راپرسی؛ وێڕای دابەشبوونی سیاسی ئەمریکییەکان لەسەر بەها دیموکراسییەکان یەکدەنگن

 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمەڵگەی ئەمریکی لە رووی سیاسییەوە دابەشبووە، بەڵام بەها دیموکراسییەکان کۆیان دەکاتەوە، ئەوە ئەنجامی نوێترین راپرسییە. 
 
راپرسییەکە لەلایەن سەنتەری NORCـی ئاژانسی ئەسۆشیەیتید پرێسەوە کراوە کە تایبەتە بە توێژینەوە لەسەر سیاسەتی گشتی. بەپێی راپرسییەکە:
 
٪91ـی ئەوانەی بەشدارییان لە راپرسییەکە کردووە باوەڕیان وایە هەموو هاووڵاتییەک مافی دەنگدانی هەیە.
٪88یان باوەڕیان بە ژیانی تایبەتە.
٪84یان کۆکن لەسەر ئازادیی ئایینی
٪31ی ئەمریکییەکان باوەڕان وایە دیموکراسیی ئەمریکا کاریگەرە.
٪53 یان پێیانوایە دیموکراسی لاوازە و 14٪ـیشیان لەو باوەڕەدان ئەمریکا هیچ دیموکراسییەتێکی تێدانییە.
 
ئەمێلیا تۆمسن، شرۆڤەکارە و دەڵێت، "کاتێک دێیتە سەر سیاسەت، پێدەچێت کۆمەڵگەی ئەمریکی دابەش بووبێت، بەڵام ئەم راپرسییە نوێیە دەریدەخات زۆربەی ئەمریکییەکان سەبارەت بە بەها دیموکراسییەکانیان هاوڕان."
 
بە درێژایی مێژووی سیاسی 200 ساڵەی ئەمریکا، زۆربەی کۆمەڵگەی ئەمریکی لە رووی سیاسییەوە بەسەر هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتدا دابەشبوون، بە دەرکەوتنی لە گۆڕەپانی سیاسی بە گوتارە ئاگرییەکانیەوە، ترەمپ بووە یەکێك لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیاتر دابەشبوونی کۆمەڵگەی ئەمریکی، بە جۆرێك  زۆربەی بوارەکانی ژیانیانی گرتووەتەوە.
 
هێرشکردنە سەر کۆنگرێس لە سەرەتای 2021، دابەشبوونە سیاسییەکانی زەقتر کردووە. 
 
جێل وێمەر، هاووڵاتیی ئەمریکییە و لایەنگری بایدنە، دەڵێت: "من دیموکراتێکی سەرسەختم و پشتگیری لە سیاسەتەکانی بایدن دەکەم، ئەو مافەش بە خۆم نادەم لەبەر چەند کارێکی باشی ترەمپ، واز لە بایدن بهێنم و دەنگ بە ترەمپ بدەم."
 
نەیت ڤێنکەس، هاووڵاتیی ئەمریکییە و لایەنگری ترەمپە، ئەو دەڵێت، "هەست بە ئارامی ناکەم دەنگ بە کەسێكی دیکە بدەم جگە لە ترەمپ، ئەگەرچی دەشزانم ترەمپ هەڵەی هەیە و بە چەند کەیسێکیش تۆمەتبارە."
 
ئێستا زیاتر لە نیوەی ئەمریکییەکان دیموکراسییەتی وڵاتەکەیان بە لاواز دەبینن، 2 لەسەر 3ی ئەمریکییەکانیش پێیانوایە دیموکراسییەتی وڵاتەکەیان بەراورد بە 10 ساڵ لەمەوبەر، هەڕەشەی زیاتری لەسەرە.