رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لەبارەی هەڵوێستی وڵاتەکەیان لە کێشەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل و جەنگی شەش مانگەی غەززە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند ئەوان داوای دەستبەجێ راگرتنی شەڕ دەکەن. داواش لە لایەنەکان دەکەن، بگەڕێنەوە سەر رێگەی چارەسەری سیاسیی لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەتی.
رۆژی چوارشەممە، 3ـی نیسانی 2024، وانگ ویبین، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی رۆژانیدا، لە وەڵامی پرسیاری مەهدی فەرەج، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە پەکین، سەبارەت بۆچوونی و نیگەرانییەکانی سەرکردایەتیی چین لە بەرامبەر قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رایگەیاند "هەمیشە هەڵوێستمان لەسەر پرسی ململانێی فەلەستین و ئیسرائیل روون بووە. داوا لە هەموو لایەنەکانی ململانێکە دەکەین؛ بڕیارنامەکانی 27 و 28ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ بکەن و دەستبەجێ شەڕ رابگرن."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین هەروەها گوتی "دەبێت لایەنەکان هەموو هەوڵێک بدەن بۆ دوورکەوتنەوە کردنە قوربانیی خەڵکی بێتاوانی مەدەنی و، بگەڕێنەوە سەر رێگەی دروستی چارەسەری سیاسی بۆ پرسی فەلەستین، لەسەر بنەمای دوو دەوڵەتی، بە زووترین کات."
رۆژی 25ـی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە کۆی دەنگ پڕۆژەبڕیارێکی هاوبەشی رووسیا، چین و وڵاتانی عەرەبی بۆ داواکردنی ئاگربەستێکی دەستبەجێ و درێژخایەن لە کەرتی غەززە، پەسند کرد.
جەنگی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری پارەوە سەریهەڵدا؛ کاتێک بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکان و لانیکەم هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران و نزیکەی 250 کەسی دیکەش لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی فەلەستینەوە بە بارمتە گیران.
لە بەرامبەردا و لە وەڵامی ئەو هێرشانە، سوپای ئیسرائیل لەسەر زەوی و لە ئاسمانەوە کەرتی غەززەی کردووەتە ئامانج و تائێستاش هێرشەکان بەردەوامن، بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، نزیکەی 33 هەزار فەلەستینی کوژراون کە 80٪ـیان ژن و منداڵن.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین:
رووداو: ئایا سەرۆک شی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ سەرۆک بایدن، هیچ نیگەرانیی نیشاندا سەبارەت بە قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؟ بە لەبەرچاوگرتنی تێوەگلانی راستەوخۆی سەربازی و ئابووریی ئەمریکا و چین لە ناوچەکەدا؟
وانگ ویبین، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین: هەمیشە هەڵوێستی ئێمە لەسەر پرسی ململانێی فەلەستین و ئیسرائیل روون بووە. داوا لە هەموو لایەنەکانی ململانێکە دەکەین کە بڕیارنامەکانی 27 و 28ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ بکەن و دەستبەجێ شەڕ رابگرن. هەموو هەوڵێک بدەن بۆ دوورکەوتنەوە لە کردنە قوربانیی خەڵکی بێتاوانی مەدەنی و بگەڕێنەوە سەر رێگەی دروستی چارەسەری سیاسی بۆ پرسی فەلەستین لەسەر بنەمای دوو دەوڵەتیی بە زووترین کات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ