەوە و گوتی، هێشتا 341 کەسیش بێسەروشوێنن. 
 
ئەو گوتەبێژەی دەسەڵاتی سەربازیی میانمار ئاماژەی بەوەش کرد، هەزار تۆن یارمەتیی مرۆییان لە 17 وڵاتەوە پێگەیشتووە. 
 
هەرچی بوومەلەرزەکەی تایلاندە، بەرپرسانی ئەو وڵاتە رایانگەیاندووە، ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بۆ 22 کەس بەرزبووەتەوە و 72 کەسیش بێسەروشوێنن. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، زیاتر لە 28 ملیۆن دانیشتووی میانمار لە شەش ناوچەی ئەو وڵاتە کاریگەریی بوومەلەرزەکەیان بەرکەوتووە و 12 ملیۆن دۆلاریشی وەک هاوکاریی مرۆیی بۆ ئەو وڵاتە تەرخان کردووە. 
 
رۆژی هەینی 28-3-2025 دوو بوومەلەرزە بە گوڕەکانی 7.7 پلە و 6.4 پلە بە پێوەری رێختەر لە میانماریان دا. 
 
حکومەتی میانمار پێشبینی دەکات ژمارەی قوربانییان زیاتر بێت، چونکە گەڕان بەدوای بێسەروشوێنان بەردەوامە. 
 
میانمار وڵاتێکی ئاسیاییە و هاوسنووری تایلاند، بەنگلادیش، چین و بووتانە؛ دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا.
 
میانمار یەکێکە لەو وڵاتانەی بوومەلەزەی زۆری تێدا روودەدەن. هەرچەندە لەسەر هێڵی بوومەلەرزە نییە، بەڵام تەنیا لەنێوان ساڵانی 1930 تاوەکو 1956، شەش بوومەلەرزە بەگوڕی 7 پلە و زیاتر وڵاتەکەیان هەژاندووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە