رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا رایگەیاند زیاتر لە سێ ملیۆن و 200 هەزار ئۆکراینی کە لەو ناوچانەی ژێر کۆنترۆڵی رووسیادا دەژین، پاسپۆرتی رووسییان وەرگرتووە.
ڤلادمیێر پووتین، سەرۆکی رووسیا، رۆژی چوارشەممە لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆی رووسیا کۆبووەوە، لە گوتارێکدا رایگەیاند ئەوانەی تازە دەبنە هەڵگری وڵاتینامەی رووسیا، دەبێت رێز لە بەهاکانی وڵاتەکە بگرن.
سەرۆکی رووسیا گوتی "زیاتر لە سێ ملیۆن و 200 هەزار کەس لە ناوچەکانی کۆماری میللیی دۆنێتسک و لۆهانسک و لە هەرێمەکانی ژاپۆریژیا و خێرسۆن، پاسپۆرتی رووسیای فیدراڵیان بۆ دابینکراوە."
پووتین هەروەها گوتی "پرەنسیپەکە ئەوەیە؛ تەنیا ئەو کەسانە وڵاتینامەیان پێدەدرێت کە رێز لە دابونەریت، زمان، کولتوور و مێژوومان دەگرن و دەتوانن لە رووسیا کار بکەن و بژین. دەبێت لەسەر ئەو بنەمایە، وڵاتینامە بدرێت."
مانگی ئەیلوولی 2022، واتە حەوت مانگ دوای هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر خاکی ئۆکراینا، لە گشتپرسییەکدا، رووسیا هەریەک لە ناوچەکانی دۆنێتسک، لۆهانسک، ژاپۆریژیا و خێرسۆنی بە خاکی خۆیەوە لکاند، هەنگاوێک کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە رەتکرایەوە.
بەگوێرەی ئاماری ئۆکراینییەکان، لانیکەم 8 ملیۆن و 900 هەزار ئۆکراینی لەو چوار ناوچەیە دەژین، بەڵام لەماوەی دوو ساڵی جەنگەکەدا، بە هەزارانیان بۆ ناوچەکانی دیکەی ئۆکراینا یان دەرەوەی وڵات هەڵاتوون.
مانگی ئابی 2022، بە فەرمانی پووتین، بڕیاردرا سەرجەم ئەو ئۆکراینیانەی لەو ناوچانەی ژێر کۆنترۆڵی رووسیا دەژین، وڵاتینامەی رووسیایان پێبدرێت، بەڵام بەگوێرەی هەمان فەرمان، ئەوانەی ئەو بڕیارە رەتدەکەنەوە، رووبەڕووی سزا و دیپۆرتکردنەوە دەبنەوە.
هەروەها بەگوێرەی ئەو یاسایەی پووتین واژۆی لەسەر کردووە، ئەو ئۆکراینییانەی وڵاتینامەی رووسی وەردەگرن و تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 25 ساڵانە، دەچنە ریزی سوپای رووسیاوە.
لە کۆتایی ساڵی رابردوودا، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر هەوڵەکانی مۆسکۆ بۆ بەزۆر پێدانی وڵاتینامەی رووسیا بە ئۆکراینییەکان راگەیاند.
نەدا شەریف، جێگری کۆمیسیاری ئەنجوومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ، رایگەیاند "ئەوانەی پاسپۆرتی رووسی رەتدەکەنەوە، رووبەڕووی چەندین ئاڵۆزی و سزادان دەکرێنەوە و رێگەنادرێت دەستیان بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و چاودێری تەندروستی و بیمەی کۆمەڵایەتی بگات. هەروەها ئەوانەی پاسپۆرتی رووسی رەتدەکەنەوە، مەترسی زیندانیکردنیان لەسەرە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ