سکرتێری ناتۆ: فینلاند لە 4ی نیسانەوە بە فەرمی دەبێتە ئەندامی ناتۆ

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی فینلاند و سکرتێری گشتیی ر‌ێکخراوی ناتۆ رایدەگەیێنن، لە رۆژی سێشەممە 04-04-2023وە فینلاند بە فەرمی دەبێتە ئەندامی ناتۆ.

رۆژی دووشەممە 03-04-2023 یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، "سبەینی سێشەممە فینلاند بە فەرمی دەبێتە ئەندامی ناتۆ و بەشداریی هەموو کۆبوونەوە و دەرکردنی بڕیارەکان دەکات."

هاوکات سەرۆکایەتیی فینلاندیش هەمان هەواڵی راگەیاندووە، بڕیارە لە رێوڕەسمی بوونە ئەندام لە ناتۆش هەریەکە لە ساولی نینیستۆ، سەرۆکی فینلاند؛ ئانتی کایکۆنێن، وەزیری بەرگی و پێکا هاڤیستۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە بەشداری بکەن. وەزیری دەرەوەی فینلاند رایگەیاندووە، "ساتەوەختێکی مێژووییە بۆ ئێمە."

لە کۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای سەرەکیی ناتۆ لە برۆکسلی بەلجیکا، سکرتێری گشتیی ناتۆ گوتی، "سەلماندمان بۆ پووتین کە دەرگای ناتۆ داخراو نییە و پێچەوانەی پێشبینییەکانی، فینلاند بووە ئەندامی ناتۆ."

یانس ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوەش کرد، "لە پەیوەندیداین بۆ خێراکردنی پرۆسەی ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ و پێشبینی دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا ئەوە رووبدات."

سکرتێری ناتۆ ئەوەشی خستەڕوو، رۆژی 4ی نیسان هەموویان پێکەوە ئاڵای فینلاند لە بارەگای سەرەکیی رێکخراوەکە لە برۆکسل هەڵدەدەن، "ئەوە رۆژێکی باش بۆ ئاسایشی فینلاند، ئاسایشی وڵاتانی باکووری ئەوروپا و ئاسایشی هەموو ناتۆ دەبێت."

رێکخراوی ناتۆ لە 30 وڵاتی ئەندام پێکدێت و فینلاند دەبێتە 31مین ئەندام. بەگوێرەی بڕگەی 5ی پەیماننامەی ناتۆ کە لە ساڵی 1949دا واژۆ کراوە، "هەر هێرشێك بکرێتە سەر ئەندامێکی ناتۆ، بە هێرشی سەر هەموو ئەندامەکانی دادەنرێت و دەبێت هەموو ئەندامەکانی وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە."